ئاوڕێك لە مێژوو، رامانێك لە ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

د. ڤیان سلێمان
هەر كات یادی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەكەینەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئایدیا و بیری مرۆڤدۆستانەی سەركردەی شۆڕش و رابەری رۆحیی نەتەوەی كورد (بارزانی نەمر) لە گرینگیدانی بە پرسی ئافرەت وەك دۆزێكی مرۆڤایەتی، هەر لەو چوارچێوەیەیشدا بە ئامانجی ئەوەی شۆڕشی نەتەوەكەمان شۆڕشێك بێت لە پێناو مرۆڤایەتی و لە پاڵ خەباتی نەتەوەیی هەوڵدان بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە و یەكسانیی رەگەزی، بنەما سەرەكییەكانی بن و شۆڕشەكەیش لە نێو گەلانی دونیادا ناووبانگی شاییستەی هەبێت، لە ١١/١٢/١٩٥٢ بڕیاری دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانی دا .
لەدایكبوونی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە كاتێكدا بووە كە سەرەڕای ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی و چەوسانەوەی نەتەوەیی لەناو خودی كۆمەڵگەی كوردستانیش جیاكاریی رەگەزی بەرانبەر ئافرەت پیادە دەكرا و ئافرەت لە سەرەتاییترین مافەكانی بێبەش دەكرا، كە ئەمەیش باری ئەم رێكخراوەی قورستر و رێگەكانی گەییشتن بە ئامانجی ئەستەمتر دەكرد، هەر بۆیە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە كاتێكدا بوو بە ئەو ئۆرگانەی كە ئافرەتان لە رێگەیەوە بەشدارییان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەكرد، لە هەمان كاتدا بوو بە دەروازەیەك بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی ئافرەت و بنەمایەك بۆ بزووتنەوەی ئافرەتان لە باشووری كوردستان.
یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بە درێژایی دەیان ساڵی مێژووی خەباتی كە ئەمساڵ پێ دەنێتە شەستوسێ ساڵەوە، رووبەڕوو بووەتەوە لەگەڵ رەوتی پارێزكارانەی كۆمەڵگە و چەندین ئاستەنگی دیكە، بەڵام یەكێتیی ئافرەتان درێژیی ساڵەكان و زۆریی ئاستەنگەكان هێزی زیاتریان پێ بەخشیوە، یەكێتیی ئافرەتان سەرباری ئەوەی كە بە رێكخراوی دایك دادەنرێت لە بواری داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت، لە ئێستایشدا دامەزراوەیەكی فراوانە و سەرپەرشتیی چەندین بەش و ئۆرگانی دیكە دەكات، وەك رادیۆیەكی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت و پەیمانگایەك بۆ لێتوێژینەوە لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان و گۆڤارێكی هزری و مۆزەخانەیەك بۆ نماییشكردنی جلوبەرگی رەسەنی ئافرەتی كورد.
دونیابینیی ئەم رێكخراوە خۆی لە كاركردن بۆ ئافرەتانی كوردستاندا دەبینێتەوە بە بێ هیچ جیاوازیكردنێك لە چۆنیەتیی بیركردنەوە و پابەندیی حیزبی، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كار دەكات لەسەر چەند ئامانجێكی گرینگ و ئیشكردنی بۆ ئەم ئامانجانە وەك بنەمایەكی كاركردن لە كاری رێكخراوەیی پەیڕەو دەكات لەو بنەمایەنەیش بەشداریی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی كورد و هاوهەڵوێستی لەگەڵ دۆزی نەتەوە، كاركردن بۆ باشكردنی دۆخی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت و دەسكەوتی یەكسان بۆی لە چوارچێوەی كۆمەڵگەدا.
تێگەییشتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ پرسی ئافرەت بە شێوەیەكی گشتی و لەو چوارچێوەیەیشدا ئەو توندوتیژی و جیاكاریانەی كە بەرانبەر ئافرەت دەكرێت، بەو شێوەیە كەوای دەبینین ئەم پرسە تەنیا پێوەست نییە بە ئافرەتەوە، بەڵكە پرسێكی ، دۆزی ئافرەت پێویستە لە سەرەتاوە پێداچوونەوەی بۆ بكرێ و لە خێزانەوە دەست پێ بكات، چونكە لە خێزانەوە تێگەییشنە سەرەكییەكان و پرۆسەی پێگەیاندنی تاك دەست پێ دەكات، جیهانبینیی هەموو تاكێك لە جیهانبینیی خێزانەكەیەوە دەست پێدەكات، لەبەر ئەمەش رێكخراوەكەمان كاری لەسەر خێزان چڕ كردووەتەوە و وەك چەمكێكی سەرەكی بۆ كاركردن لێی دەڕوانێت، كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە چەمكی ئاشتەوایی لەناو خێزانەوە بڵاو بكەینەوە و دواتریش ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بە دەست بێنین لە بارودۆخێكی لەم شێوەیەیشدا زەمینە لەبار دەبێت بۆ كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و هاوسەنگ و بنیاتنراو لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یەكسانیی رەگەزی.
یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بڕوای تەواوی بە یەكسانیی هەردوو رەگەز هەیە و هیچ جیاوازییەكی لەسەر بنەمای رەگەز لا پەسەند نییە، لەم چوارچێوەیەیشدا رێكخراوەكەمان وەك بواری كاركردنی خۆی هەوڵی داوە بۆ راستكردنەوەی دیدگای كۆمەڵگە بۆ تواناكانی ئافرەت و دروستكردنی متمانەی كۆمەڵایەتی بە ئافرەت، بۆ ئەمەیش لەسەر دوو تەوەر كاری كردووە لەلایەكەوە لەسەر رەگەزی بەرانبەر بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی بیركردنەوەی لە شێوازی كلاسیكەوە بەرەو بیركردنەوەی پێشكەوتووخوازانەی هاوچەرخ، لە لایەكی دیكەوە كاركردن لەسەر خودی ئافرەت كە ئەمەیان قورسایی و سەنتەری كارەكانمانە و بە میكانیزمی جیاواز كارمان كردووە لەسەر رۆشنبیركردنی ئافرەت و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لە ناویاندا و تێگەیاندنیان لەوەی كە بە چ جۆرێك هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان، بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵمان داوە زەمینەیەكی لەبار و گونجاو لەناو ژینگەی كۆمەڵایەتیدا بخوڵقێنین بۆ ئەوەی كۆمەڵگە لەبار بێت بۆ وەرچەرخان بەرەو پێشكەوتن.
كارمان كردووە لەسەر ئەوەی ئافرەت لە روووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە رۆڵی هەبێت، بەمەیش پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری هەبێت لەم چوارچێوەیەیشدا هەموو هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی ئافرەت كاریان بۆ بدۆزرێتەوە لە رێگەی كردنەوەی خولی پیشەیی، لە لایەكی دیكەیشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەت هەوڵی تەواومان داوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی یاسایی بۆ ئافرەت و دانانی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی چەندین دەقی یاسایی هەروەها گوشارمان دروست كردووە بۆ ئەوەی دامودەستگا حكوومییە تایبەتمەندەكان رۆڵی خۆیان ببینن لە بەسزاگەیاندنی ئەوانەی توندوتیژی و تاوان بەرانبەر ئافرەت دەكەن.
ئەمە لە كاتێكدا كە بەردەوام پێشوازی لەو ئافرەتانە دەكەین كە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و هەوڵی چارەكردنی كێشەكانیان دەدەین لە رێگای نێوانگیری و یاسایی، لە بواری راگەیاندندا وێڕای چالاكی و دەركەوتنەكانمان لە دەستگا راگەیاندنەكانی دیكەدا، رێكخراوەكەمان خاوەنی دەزگای نووسراو و بیستراو ئەلیكترۆنیی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیەتی.
لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی رێكخراوەكەمان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەگەڵ هێزێكی تاریكپەرست و دژەژیان لە شەڕدایە، لەم هەلومەرجەیشدا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رۆڵی شاییستەی خۆی بینی بە چەندین شێواز، كارەكانی رێكخراوەكەمان و مێژووی رێكخراوەكەمان ناكرێت لە چوارچێوەی وتارێك ئاماژەی پێ بكرێت، بەڵكە ئەمە چەند سەرەقەڵەمێكە لەسەر ئامانجەكانی دروستبوونی و گرینگترین كارەكانی و میكانیزمی كاركردنی، لەم یادەدا سڵاو بۆ ئەو خانمانەی كە لە رۆژگارە سەختەكاندا لە نێو ئەم رێكخراوەدا سەركەشانە رووبەڕووی نەریتە دواكەوتووەكانی كۆمەڵگە بوونەتەوە و درێژەیان بەم كاروانە داوە، ئەوانەیش كە ئێستا بەردەوامیی پێ دەدەن، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەرگیز لە تێكۆشان ناوەستێ و هەر لە رێگەیە بۆ هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی یەكسان بۆ ئافرەت.




