حاجی ئۆمەران... لە مانگی رابردوو (80) هەزار كەس گەشتیان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران كردووە

لە (10) مانگی رابردوو هاموشۆی گەشتیاری لە رێگەی دەروازەی نێو دەوڵەتی حاجی ئۆمەران-تەمەرچین، لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووەو هۆ كارەكەشی بۆ دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دۆلارو دیناری عێراقی دەگەرێتەوە و كە چوونی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان زیاتربووە لە هاتنی گەشتیاری ئێرانی.
لەم بارەیەوە نەقیب زرار حوسێن بەرێوەبەری نیشینگەو پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران بە (kdp.info) راگەیاند: لە مانگی رابردوو هاموشۆی گەشتیاری بەرزترین رێژەی تۆمار كردووە، كە نزیكەی (80) هەزار كەس لە رێگەی دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران سەردانی ئێرانیان كردووە و بە پێچەوانەشەوە.
هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی گەشتیاریشی بۆ ئەوە گێرایەوە كە هەم توومەنی ئێرانی داشكانێكی بەرچاوی بە رامبەر دۆلاری ئەمریكی و دیناری عێراقی بەخۆیەوە بینیوەو گەشتیارێكی زۆر لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن و هەمیش لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە (20) هەزار كەس گەشتیان لەو سنورە ئەنجام داوە.




