٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دادگا لە سەرووی سازانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

سازان و رێككەوتنی سیاسی لە سرووشتی ژیان و پەیوەندییە سیاسییەكاندان و هەبوونیان بۆ راگرتنی پارسەنگ و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی، هەروەها بۆ دابینكردنی سەقامگیریی یاسا و دامەزراوەكان زۆر پێویستن.


لەم چوارچێوەیەدا لێبووردنی سیاسیش رەوایە مادەم ئەو ئامانجانە بە دی دێنێ. بەڵام نابێ سازان و رێككەوتن یان لێبووردنی سیاسی ببنە جێگرەوەی لێبووردنی یاسایی.

واتە نابێ لێبووردنی سیاسی لێپرسینەوە و دادگاییكردنی یاسایی ئیلغا بكات مەگەر بە بڕیارێكی پەرلەمان و مەرسومێكی سەرۆكایەتی. كەواتە لێبووردنی سیاسی بۆئەوەی شەرعییەتی یاسایی وەرگرێ دەبێ بدرێتەوە دەسەڵاتی گەل، چونكە مافی گشتی تێدایە. ئەمەیش لە رێی پەرلەمانەوە و بە مەرسومێكی سەرۆكایەتی دەكرێ.


ئێستا كەیسی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئارادایە و گەرمە. لەلایەك هەن دەڵێن نەوشیروان مستەفا تاوانەكانی كوشتارگەی پشتئاشان و قڕناقەی لە ئەستۆ ماوە بە هەمان لۆژێكی پێك ناكۆكی نێوان لێبووردنی سیاسی و لێبووردنی یاسایی، لەلایەكی تریشەوە كەیسی تۆمارە دەنگییەكەی هاتۆتە سەر، كە باسی تێكدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات و پلانی تەقەكردن لە کونسڵخانەكان و رفاندنی ئەندازیارانی كۆمپانیا بیانییەكان ئاشكرا دەكات.


بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی، نابێ ئەوەندە بێ منەت بن لە راستی و دروستی جووڵاندنی دۆسییەی دادگایی كردنەكە. ناشبێ لەو بڕوایەدابن ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێ تەنیا بۆ فشاری سیاسییە و راگەیاندن زەقی دەكاتەوە، بۆیە ئەوانیش هەڵمەتی راگەیاندنی خۆیان راناگرن و تەنانەت ئیستیجابەیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی راگەیاندنی پارتی نەبوو كە زیاتر لە مانگێكە هیچ كارێكی نەكردووە بچێتە خانەی هەڵمەتی دژی ئەوان.


ئەو هەڵمەتەی راگەیاندن كە جگە لە تەلەفزیۆنەكەی بزووتنەوەی گۆڕان که‌ی ئێن ئێن و کۆمه‌ڵێ ده‌زگای ڕاگه‌یاندن بە خەستی تێیدا بەشدارن، ستراتیژێكی هەڵەیە بەرامبەر بە كەیسی دادگاییكردنی نەوشیروان مستەفا. چونكە ئەو دۆسێیە جووڵێنراوە و تەنیا خواستێكی ناوخۆیش لەسەر جووڵانەكەی نییە بەڵكو مەودایەكی فراوانتری وەرگرتووە بەو ئیعتیبارەی كە هەڕەشەكە بۆسەر کونسڵخانە و سەرمایەگوزارانی بیانییە لە هەرێمی كوردستاندا. بەشداری راگەیاندنەكان و هەندێ نووسەر بۆ سپی كردنەوەی ئەم پارە رەشە و هێنانەوەی پاساو بۆی ئەوانیش تێوە دەگلێنێ لە دادگاییكردنەكەدا.


بە واتایەكی دیكە، ژیانی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی كوردستان لەسەر یەك هێڵ كاردەكەن كە ئەوەی لە ژیانی سیاسیدا روودەدات تەنیا لەوێدا تەواو نابێ، بەڵكو دەكرێتە دۆسییە و كەیسی یاسایی. لە یاسایشدا جگە لە مافی كەس و حزبی دیاریكراو مافی گشتیش هەیە كە لە دەسەڵاتی گەلە دەستبەرداری بێ یان سوور بێ لەسەر بەدیهێنانی. لە كەیسی نەوشیروان مستەفادا، جگە لە مافی گشتی خەڵكی كوردستان مافی وڵاتان و كۆمپانیا و كەسانی بیانیشی تێدایە. بۆیە كەیسێكە زۆر لەوە گەورەترە كە بە هاشوهووشی چەند دەزگایەكی راگەیاندن راگیرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار