نەیارانی دەوڵەت لە بواری فیکریدا

عوسمان عەلی وەیسی
لە دیدی فیکرییەوە، ئاڕاستەیەکی میژوویی – فەلسەفی هەیە کە بوونی دەوڵەت یان دەسەڵات بۆ ئاسودەیی گەل و تاک بە پێویست نازانێت و، لە بەرانبەردا مژدەی ئەوە دەدات کە دەوڵەت کۆتایی پێدێت و لە واقیعیشدا دەسڕدرێتەوە.
لە دنیای فەلسەفەی یاسادا (پەیوەست بە بابەتەکەمانەوە) ئەوانە بە دژەپۆزەتیڤیزم ناسراون و، بیرۆکەکانیان لە فەلسەفە جۆراوجۆرەکانەوە وەردەگرن کە جیاوازی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، لە دیارترینیان فیختە، سان سیمۆن، برودۆن، مارکس، تۆڵستۆی و... هتد.
ئەم ئاڕاستە ناوەزعیانە (دژەپۆزەتیڤیزم) لە یاسادا، ئاڕاستەی دژەدەوڵەتن (anti - state)و، باوەڕیان بەوە نییە کە پێویستییەکی زیندەییە و نەتوانرێت دەستبەرداری ببین، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێیان وایە دەوڵەت ئامرازێکی چەوساندنەوە و ستەمکارییە دژ بە ئازادیی مرۆڤ. هەر بۆیە دەڵێن: دەبێ دەوڵەت نەمێنێ و مرۆڤ لە پابەندبوون و ملکەچبوونی بۆ دەوڵەت ئازاد ببێت.
ئەم ئاڕاستە فیکرییە کە مژدەی کۆتاییهاتن و سڕینەوەی دەوڵەت دەدات، لە هەمان کاتدا خەون بە بەهەشتێ دەبینێ کە لە سەر زەوی مرۆڤەکان بە ئاشتی دەژیێن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە یاسا بێت حوکمیان بکات.
رەواقیەکانی یۆنانییەکانیش پێشەنگ بوون لەم باسەدا و، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بیرۆکەیە لە وەختێکەوە بۆ وەختێکی تر سەری هەڵداوهتەوه و، ئەم کوردستانەی لەمەڕ خۆیشمان لەسەر دەستی لایەنێکی سیاسی یا زیاتر دەرخواردی گەنج و کوردستانیان دەکرێت و، بە ناوی مرۆڤدۆستییەوە و! تەجاوزکردنی قۆناغی ناسیۆنالیزم و! توڕهەڵدانی دەوڵەت – نەتەوە پەخش دەکرێت و، بەڵام خودا و میللەتی کورد لییان قبووڵ ناکات.
فەیلەسوفی ناوداری ئەڵمانیایی فیختە، دەیگوت: دەوڵەت دامەزراوەیەکە لەسەر ستەمکاری و فەرزکردن هاتووهتە ئارا، وردە وردە بزر دەبێ، بە هێواشی و لەسەرخۆ، بەبێ ئەوەی پێویست بە بەکارهێنانی هێزی تووندوتیژی بکات لە دژی بەکار بێت، چونکە دەوڵەت بێسوود و بێکەڵکە.
فەلسەفەی دژەدەوڵەتی فیختە، کاریگەریی زۆری لە سەر بیرمەندانی تری وەک سان سیمۆن و برۆدۆن و مارکس دانا، بە پێچەوانەی فیختە، بڕۆدۆن کە دژەدەوڵەتە، شۆڕشگێڕ و تووندوتیژی بوو، پێی وابوو (بڕۆدۆن لە دیارترین فەیلەسوفانی ئەنارشیستە) حکوومەت خۆی لە خۆیدا ئاژاوەگێڕییە.
دوای ئەوەی کە دەوڵەت کۆتایی دێت، ئەوا کۆمەڵگە لە میانەی گرێبەست لە نێوان تاکەکاندا خۆی رێک دەخات و، برۆدۆن دەیگوت: ئێمە گرێبەستەکان لە جێگای یاسا دادەنێین، هەروەک ئەو باس و خواسە خۆسەریەی کە لە بەرگێکی موزەییەفدا، لەژێر چەتری کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، گوایە چارەسەری کێشەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین لە مۆریتانیا تا بەنگلادیش دەکات.
بێگومان کاڕڵ مارکس لە بڕۆدۆن کەمتر شۆڕشگێڕتر نەبوو، ئەو رادەگەیێنێ کە: دەوڵەت بە هۆی موڵکداریی تایبەتەوە دێتە ئاراوە، هەر بۆیە لە رێگەی دەوڵەتەوە ئەندامانی چینی باڵادەست بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دێننە دی.
بێگومان دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە لە قۆناغی یەکەمی پێشکەوتنی مێژوییدا، کە لێرەدا مەبەست قۆناغی شۆڕشگێڕییە، بیرکردنەوەی مارکس بیرکردنەوەیەکی وەزعییە و هیچ گومانێک هەڵناگرێ و، دەڵێت: ئامانجی راستەوخۆی شیوعییەکان، دەستگرتنە بە سەر دەسەڵاتدا لە رێگەی پڕۆلیتاریاوە. بەڵام نەمانی دەوڵەت تەنها لە ئایندەدا دیتە دی، کاتێ هەموو شێوەکانی دەسەڵاتگرتن و زاڵبوون نامێنن و، کاتێ یەکسانیی راستەقینە لە نێوان خەڵکدا دێتە دی و، خەڵک تێربوونی بۆ هەموو پێداویستییەکان دەستەبەر دەکات و، بە کورتی کاتێ بەهەشت لە سەر زەوەی دێتە دی.
ئەو بیرمەندانەی ناویان هات و هیی تریش، کۆکن لە سەر بیرۆکەی دژەدەوڵەتی، ئەمانەش ئاراستەی جۆراوجۆریان هەیە و، هەریەکەش پاساوی خۆی دەخاتە ڕوو.
بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی و مێژووی کوردستان و ناوچەکە ئەوەمان پێدەڵێت: سیستەمی کاری هاوبەشی نێوان گەلان و دیموکراسیەت و بەیەکەوەژیان، پێویستە بۆ بەرژەوەندیی گەل و نەتەوەکان بێتە دی و کۆششی بۆ بکرێت، بەڵام دەوڵەت کارەکتەری سەرەکیی کارکردنە و کوردیش تەنها لە رێگەی دەوڵەتبوونەوە دەتوانێ خواست و ئامانجە ژیاریەکانی بە دی بێنێت، ئەمەش دەخوازێ کە ساڵی دووهەزار و شازدە، ساڵی دامەزراندن و بە سیستەماککردنی دەوڵەتی کوردستان بێت.
پەیوەست بەو ئاڕاستانەی پشتگیریی دەوڵەت دەکەن، لە هەر فەلسەفەیەک بیروباوەڕیان هەڵبهێنجن، دەوڵەت وەک ئەوە دابنێین کە زەرورەتێکی ئەخلاقییە و پرهنسیپی دادپەروەری و یاسای سرووشتی دەیخوازێت، یان پرسێکی واقیعییە و ئەزموون و مێژوو پەسندیان کردووە، یان پێداویستییەکی بایۆلۆژییە و سرووشتی ژیان فەرزی دەکات، یان وای دابنێین کە چارەسەری کێشەی نەتەوە و گەلانە... هتد، ئەوا خاڵێکی هاوبەش هەیە کە دەوڵەت کۆمەڵگەیەکە یاسای تێدایە، بێ دەوڵەت بوونی یاسا ئەستەمە، یاسایش بێ دەوڵەت نییە، کەواتە دەوڵەتداری، بوونی کیانی سیاسی، بوونی کۆمەڵگای سیاسی... خاڵی دەستپێک و وەرچەرخانە لە ژیانی ئەو گەل و نەتەوانەی مەبەستیانە بە ئازادی گوزارشت لە ئیرادەی خۆیان بکەن.




