بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەگەر هیچیت ناوێ ئەی چیتان دەوێ؟

زكری مووسا
ساڵح موسلیم سەرۆكی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلحەیات، جەختی لەوە كردووەتەوە كە سیاسەتی حزبەكەی لەسەر بنەمای چارەسەرێكی سیاسیی وەهایە، كە ڕێگە لە دابەشبوونی سووریا بگرێت و دژی بەرپابوونی كیانێكی كوردییش كار دەكەن و، ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە لەو سیاسەتەدا و لە پاراستنی سووریا لەهەموو حزبێكی تری سووریا ڕاستگۆترن.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی پەیەدە كە لە ئاستی ئیعلامیدا خۆی بە نوێنەری كوردەكانی سووریا زانیوە، مایەی نیگەرانیی گەلی كوردستانە. موسلیم ئەوە باش دەزانێ سەرچاوەی نەهامەتییەكانی گەلی كورد لە سووریا بە شەریكنەزانینی كورد بووە لەناو دەوڵەتی سووریادا. سووریا دەوڵەتێكی قەڵپی بەزۆر لێكێندراوە كە لە ڕێگەی تۆقاندن و تیرۆر و خۆسەپاندن و نادیتەگرتنی ناسنامەی گەلی كورد و چەوساندنەوەی پێكهاتەكانی ترهوه، درێژەی بە ژیانی پڕ لە كارەساتی خۆی داوە. ئەوەی موسلیم داوای دەكات هەمان داوا و سیاسەتی ڕژێمی ئەسەد و نەیارانی گەلی كوردە.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر موسلیم و پەیەدە كیانێك بە كورد ڕەوا نەزانن، ئەدی بە دوای چیدا وێڵن؟ حزبێك پشتگیری لە كڵێشە كلاسیكییەكەی دەوڵەتە سەركوتكارەكەی ئەسەد بێت، چۆن دەبێتە جێگەی هیوای گەلی كورد و پشتی پێ دەبەسترێت؟
لە ماوەی دەستەڵاتدارییە بەزۆر سەپێندراوەكەی پەیەدە لە ڕۆژئاوا و، ئەو هەماهەنگی و ڕێككەوتنانەی پەیەدە لەگەڵ ئەسەد و نەیارانی تری گەلی كوردستان هەیبووە، تەنانەت یەك ڕێككەوتنی سیاسییش لەنێوان پەیەدە و ئەسەد و مالیكی و نەیارانی تری كورد مۆر نەكراوە كە باسی دواڕۆژی گەلی كورد لە سووریادا بكات. ئەوەی هەیە ڕێككەوتنی هەواڵگری و سەربازی بووە لەگەڵ ئەم شوێنانە. پەیەدە بەبێ ئەوەی ڕێككەوتنێكی سیاسیی هەبێت لەسەر دۆزی گەلی كورد، تەنیا پارە و چەكی لە ئەسەد و مالیكی و نەیارانی تری گەلی كورد وەرگرتووە. بۆیەشە سرووشتیشە ئەو هەڵوێستەی ساڵح موسلیم ڕێك ئەو شتە بێت كە ڕژێمەكەی ئەسەد و نەیارانی گەلی كوردستان داوای دەكەن.
دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دامەزراندنی كیانێكی كوردی لە سووریا و پێكهاتەی سووننە و عەلەوی و مەسیحییەكان و دورزییەكان، جا لە چوارچێوەی فیدڕاڵی بێت یان كۆنفیدڕاڵی، تەنیا ڕێگەیە بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ و كاولكاری و بەدبەختییەكانی گەلانی سووریا كە ڕژێمەكەی ئەسەد هۆكاری سەرەكیی بووە.
ئەم هەڵوێستەی موسلیم ناڕاستە و زیان لە دۆزی ڕەوای كورد دەدات. جگە لەوەیش دوودڵی لای دۆستانی گەلی كورد دروست دەكات كە لایەنگری ئەوەن گەلی كورد لە سووریا بە مافەكانی شاد ببێت. حزبەكەی موسلیم كە دژی كیانی كوردییە لە دۆسیەی دیموكراسیی ڕۆژئاوای كوردستان و مافەكانی مرۆڤیش فەشەلی هێناوە. هەموومان دەزانین ئەو دەستەڵاتە سەركوتكارەی لەوێ بە یارمەتیی ڕژێمی ئەسەد بەرپا بووە، چۆن ئازادی و ژیانی كورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەكەی بەرتەسك كردووە. دروستكردنی سەرئێشە بۆ پێشمەرگە و خۆتێهەڵقورتاندنەكانی پەیەدە لە دەڤەری شنگالیش، هێندەی تر گومانەكان لەبەرانبەر نیەتی حزبەكەی موسلیم بەهێزتر دەكات. حزبێكی خۆبەسوورییاییزان چ كارێكی لە شنگال هەیە ئەگەر بە هاندان و ئیملای خەڵكی تر نەبێ؟ ئەگەر موسلیم و حزبەكەی كیانی نەوێت و سەربەخۆییشی گەرەك نەبێت و لە پیادەكردنی دیموكراسی و پابەندبوون بە بنەماكانی مافی مرۆڤیش تووشی شكست هاتبێت، ئەی بەڕاست چیان دەوێت؟




