بارزانی و فۆرمۆلا وەن
بهكر ئهحمهد ئاكۆ
هەر کە دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، هێزی پێشمەرگە، هێزی زەوینیی ئێمەن لە بەرەوڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعشدا لە عێراق، نەک هەر ئەندامانی دەوڵەتی یاسا، بەڵکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادییش وەک ئەوەی کێچ کەوتبێتە لەشیانەوە، هاتە دەنگ و، گۆڕانخوازە ناعەقڵانییەکانیشی بە قسەی پووچ هێنایە گۆ.
عەبادی پاش ئەو لێدوانەی دوو ڕۆژ پێشتری کامیرۆن گوتی، نابێ لە بایەخی سەرکەوتنی هێزەکانیان (هەڵبەتە دەبێ مەبەستی میلیشیاکانی شیعە بێ!) کەم بکرێتەوە کە لە بەرەکانی جەنگی دژ بە تیرۆردا بە دەستیان هێناوە، بەڵام هەرچی دەوڵەتی یاسایە، ئەم لێدوانە بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆ ناو دەبات و دەڵێن، نابێ قبووڵ بکرێ، چونکە ئەمە پشتیوانیی راستەوخۆی مەسعوود بارزانییە!، هەڵبەتە ئەم تەنگاوبوونەی عارەبی عێراق، تێگەییشتنە لەو ڕاستییەی کە، دۆزی کورد لە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەکەی وەک هێزێکی ڕێکخراو، وەها چووەتە پێش، خەریکە بە یەکجاری ئامانجەکانی دەپێکێ کە خۆی لە شەرعیەتپێدانی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە.
تا ئێرە ئاساییە؛ عێراقییەکان چ دەڵێن با بیڵێن و دەزانین ئەوان کوێیان دێشێ. گرینگ ئەوەیە پێشمەرگە کە لە واقیعدا تاکە هێزە توانیویەتی پاشەکشە بە تیرۆر بکات و، لە ناوچە کوردستانییەکان وەدەری بنێ و ئوستوورەی داعش بشکێنێ، کە فەرماندە گشتییەکەی کە هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕتر بکاتەوە، تا لە وا دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ قەیراندا کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێ، دواپێشهاتەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا کە بە ئیماراتی عەرەبی دەستی پێ کردووە و، سعوودیایش لەخۆ دەگرێ کە نەک هەر گەورەهێزی ئیقلیمییە، بەڵکە لەسەر ئاستی دونیایش لە یەکلاکردنەوەی پرسگەلیکدا ڕۆڵی کاریگەری هەیە و، نزیکەی نوێنەرایەتیی ڕای عارەب دەکات، بخاتە بەر باسەوە.
ڕاستیێکی حاشاهەلنەگرە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ وڵاتانی کەنداو، بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەیە کە بە ئەمەریکا و ئەورووپا دەستی پێ کرد و، بە هۆیانەوە ڕوانگای وڵاتگەلێکی گۆڕیوە کە بە ئاشکرا لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندان لەمێژ نییە بارزانی لە دواسەردانیدا بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی و باڵادەستەکانیدا، ڕاشکاوانە پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانی خستە سەر مێزی گفتوگۆکانی و، بە شاهێدیی شاندی یاوەری کە فرەڕنگ بوو، ئەو پشتیوانییەی بە دەست هێنا کە پێویست بوو. کاتێکیش کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە ڕێی بارزانییەوە بە گوێی دونیایدا چرپاند و، وڵاتانی ناوچەکەی ئێمەیشی ڕاچڵەکاند کە گوتی، "هەموومان دەوڵەتی کوردستان دەبینین." ئاخر مێدیای چەواشەکاری حزبی گۆڕان چاک دەزانێ، سەربەخۆیی کوردستان بەر بە قەڵەمڕۆیی زیاتری چ هێزێکی ئیقلیمی دەگرێ بۆیە بە پیلانە گێرەشێوێنییەکانی دەیەوێ نێوماڵی کورد تێک بدا و دۆخی هەرێمی کوردستان بشێوینێ. گۆڕان لە سەروبەندی ئەم هەنگاوە گرینگانەدا، گۆبەندێکی نایەوە کە دواجار بە زیانی خۆیان تەواو بوو.
لە وەڵامی گەوجاندندا بیرتان بۆ ئەوە دەبەینەوە کە، سەرۆکێک لەوەتەی شەڕی تیرۆر هەیە، دەگمەن نەبێ، دەنا هاوسەنگەری پێشمەرگە بووە و، لەپێناو دۆست و پشتیوانی پەیداکردنیش نەبێ، کوردستان جێ ناهێڵێ. بهڵام با وایدابنێین بارزانی داوهت كرابێ و چووبێته وهها پێشبێڕكێیهكیشهوه كه جێ بایهخی وڵاتێكی وهك ئیماراته و، سهرنجی زۆر وڵات و كهسایهتیی جیهانییشی به لای خۆیدا كێش كردووه، بڵێی له پهراوێزیدا باس و خواسی سیاسی، ئابووری و ئهمنیی ناوچهكهیش له ئهجێندای سهردانهكهیدا نهبێ؟.




