بیرمان نەچێ، ئێمە ئەوان نین

زكری مووسا
ئازادكردنی شنگال وێڕای ئەوەی گورزێكی كوشندەی سەربازی و ستراتیژیی بوو كە لە داعش درا، تۆڵەكردنەوەیش بوو لەم دوژمنە دڕندەیە. تۆڵەكە وەك سلووكی نەیارانی گەلی كوردستان نامرۆڤانە نەبوو، بەڵكو بەپێی یاساكانی جەنگ و تاكتیكەكانی شەڕ بوو. ئەم سەركەوتنە پێگەی گەلی كوردستانی لە ئاستی جیهانیدا هێندەی تر بەرز كرد.
لەمەیش گرینگتر ئازادكردنی شنگال، گەڕاندنەوەی خاكی دزراو بوو لە چنگی دوژمن. ئەم وەرگرتنەوەیە شەرعییەتێكی ئەبەدیی هەیە، چونكە بە قوربانیدان و خوێنی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان وەرگیرایەوە. ساڵی پارە دەڤەری ڕەبیعە و زوممار و چیای شنگال ئازاد كران و بەهۆیەوە ئێستا شنگال بەشێكی دابڕاو نییە لە كوردستان و، سێ ڕێگای سەرەكیی ئازادكراو، شنگال بە كوردستان دەبەستێتەوە. كێشانی سنوور و وەرگرتنەوەی خاك هەنگاوێكی یەكلاییكەرەوەیە بۆ سەربەخۆیی. هەر ئەمەیشە نەیارەكانی كوردی تەنگاو كردووە. ئەوان دەزانن سەركەوتنی پێشمەرگە لە شنگال تەنیا سەركەوتنێكی سەربازی نییە، سەركەوتنێكە سەربەخۆیی لەسەر بینا دەكرێت. شەڕپێفرۆشتنەكانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتو و پەلاماری بەرفراوانی میدیای عێراقی و عەرەبی و ئێرانی لە دژی سەرۆك و پێشمەرگە و سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان، پەرچەكرداری نەیارانە بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە و سەربەخۆیی.
پڕۆسەی هەڵكشانی كوردستان حەتمییە و بێ گەڕانەوەیە. ئەم هەڵكشانە لێوانلێوە لە بەهای بەرز. لەتەك ئەم هەستانەوەیهی كوردستاندا، پێشمەرگە بەرگریكاری مرۆڤایەتیشە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەهاكان و شەڕانگێزیدا، ئهوه پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی بەهاكانی مرۆڤایەتییە. بۆیە پەرچەكرداری ئێمە لەبەرانبەر جەهل و بەدەویبوونی دوژمن، دەبێ كوردانە و مەردانە بێت. ئێمە لە چەشنی نەیاری نەزان، تاریكبین نین و ئاڵا ناسووتێنین. ئەگەر وەك ئەوان بجووڵێینەوە ئەوە شەڕی بەهاكانمان دۆڕاندووە. گەلی كوردستان ئاشتیخوازە و خاوەنی بەهای بەرزی مرۆڤسالارانەیە. دەبێ وریا بین جووڵەی نكۆڵیكار و ناشرینی دوژمن بەرەو لاساییكردنەوەی بەها ڕەزاگراكانیان تاومان نەدات. ئێمە ئەوان نین و ئامانجی باڵای خۆمان هەیە. دوژمن داعش بێت یان حەشد، فاشی بێت یان خاوەنی پەتی سێدارە، ئەوە كەیفی خۆیەتی كە چەندە دڵڕەش و جاهیلە، گرینگ خۆمانین كە دەبێ بەهێز بین و دەست بە بەهاكانمانەوە بگرین و، بیرمان نەچێت ئێمەین شانازیی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستویەكدا، ئەو شانازییەی لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە خۆڕاگریی گەلەكەمان هاتووەتەدی.




