کوردستان جەستەی ههموومانه

ئهحمهد كانی
پارتی لە سەرەتای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان تا ئەوڕۆ، دەرگای کراوە بووە بۆ هەموو هەوڵ و هەنگاوێك، جا لە هەر لایەکەوە نرابێت بە ئاراستەی چارەسەرکردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ بنڕکردنی کێشەکان و ڕێگەگرتن لێیان.
بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ئەزموونی هەرێم و پارێزگاریکردن لە ئارامی کوردستان، پارتی زۆر واقیعانە مامەڵە لەگەڵ ئێستای کوردستان دەکات، بۆیەش پێی باشە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن نەك دەرەنجامەکانیان، ئەگەرنا ئەم جۆرە کێشانە بەردەوامییان دەبێت و قەت بەرۆکمان بەر نادەن.
پارتی نایەوێت کوردستان ببێتە کایەی تاقیکردنەوەی ئەجێندای حزبایەتی و دواتریش لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی حزبیانەدا، لەپێناو ئەجێندای بەحزبایەتیکردنی دەزگا ئیداری و دەستوورییەکانی هەرێمی کورستان و، شاردنەوەی ئەو ئەجێندایە لەژێر دروشمی جۆراو جۆر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حزبی، کە حەتمەن دەبێتە مایەی زیانگەیاندنێکی گەورە بە بەرژەوەندیی گشتی هەرێمی کوردستان.
گەڕانەوە بۆ ئەزموونێك کە سەرکەوتوو نەبووە هەڵەیەکی گەورەیە، دەبێت هەموومان ئەوەمان لەبەرچاو بێت.
پارتی وەکو هەموو ئەوانی تر ئەوە دەزانێت کە لەو قۆناغە گرینگ و هەستیارەدا، کوردستان لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی به تهبایی و یەکڕیزی هەیە و، پێویستە هەموو تواناکان کۆ بکرێنەوە. برینێکی کاریگەر لە جەستەی کوردستاندا هەیە کە ناتەباییە، ئەو برینە خۆمان دروستمان کردووە و هەر به خۆیشمان ساڕێژ دەبێت.
دەبێت لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین، کەس ئامادە نییە تاسەر بەس برینی ئەو نەشتەرە بدورێتەوە کە براکەی لێی دەدات، لانی کەم دەبێت بایی ئەوەندە هاوکاری بکرێت کە ئەو نەشتەرە، لە دەست براکەی دەر بهێنرێت.
دەبێت ئامادەیی هەبێت لە گۆڕینی عەقڵیەتی حزبی بۆ عەقڵیەتی دەوڵەتداری؛ کوردستان جەستەی هەموومانە، بزمار کوتین لەهەر بەشێکی ئەم جەستەیە بۆ ئێشاندنی یەکتر، زامدارکردنی ئەو جەستەیەیە؛ جا دەرەنجام تکانی خوێن لە هەر لایەك بێت، تکانی خوێنە لە جەستەی کوردستان کە هەموومان پێیەوە زامدار دەبین.




