ده‌كرێت خۆرئاوا به ئارامی بمێنێته‌وه؟

جه‌بار قادر
یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه پێویسته بورووژێندرێت ئه‌وه‌یه كه ئایا ده‌كرێت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئەو هەموو تیرۆر و تاقمە تیرۆریستانەی لێ بێت و، ناسه‌قامگیری باڵی به‌سه‌ردا بكێشێت، به‌ڵام خۆرئاوا بۆ خۆی بێوەی و سەقامگیر بێت؟
دیارە لەو 15 ساڵەی ڕابردوودا، تیرۆر له جیهاندا به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌رده‌كه‌وێت و، به‌رده‌وامیش به ناو و شێوازی جۆراوجۆر خۆی نوێ ده‌كاته‌وه و، سەقامگیریی دونیا به گشتی و، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به تایبه‌تی تێک داوە؛ نیگه‌رانییەکە ئه‌وه‌یه كه خۆرئاوا و به تایبه‌ت ئه‌ورووپا به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و خێرا به‌شدارییه‌كی كارایان نه‌بووه له بنەبڕکردنی تیرۆردا، بۆیه هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان به دوو ڕێگا بووه، یه‌كه‌م دوورخستنه‌وه‌ی تیرۆر له سنووری خۆیان، دووه‌م هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر له ناوچه‌كانی دیكه، به‌ڵام به ئەسپایی و له‌سه‌رخۆ و پچڕپچڕ، به جۆرێك كاردانه‌وه‌كان نه‌بوونه‌ته هۆی هه‌ڵته‌كاندنی ڕه‌گوڕیشه‌ی تیرۆر و له‌ناوبردنێكی یه‌كجاره‌كی.
ڕووداوه‌كانی ئه‌م دووایه‌ی فه‌ره‌نسا، لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی جیاجیای لێ ده‌كرێت، به‌ڵام كۆی خوێندنه‌وه‌كان له‌ناو بازنه‌یه‌كدا ده‌سووڕێنه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بوونی تیرۆر له عێراق و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه خۆرئاوا ناتوانێت وا بێوەی بۆ خۆی پاڵی لێ بداتەوە؛ به‌رده‌وامبوونی تیرۆر له هه‌ر جێگایه‌كدا بێت، دواجار مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر كۆی وڵاتانی دونیایه، به تایبه‌ت خۆرئاوا.
ئه‌وه‌ی ده‌بێت خۆرئاوا كاری له‌سه‌ر بكات بریتییه له:
یه‌كه‌م/ پێویسته به‌رپرسانی سیاسی و حكومی له خۆرئاوا، ئه‌و ڕاستییه‌یان زیاتر لا ڕوون بێت تا داعش و گرووپه تیرۆریستییه‌كان پێگه‌یه‌كی دیاریكراوی جیۆگرافییان له به‌رده‌ستدا بێت، زیاتر ئه‌وان ده‌توانن له‌وێوه پلانه تیرۆریستییه‌كانیان دابڕێژن و، ئاراسته‌یان بكه‌ن بۆ هه‌ر شوێنێك كه ئه‌وان مه‌به‌ستیان بێت، ئاخر ئه‌وان له مووسڵ و ڕه‌ققه‌وه پلانی هێرش بۆ سه‌ر فه‌ره‌نسا و، دواتر تێكشكاندنی گه‌وره‌ترین فرۆكه‌ی مه‌ده‌نیی ڕووسیا له میسر داده‌نێن و، تێكیشی ده‌شكێنن. بۆیه گرینگه ئه‌و ناوچانه‌ی كه گرووپه توندڕۆكانی لێ نیشته‌جێن و به ئاسانی حوكمی تێدا ده‌كه‌ن، به یه‌كجاری ئه‌م ناوچانه پاك بكرێته‌وه.
دووه‌م/ پشتگیریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و، پڕچه‌ككردنی به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو، چونكه تاكه هێزه كه له شه‌ڕی دژه تیرۆردا سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێناوه و توانیویه‌تی به‌ره‌نگاری تیرۆر ببێته‌وه و قوربانییەکی زۆریشی له‌م ڕێگه‌یه‌دا داوه.
سیێه‌م/ سه‌قامگیریی عێراق و به‌رجه‌سته‌كردنی مافی نه‌ته‌وه‌كان به گشتی و كورد به تایبه‌تی، خزمه‌تێكی باش به سه‌قامگیرکردنی ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌یێنێت، كورد ده‌توانێت به‌شێكی كاریگه‌ر بێت له سه‌قامگیرکردن و ئارامکردنەوەی ناوچه‌كه‌دا، بۆیه پشتگیریی ماددی و مه‌عنه‌ویی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ربه‌خۆبوونەکەیشی، گه‌وره‌ترین خزمه‌تە به جێگیركردنی ئارامی و درووستبوونی هێزێك كه دژی تیرۆر ده‌جه‌نگێت و، به‌شێكی كاریگه‌ریشە له ڕه‌وڕه‌وی پێشڤه‌چوونی مرۆڤایه‌تیدا.
ئێستاکە هه‌ژموونی گرووپی ئیسلامی توندڕۆ، ڕۆژ له دوای ڕۆژ به شێوه و شێوازی جیاجیا زۆر دەبێ و گەشە دەکا، كه ئه‌م گرووپانه گه‌وره‌ترین مه‌ترسین له‌سه‌ر گه‌شه‌ی دیموكراسی و به‌رفراوانكردنی ئازادییه‌كانن، بۆیه ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت هەڵچۆڕاندنی سه‌رچاوه ماددییه گه‌وره‌كانی ئه‌م گرووپانه‌یه، كه هۆكارێكی سه‌ره‌كیی به‌رده‌وامی و گه‌شه‌كردنیانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به مه‌ترسییەکی گه‌وره ناوزه‌د ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، كه نه‌هێشتنی داعش و تیرۆریستان نه‌بووبێته ئامانجی سه‌ره‌كی و كاری له‌پێشینه‌ی وڵاتانی خۆرئاوا، كاره‌ساتتر ئه‌وه‌ی كه هه‌وڵ بدرێت هه‌ر وڵاتێك ئه‌م گرووپه تیرۆریسته به ئامانجێك به كار بهیێنێت.
دواجار ده‌بێت خۆرئاوا ئه‌وه‌ی لا ڕوون بێت، تا تیرۆر له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ناو نه‌بات، زەحمەتە بتوانێت له ماڵی خۆیان له ئه‌ورووپا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی خۆرئاوادا به ئاسووده‌یی بژیێن، كه‌واته سه‌قامگیربوونی ئه‌و ناوچانه و له‌ناوبردنی تیرۆر به هێزێكی ڕێكخراوه‌وه، گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به سه‌قامگیریی خۆرئاوا ده‌كات.
گرینگه خۆرئاوا ڕاسته‌وخۆ پشتی کورد بگرێ تا سه‌ربه‌خۆ بن، چونكه تاكه هێزه كه ده‌توانێت به‌شێكی كاریگه‌ر بێت له پشتگیریكردنی خۆرئاوا بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر و سه‌قامگیرکردنی ناوچه‌كه.




