٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هێز و ئاڕاستە دیپلۆماسییەکان

سەرچاوە: KDP.info

خێڵان مام بەکر
کاتێک کە باس لە کایەکانى هەر کۆمەڵگایەک دەکەین، ڕاستەوخۆ بارگاویبوونێکى تایبەت بەو کۆمەڵگایە پێناسەکانى جوداتر و تایبەتمەتر دەکات. دەشێت کۆمەڵگایەکى خاوەن سنوور و ئارام، پیاوە خاوەن ئەقڵە گەورەکان تێهزرینیان لە چوارچێوەى خۆشگوزەرانى و زیاتر بە دووى غەریزە ونبووەکانى مرۆڤدا بگەڕێن، بەڵام لە کۆمەڵگایەکى وەک کوردستاندا، بە تەواوەتى پێچەوانە بووەتەوە؛ لە سەرەتاکانى دۆزینەوەى ڕێگاکانى بەرەو خۆبوون و خاکبوونداین، بۆیە پێناسەى گەورەپیاوان دەبێت خۆى لەو ئەقڵانە مەڵاس دابێت کە ڕێگاکانى ئەم ئامانجانە کامانەن و دەستپێک چییە؟. دەکرێت باس لەو تراژیدیایانە بکەین کە بەسەر کورددا وەک نەتەوە و کوردستان وەک خاک هاتووە، ئەوکات ناوێک دەبێتە هەڵگرى ئەو قەڵغانەى کە بە درێژایى بوونى کورد داکۆکى کار و پارێزەر بووە، ئەویش ناوى پێشمەرگە وەک دەستەواژە و پێشمەرگایەتى وەک پراکتیزماکردن دێتە بەر چاومان.
گەر ڕۆڵى مێژینەى پێشمەرگە بخه‌ینە بەر دیتگا، ئەوا لە بەرخۆدان و ئازایەتى زیاتر هیچى دیکە وەدى ناکەین. بە ئێستایشەوە بگرە کە جیهان سەرقاڵە بە لەناوبردنى دژەژینەکان کە خۆیان لەنێو وەها گرووپى سەیروسەمەره‌ى ئایینى و رۆحیانەتدا مەڵاس داوە، هەر لە قائیدەوە بگرە تا بە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش). ئایا ڕۆڵى پێشمەرگە لەم نێوەندەدا لە کوێى هاوکێشە جیهانییەکاندایە، بۆ ئەوەى بتوانین پێوەرگەلە دیپلۆماسى و سیاسییەکانى پێوە تەریب بکەین. ترافیکە دیپلۆماسییە سیاسى و سەربازییەکانى ئەم چەند ساڵەى هەرێمى کوردستان، سەلمێنەرێکى وەهایە کە ئەکتەرە سەرەکییەکەى ئەم ترافیکە، پێشمەرگەیە. چونکە لەکاتێکدایە کە کڵپەى تیرۆر لە ناوچەیەکدایە تاکە هێزێک کە جیهانى لە مەترسى پاراستبێت ئەو هێزەیە کە لە چوارچێوەى هێزى پێشمەرگەدا رێک خراوە، ئەم هێزە تەنها وەک هێزێکى سەربازیی مەشقپێکراوى جەستەى و زانستى نابینرێت، بەڵکو مەبدەئى نەتەوەیى و دووبارەنەبوونەوەى ئەوە تراژیدیانەى کە مێژووى کوردیان تەنیبوو دووبارە نەبنەوە، وەها هێزێکى بەم هێزە بەخشیوە کە تەنها مانەوەى ئاخەکەیان و ئازادییەکان بە مانەوەى خۆیان بزانن. هەر ئەمەشە وایکردووە کە هیچ هۆکارێک لە بەرخۆدان و پێش مەرگیان دوور بخاتەوە.
لێرەدا ناچینەوە سەر چۆنیەتیى سەرهەڵدانى ئەم گرووپە تیرۆریستە، ئەوەى لاى ئێمە مەبەستە هاتنە سەرخەتى وڵاتانى جیهان و، گرینگیدانیان بە ڕۆڵى پێشمەرگە لەم نێوەندەدا. گەر لە دیتگا دیپلۆماسى و سیاسییەکەوە لە حاڵەتەکان بنواڕین، ئەوا ئەو بەرژەوەندیگەلە سیاسییە و دیپلۆماسییە کە وەها ترافیکێکى دیپلۆماسى و سیاسیى نێو پایتەختى کوردانى هەژاندووە. ئەوەى کە جێگاى تێڕامانە، ئاکار و کردارەکەى پیشت ئەم سیاسەتەیە کە وه‌ها باوەڕییەکى لاى زلهێزان و وڵاتانى ناوچەکە چێ كردووه‌، کە کورد کارەکتەرێکى کاریگەرە لە نێو هاوکێشەکان و رێگاى بەرژەوەندییەکانى کوردیان واڵاتر کردووە، بەوپێیەى کە هێزى پێشمەرگە بۆ پاڵپشتیى کوردانى کۆبانى بە نێو ئاخى تورکیادا تێدەپەرێن و، وەدەمەوەهاتنى هاوپەیمانان لە کاتى نزیکبوونەوەى تیرۆریستان لە هەولێر و، بەشدارىکردنى چەندین شاند و وەفدى سیاسى سەربازى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و کۆبوونەوە جیهانییەکان سەبارەت بەو هاوکێشە سیاسى و سەربازیانەى ناوچەکە، کورد وەک نەتەوە و هەرێمى کوردستان وەک ناوەندى بڕیارى بردووه‌تە قۆناغێکى دیکەوه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ کە بە چاوێکى دیکەى دیپلۆماسى و سیاسی لێی بڕوانین، ئێستا وەک ئەکتەرێکى نادەوڵەتى لەنێو دەوڵەتاندا ڕۆڵ دەگێڕێت. لێرەدا دەبێت درک بەوە بکەین کە، ئەمە لەو بەرلێکەوتە سەربازییەى کە پێشمەرگە توانى ببێتە ئەو هێڵە سوورەى داعش بۆ تەشەنەکردن و زیاتر پەلهاویشتنى، کەواتە دەستپێک پێشمەرگەیە بەو ئەقڵە مەزنەى فەرماندەرەکەى کە لە سەرۆک بەدەر نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار