پشتیوانییەکانی بارزانی و بێئەزموونیی HDP

ئیبراھیم عەباس
بەراوردکارییەکی خێرا، بە ڕامان لە ھەڵبژاردنەکەی 7 حوزەیران و 1ی ئەم مانگەی تورکیا، بە لەدەستدانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەری HDP و، لەدەستدانی شارە کوردییەکان و بردنەوەی AKP، بە جۆرێک رێژەی دەنگەکانی ھەدەپە لە دیاربەكر لە سەدا 79وە بۆ 71،98، وان لە سەدا 74،8ەوە بۆ 64،97، ئورفا لە سەدا 38،5ەوە بۆ 28،35، باتمان لە سەدا 72،6ەوە بۆ 67،5، سێرت لە سەدا 65،8ەوە بۆ 57،7، ماردین لە سەدا 73،3ەوە بۆ 67،64، تونجەلی لە سەدا 60،9ەوە بۆ 55،43، قارس لە سەدا 44ەوە بۆ 34،27 و ئەردەهان لە سەدا 30،39 بۆ 22،15 دابەزیون. ئەمە جگە لەوەی لە ھەڵبژاردنی پێشوو، HDP لە 28 شاردا پەرلەمانتاری ھەبوو، بەڵام لە ھەڵبژاردنی 1ی تشرینی دووەمدا تەنھا لە 22 شار پەرلەمانتاری ھەیە. بەم پێیە لە شارەکانی ئەنتاڵیا، ئەردەھان، بورسا، ئەرزنجان، ئەرزەڕوم و کۆجائەلی کە ھەدەپە تێیاندا پەرلەمانتارێکی ھەبوو، لەم ھەڵبژاردنەدا پەرلەمانتاری نابێت. تەنانەت لە ئیستانبووڵ، HDP 10 پەرلەمانتاری دەرچووبوون، بەڵام لەئەوێیش بۆ 7 پەرلەمانتار دابەزی.
بە کورتییەکەی لەچاو ھەڵبژاردنەکەی 7ی حوزەیراندا، HDP 21 پەرلەمانتاری لەدەست داوە و ژمارەیان لە 80وە بۆ 59 دابەزیوە.
ئەم بەراوردکارییە خێرایە پێمان دەڵێت، ئەم پاشەکشەیەی حزبی کوردان لە باکووری کوردستان، دەرئەنجامی سیاسەتێکی ھەڵەیە و باجەکەی گران لەسەر کوردستان حیسابە. چونکە لە ساتەوەختی سەرکەوتنی HDP و بەدەستخستنی 80 کورسیی پەرلەمان، لە حوزەیرانی رابردوو، سەرۆک بارزانی بە گەرمی لەگەڵ HDP و PKK لەسەر ھێڵ بوو، سەرۆک بارزانی کە بە درێژایی دەیەی رابردوو ھەوڵ و ماندوبوونێکی زۆری بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتەوایی و دۆزی رەوای کورد لە باکوور داوە، راشکاوانەش داوای لەم دوو پارتییە کرد پرۆژەکانیان یەک بخەن و دوور بکەونەوە لەبیری توندڕۆیی و لەگەڵ AKP دەست بەدانوستان بکەن و حکوومەتی ھاوبەش پێک بھێنن.
وەلێ بێئەزموونیی PKK و HDP، رێگر بوو لە جێبەجێبوونی ئەم خواستەی بارزانی، کە بە دڵنیاییەوە گەر ئەم دەرفەتە لە دەست نەدرابوایە، ھەروەک چۆن باشوور و بارزانی ساڵێک پێش ئێستا بە پشتیوانیی لە کۆبانی، ئامادەگیی کوردیان لە رۆژئاوا کردە واقع، ئێستایش باکوور لە قۆناغێکی تردا دەبوو. بە کورتییەکەی، ئەگەرچی دوێنێ ئێمەی کورد تاڵاوێکی ناخۆشمان چەشت و ھەموومان لێی زەرەرمەندین، بەڵام بێگومان بەرسیارەتیی ئەم شکستە لە ئەستۆی PKK و HDPدایە.




