با به هۆی ململانێی سیاسییه‌وه، غه‌در له پێشمه‌رگه نه‌كه‌ین

ئاریان فه‌ره‌ج
گه‌ر هه‌ر میلله‌تێك له مێژووی خۆیدا سیمبولێكی ئیفتیخاری هه‌بێ، ئه‌وا سیمبولی نه‌ته‌وه‌ی كورد پێشمه‌رگه‌یه. ئه‌و ناوه پڕشكۆیه‌ی به درێژاییی مێژووی هاوچه‌رخمان ره‌مز و به‌ڵگه‌ی مقاوه‌مه‌ت و خۆڕاگری و نه‌به‌زین و، مانه‌وه‌ی میلله‌تێك بووه له به‌رانبه‌ر قڕكردن و كۆمه‌ڵكوژی و نكۆڵی و تواندنه‌وه‌دا. ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین له ناوی پێشمه‌رگه پیرۆزتر شك نابه‌ین و، هیچ كوردێكی ره‌سه‌ن و شیرحه‌ڵاڵیش له‌و ناوه پڕشكۆیه و له‌و مرۆڤه گیانفیدایه باڵاتر نابینێ.
له ئێستادا ناوی پێشمه‌رگه له ئاستی ئیفتیخاری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه به‌رز هه‌ڵكشاوه و بووه‌ته سیمبولێكی جیهانی و مایه‌ی شانازی و ئیفتیخاری ته‌واوی جیهانیان. پێشمه‌رگه له به‌رچاوی دونیا ئه‌و مرۆڤپارێزه‌یه كه ئه‌فسانه‌ی داعشی تێك‌شكاند و، له بری هه‌موو به‌شه‌ریه‌ت، ئه‌ركی دیفاع له‌به‌ها به‌رز و پیرۆزه‌كانی ئینسانیه‌تی له دژی داعش و فاشیزمی سه‌رده‌م گرته ئه‌ستۆ و، سه‌لماندیشی كه له ئاستی ئه‌و ئه‌ركه مه‌زنه‌دایه.
مێژوو، قوربانی، خه‌بات، داستان و نه‌به‌ردییه‌كان، گیانفیدایی و سه‌ركه‌وتنه شه‌ره‌فمه‌ندانه‌كانی پێشمه‌رگه لێمان ده‌خوازێ، له سه‌رینی هه‌ر جۆره ململانێیه‌كی سیاسی و حزبییه‌وه، غه‌در له‌و سیمبول و ره‌مزه به‌رز و پیرۆزه نه‌كه‌ین. غه‌در له پێشمه‌رگه نه‌كه‌ین. هه‌ر غه‌درێك له پێشمه‌رگه، هه‌ر نادیده‌گرتن و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ك له گیانفیدایی و رۆڵی پێشمه‌رگه، غه‌دره له خۆمان و مێژووی دوور و نزیك و غه‌دره له ئێستا‌و ئاینده‌مان.
پێشمه‌رگه به شاهیدی دونیا ئه‌و هێزه‌یه كه توانی به زنجیره‌یه‌ك داستانی خوێناوی و پڕ له مه‌ردایه‌تیی بێوێنه، له ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌ستی ره‌شی داعش له كوردستان ببڕێته‌وه و، دواجاریش له سه‌ر چیای سه‌ركه‌شی شنگال به هه‌موو دونیا بڵێت: ئه‌وه ئێمه‌ین.. پێشمه‌رگه‌ین، ئه‌و خوێنه‌ین كه هه‌میشه به‌سه‌ر شمشێردا سه‌ر ده‌كه‌وێ.
جێی داخ و سه‌رسوڕمانه هه‌ندێ ده‌زگای میدیایی، له سه‌رینی ململانێیه‌كی لاوه‌كیانه‌ی حزبییه‌وه و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی حزبێك یان كه‌سێك، خوێن و قوربانی و ماندوویی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه نادیده بگرن یان لێی كه‌م كه‌نه‌وه. له حاڵێكدا خودی ئه‌و ده‌زگایانه به‌ری ره‌نجی خودی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ن و له سایه‌ی خه‌باتی به‌شێك له‌واندا هاتوونه وجود و رۆڵه و هه‌ڤاڵی حزبی خۆیانن.
جێی سه‌رسوڕمان و مه‌خابنه، له پیناو هه‌ندێ هاوكێشه‌ی لابه‌لای حزبیانه‌دا، ده‌یانهه‌زار رۆڵه‌ی قاره‌مانی هێزی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و هێزه خۆبه‌خشه‌كان و فه‌رمانده و كادیرانی هه‌ردوو لا نه‌بینی و، گومان له‌و هه‌موو قوربانیدان و شه‌هید و سه‌ركه‌وتن و داستانه بكه‌یت و، له به‌رانبه‌ردا چه‌ند گه‌ریلا و شه‌ڕڤانێك كه ناكه‌نه یه‌ك په‌ل پێشمه‌رگه، بكه‌یته داستانخوڵقێن و به‌دیهێنه‌ری هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كان و خاوه‌نی هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كان.
به‌ڵێ ئه‌و په‌له له شه‌ڕڤان و گه‌ریللا برامانن، ئه‌ركیشیان له هه‌ندێ شه‌ڕگه‌ی دیاریكراودا پێ سپێردراوه و، له پێناوی قووڵبوونه‌وه‌ی گیانی هاوپشتیی نه‌ته‌وه‌یی، رێی به‌شدارییان بۆ فه‌راهه‌م كراوه. به‌ڵام پێشمه‌رگه نه‌ك هه‌ر له باشووری وڵات هێزی پارێزه‌ر و رزگاركه‌ر و داعشبه‌زێنی هه‌ره سه‌ره‌كییه، له رۆژئاوا و كۆبانێیش هێزی حه‌سم و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو.
بۆیه ده‌بێ به‌بیر ئه‌و كه‌ناڵه میدیاییه و ئه‌و خۆبه‌خوێنده‌وارزان و مونه‌ززیرانه‌ی بێنینه‌وه، كه كه‌مكردنه‌وه له رۆڵی پێشمه‌رگه، سووك سه‌رنجدانی خوێنی شه‌هیدانه. غه‌در و ئه‌زیه‌تدانی رۆحی گیانفیدایانه كه قه‌درزانین و هاندان و پشتگیری و پشتیوانیی بێ‌سنوور، كه‌مترین وه‌فایه‌كه به‌رانبه‌ریان بینوێنین.
خۆزیا ئه‌و كه‌ناڵ و ئه‌و كه‌سانه له‌م كورتبینی و گرێیه قورتار ده‌بوون و وه‌ك مه‌خلوقه دێزه‌كه بۆ زه‌ره‌ری ساحێب، مه‌رگی خۆیان به ئومێد نه‌ده‌خواست.
*سه‌روتاری سبه‌ینێی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێریشه




