فازڵ میرانی: پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای تەواوی بە كار و ڕۆڵی یەكێتیی قوتابیان و ڕێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی هەبووە و هەیە

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
ئەندامانی كۆنگرە و میوانە بەڕێزەكان
سەرەتا بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی 14ـەهەمی یەكێتییەكەتان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت وبەبڕیار و ڕاسپاردەی شیاو بەم قۆناغە كۆتایی پێبێت.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە هەلومەرجێكی دژواردا وەكو زەروورەتێكی مێژوویی دامەزرا و دەستی بەخەبات و تێكۆشان كرد ولەهەردوو بواری پیشەیی و نەتەوایەتیدا سەركەوتنی مەزن و جێگەی شانازیی تۆماركرد وخودان دیرۆكێكی پڕ لەتێكۆشان وخەبات وقوربانیدانە وەكو بەشێك لەپرۆسەی شۆڕشگێڕی لەبزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەماندا بۆیە ئەركی ئێوەی ئەندامانی كۆنگرە سادە و ئاسان نییە، دەبێ پڕۆگرام و بڕیارەكانتان لەئاستی گەورەیی مێژووی یەكێتییەكەتان بێت لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە لەئاستی تێگەیشتن وپێشكەوتن و ئاڵوگۆڕییەكانی سەردەم بێت. ئەوە لەكاتێكدا كە ئێمە لەسەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەتوانا و ئاست و تێگەیشتوویی كادیر و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان دڵنیاین، هەروەك چۆن قۆناغ بە قۆناغ بەگوێرەی هەلومەرجەكان ئەم یەكێتییە شانبەشانی بارودۆخی كوردستان لەڕووی خودی و بابەتییەوە هەنگاوی ناوە و زیندووێتیی خۆی پاراستووە.
قوتابیانی خۆشەویست.
ئێوە توێژێكی هەستیار و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین وڕۆڵی كاراتان لەپێشكەوتنی كۆمەڵدا هەبووە و هەیە، ئێوە سامانی نەتەوەیی و پێشڕەوی گۆڕانكارییەكانن هەروەكو بارزانیی نەمر دەفەرموێ: قوتابیان سەری ڕمن لەگشت شۆڕش و ڕاپەڕینەكاندا. بڕوامان وایە یەكێتیی قوتابیان، لاوان، ئافرەتان كۆڵەگە و داینەمۆی سەرەكیی پێشكەوتنی كۆمەڵگاكەمانن وبەتوانا و هزری ئەوان ئایندەی كوردستان بونیاد دەنرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز ....
پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای تەواوی بە كار و ڕۆڵی یەكێتیی قوتابیان وڕێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی هەبووە و هەیە وڕۆڵی مێژووییان لەخەباتی گەلەكەمان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەكەی و داكۆكیكردن لەماف و ئازادی و بەرژەوەندییەكان و پتەوكردنی بنەما دیموكراسییەكان هەبووە ولەمەولاش دەبێت و لەم ڕوانگەیەوە پاڵپشت و پاڵنەری هەنگاوەكانتانین وبەردەوامین لەهەوڵ وتێكۆشانمان لەپێناو پەرەپێدانی ئازادییە سیاسییەكان و فەراهەمكردنی ئازادی و سەربەستییە گشتییەكان بۆ هەموولایەك بەشێوەیەك كە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ناوەندەكانی میدیا و ڕۆژنامەگەری ئازادانە چالاكیی خۆیان هەبێت وبەرپرسانە ڕۆڵی خۆیان هەبێت لەجوڵاندنی ڕای گشتی وفراوانكردنی بازنەی دیموكراسیی وڵات.
سەرۆك مسعود بارزانی و سەركردایەتیی پارتیمان ڕۆڵی بەرچاویان لەپەرەپێدانی پرۆسێسی دیموكراسی لە عێراق و چەسپاندنی بەشێكی ماف وئازادییەكانمان لەدەستووردا گێڕاوە،كۆكردنەوە و بەگەڕخستنی تەواوی هێز و توانای سیاسی وپەیوەندییەكان بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان كە لە ماددەی 140ی دەستووردا ئاماژەی پێكراوە.
لەڕوانگەی باوەڕبوونمان بە هەبوونی بیرو بۆچوونی جیاواز و ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینی جیاواز هەوڵی جیددی دەدەین بۆ پێكەوەژیانی سیاسی لەكوردستان ویەكتر قبووڵكردن، هەروەها باوەڕمان بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین وئایینزا جیاجیاكانی كوردستان هەیە وئەو جۆراوجۆری وجیاوازییانە بەخاڵی بەهێزی وڵاتەكەمان دەزانین. لەڕووی هەست بەبەرپرسیارێتی وهەستكردن بەو مەترسییانەی لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی لەبار و گونجاو بۆ لێكنزیكبوونەوەی هەموو لایەنە بەشدارەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق بۆ پاراستنی حوكم بەشێوازێكی دیموكراسییانە و وەكو ئەوەی لەدەستووردا وێنای بۆ كراوە. بۆ ئەمەش بەردەوام هەوڵی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دەورووبەر و دونیا دەدەین وبەسیاسەتێكی دروست و حەكیمانەی دەزانین وپەرەی پێدەدەین، هەروەها لەئاستی ناوخۆی كوردستاندا پەرە بەڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان ئێمە و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەدەین وئەوەندەشی پێویستی بە هەمواركردن وپێداچوونەوە هەبێت بەخوێندنەوەی نوێ وگونجاو لەگەڵ قۆناغەكە و پێشكەوتن و ئاڵوگۆڕییەكان لەڕێككەوتننامەی ستراتیژیدا ئەنجامیدەدەین ئەمە وێڕای پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ تەواوی حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەئایینی وعیلمانی كەلەحكوومەت بەشدارن ولەئۆپۆزیسیۆنن، تەبایی ویەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بەئەركێكی نەتەوەیی دەزانین، چەسپاندن وپتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتیمانی لەهەرێمی كوردستان وعێراقدا وكاركردن بۆ ئەوەی چارەسەریی گونجاو بۆ پرسە نێوخۆییەكان بەپێی دەستوور و ڕێككەوتننامەكان بدۆزینەوە بەتایبەتی ئەو پرسانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان وحكوومەتی فیدراڵدا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە لەپێناو بووژانەوەی خۆشگووزەرانیی هاووڵاتیانی كوردستانیش لەعێراق وناوچەكەدا ببێتە نموونەی ئەزموونێكی ئازاد كە ژیانێكی ئاسوودەی تیادا هەبێت، پێویستە لاوان وقوتابیانی وڵاتەكەمان بەوردی وبایەخەوە سەرنج وخوێندنەوەی گونجاویان بۆ ئەو بارودۆخانە هەبێت و ئەركی ئێستای قوتابیان بەگشتی خۆچەكداركردنە بە زانستی سەردەم لەسەرجەم بوارەكاندا، وپێویستە یەكێتیی قوتابیان لەئەركی مێژوویی خۆی بەردەوام بێت و لەپاڵ پتەوكردنی هەستی نەتەوەیی ونیشتیمانیی قوتابیاندا هەوڵی تەواوی خۆی بدات بۆ فەراهەمكردنی كەشێكی لەباری خوێندن لەسایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا وهەوڵەكانی بەردەوامبن لەپاڵپشتیكردن و دانانی بەرنامەی زانستی وبەرزكردنەوەی ئاستی زانستی وزەمینەسازیی زیاتری خوێندن لەڕووی میتۆد و پێویستیە سەرەكییەكانی خوێندن لەڕووی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەكوردستاندا.
پێویستە پێشڕەویی هەڵمەتێكی نیشتیمانی بكەن بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانە و باڵاخانە بۆ خوێندن وكەمپی زانكۆ و بەشی ناوخۆیی، سەربەخۆیی زانكۆكان وڕێزگرتن لەحەرەمی زانكۆ وناوەندەكانی خوێندن لە ئەولەوییاتی كۆششەكانتاندا بێت، بایەخی زیاتر بەلێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی بدرێت وڕەچاوی حەز و ئارەزووی قوتابیان بكرێت بۆ وەرگیرانیان لەكۆلێژەكان و سیستەمی ئێستای وەرگرتنی قوتابیان پێداچوونەوەی تەواوی بۆ بكرێت، بەرنامەی تواناسازی و زەمالەی خوێندن باشتر ڕێكبخرێت بە شێوازێك كە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوارە جیاجیاكاندا ڕەچاو بكرێت، ئەمانەو چەندین ئەركی دیكەی هەنووكەیی.
لەكۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قوتابیانی كوردستان وسەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین سەروەریان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین وهەوڵ وماندوبوونی هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندن و سكرتارییەت وكادیرانی بەرز دەنرخێنین هیوادارین كارنامە و پڕۆگرامێكی سەردەمی بۆ یەكێتییەكەتان پەسەند بكەن و ستافێكی لێهاتوو و بەتوانا بۆ سەركردایەتیكردنی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان هەڵبژێرن، هەر سەركەوتووبن.




