٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەقى ووتارى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانە، لەکۆنگرەى چواردەمینى یەکێتى قوتابیانى کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

دەقى ووتارى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانە، لەکۆنگرەى چواردەمینى یەکێتى قوتابیانى کوردستان کە لەلایەن دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمان پێشکەشکرا.

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
میوانانى قەدر گران
خوشک و برا بەرێزەکان
ئامادەبوانى بەرێز
ئەندامانى کۆنگرە
خۆشحاڵ و سەرفرازین، بەناوى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان، ئامادەى رێورەسمى کردنەوەى کۆنگرەى چواردەهەمینى یەکێتى قوتابیانى کوردستان دەبین، دەخوازین بە راسپاردە و پێشنیارى بەجێ کۆنگرەکەتان بەسەرکەوتوویى ئامانجەکانى خۆى بپێکێ .
بەرێزان
بیرۆکەى رێکخستنى قوتابیان لەرێکخراوێکى جەماوەرى بۆ کۆکردنەوەو داکۆکیکردن لەمافەکانى قوتابیانى کوردستان و لەباوەشگرتنیان و بەشداریکردنیان لەتێکۆشانى سیاسی و شۆرشگێرى و هەڵمەتەکانى پەروەردە و فێرکردن و نەهێشتنى نەخوێندەوارى و پێشخستنى زانست، بۆ کاریزمایى و رووناکبیرى سەرۆک و رەمزى نەتەوەى کورد و گەلى کوردستان بارزانى مستەفاى نەمر دەگەرێتەوە.
ئەوەبوو لەساڵى 1953 لەقۆناغێکى ناسکى خەباتى سیاسی و جەماوەرى گەلەکەمان و بەرێنمایی راستەوخۆى بارزانى نەمر یەکێتى قوتابیانى کوردستان دامەزرا،
بەم شێوەیە یەکێتى قوتابیان هەر لەزووەوە دەستى بەخەباتى خۆى کردوەو بوەتە پاڵپشتێکى بەهێز بۆ شۆرشى گەلى کوردستان کە توانایەکى هزرى و زانستى باشیان بە شۆرش بەخشی، و دەکرێ بڵێین پانتایی سیاسی و پەیوەندى و راگەیاندنى کێشەى گەلى کوردستانى گەورەتر کرد، کە ئیمرۆ بۆتە جێى شانازى هەموو قوتابیان.
ئامادەبوانى بەرێز
یەکێتى قوتابیانى کوردستان چوارچێوەیەک و قوتابخانەیەک بوو کە زۆربەى سەرکردە و بەرپرس و کەسایەتیە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى تیادا پێگەیشت.
هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە چالاکیەکانى قوتابیان لەگەڵ بزوتنەوەى جەماوەرى و خەباتى نیشتمانى  و نەتەوەیی ئاوێتەى یەک بوون، خەباتى قوتابیان رۆژ بە رۆژ پێشکەوتنى زیاترى بە خۆوە بینى و لەگەڵ پێشکەوتنەکانى کۆمەڵگە و قۆناغەکانى خوێندن و خەباتى سیاسی و نەتەوەیی خۆى گونجاندووە.
ئیمرۆش هەموومان خەباتى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەرز دەنرخێنین و شانازى دەکەین کە دەبینین لەتەک ئەم رێکخراوە چەندین رێکخراوى دیکەى قوتابیان و خوێندکاران هەن و لەکەشێکى دیموکراسیی دا بە یەکەوە کار دەکەن و سەرەراى جۆرى رەنگ و جیاوازیەکان یەکتر قبوڵ دەکەن و دان بەیەکتر دادەنێن.
قوتابیانى خۆشەویست
دەخوازین کۆنگرەکەتان جەخت لەسەر پرنسیپەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بکاتەوە لەسەربەخۆیى و دیموکراسی و پێشکەوتن و کارى جەماوەرى دا. ئیمرۆش لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بەم پرنسیپانە هەیە و لەسەر هەموو تێکۆشەرێکى دڵسۆز پێویستە پارێزگارى لەو مێژووە بکا و بیگەێنێتە جەماوەرى قوتابیان و هەنگاوبنێن لەسەر بەردەوامبوون بۆ پاراستنى ئەو دەسکەوتانەى کە یەکێتى قوتابیانى کوردستان لەمێژووى کارى رێکخراوەیى خۆى دا وەدەستى هێناوە.
ئەگەر ئازادکردنى کوردستان بەخوێنى ئاڵى شەهیدان هاتۆتە دى ئەوا بنیادنانەوەى بە هزر و تواناى قوتابیان دێتە دى.
پێویستە یەکێتى قوتابیانى کوردستان وەک هەمیشە زەخیرەى ستراتیژی بێت کە دامودەزگاکانى هەرێم لەسەرى بنیاد دەنرێن و هەوڵ بدەن سوود وەربگرن لەو شۆرشە تەکنەلۆجیایەى کە ئێستا جیهانى گرتۆتەوە، ببێتە پاڵپشتێکى بەهێز بۆ قوتابیان و هەلى لەبار بۆ دەرخستنى توانا و هزرەکانیان .
ئامادەبوانى بەرێز
ئەمرۆ لەسایەى سەرکەوتنى ئەزموونى خۆبەرێوەبردن و پرۆسەى سیاسی و دیموکراسیی و سەقامگیرى و ئاوەدانى و گەشەپێدان، لە هەرێمى کوردستان دەیان دەسکەوتى گرنگ بۆ قوتابیان وەدەست هاتوون، لەوانە گرنگى دان بە بەرزکردنەوەى تواناکانى خوێندن لەزانکۆکان و بەدەست هێنانى هەلى خوێندنى باڵا و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا و کەرەستە و ئامرازى نوێ.
هەروەها لەهەرێمى کوردستان هەلى زیاترى خوێندن هەیە و دەکرێ بڵێین لە هەر پارێزگایەک زیاتر لە چەند زانکۆیەک هەیە کە لەئاستێکى بەرز دان و لەرووى هەیکەلیەت و بینا و پرۆگرامى خوێندن، لەئاستى پێوەرەکانى زانکۆ جیهانیەکان دایە.
بەرێزان
ئیمرۆ کۆنگرەکەتان لەهەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەبەسترێت کە تیایدا بارى ئاسایش سەقامگیرەو دابینکردنى خزمەتگوزارى و ژیانى خەڵکەکەى و گرنگیدان بە لاوان و ئافرەتان و پێشخستنى هەرێمەکە لەسەرووى کار و ئەرکەکان دایە. 
هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى زۆر هەستیار و گران و گرنگ تێ دەپەڕێت و، تائێستاش لەقۆناغى پاراستنى دەسکەوتەکان داین و دەستکراوە بە پرۆسەى چاکسازى و ئازادى و دیموکراتیەت و دەبێت هەموولا بەووردبینى لەگۆرانکاریەکان بروانین، دەبێت هەموومان یەک ئاراستە و یەک هەڵوێست بین لەو شوێنەى کە بەرژەوەندیەکانى گەلى کوردستانى تیدا دەبینینەوە، بۆئەوەى ئەو پێشهاتە سیاسیانەى لە ئارادایە، بۆ بەرژەوەندى گەلى کوردستان بێت.

لەکۆتاییدا هیواى سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین.
هەزاران سڵاو لە گیانى پاکى شەهیدانى قوتابیانى کوردستان و سەرجەم شەهیدانى کوردستان هەر شاد و سەرکەوتووبن .

هەواڵی پەیوەندیدار