٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کشانەوە لە حکوومەت، ئەو کارتەی لە دەستی نەوشیرواندا سووتا

سەرچاوە: KDP.info

حەسەنی دانیشفەڕ

بەوە بە رچاوگرتنی رابردووی نەوشیروان و تاقمەکەی لە مێژووی رووداوەکانی دەیان ساڵی رابردوودا و، هەروەها بە تێڕوانین لەو نەفەسەی کە نەوشیروان و تاقمەکەی لە سەرەتای راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتدا هەیانبوو، ئەستەم بوو مرۆڤ ئەوەندە بە ئاسانی باوه‌ڕ بەوە بێنێ کە کوردستان بە چواساڵی ئارامدا تێدەپەڕێت.                    
ئەگەرچی لە سیستمی دیموکراسیدا ناکرێ هەموو لایەنەکان بچنە نێو حکوومەت و، پێویستە هێندێک لایەن وەک ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دەسەڵات لە کایەی سیاسیدا بەردەوام بن، بەڵام پارتی بیری لەوە کردبووه‌وە کە بە بەشداریپێکردنی هەموو لایەنەکان لە کابینەی هەشتەمدا، بێ لەوەی پایەکانی حوکمڕانیی کوردی بەهێزتر دەبن، جۆرێک لە ئاشتەوایی نیشتمانییش دێتە ئاراوە، کە بە هۆیەوە دەکرێ رێگە لەو لێکترازانە کۆمەڵایەتییەش بگیرێ کە بە داخەوە به‌ردەوام وەکو هەڕەشەیەک لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەستی پێ دەکرێت.
هەر لە دەستپێکی پێکهینانی کابینەکەوە زۆرێك لەو بڕوایەدا نەبوون کە نەوشیروان و تاقمەکەی بتوانن خۆیان لەو هەموو گرێ دەروونیانە دەرباز بکەن کە هەیانە و، تا کۆتاییی چوارساڵەکە، شان بدەنە بەر ئەو ئەرکانەی کە پێیان دەسپێردرێت.
بە دڵنیاییەوە ئەوان بۆ دوو مەبەستی سەرەکی هاتبوونە نێو حکوومەت کە یەکەمیان بریتی بوو لەوەی، کە کۆمەڵێک خەڵکی خۆیان بخزێننە نێو ئەو دامودەزگایانەی کە زۆر مەبەستیان بوو. ئامانجی دووەم و کۆتاییشیان ئەوە بوو کە ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی کابینەی هەشتەم، بە بیانووی رەخنە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و، هەروەها هەبوونی گەندەڵی و... هتد، لە حکوومەت بکشێنەوە، بۆئەوەی کێرڤی جەماوەری خۆیانی پێ بەرز بکەنەوە. بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی فەرمانبەر و مامۆستایانی کوردستان و سووتاندنی بنکە و بارەگاکانی پارتییش، دەکرێ وەک باشترین بەڵگە بێت بۆ قسەکانمان. ئەگینا لە کام وڵاتی دونیادا هێزێک کە خۆی بە وەرگرتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و چوار وەزارەتی سەرەکی لە حکوومەتدا بەشدار بێت، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی باری ئەمنیی وڵاتەکە دەدات؟ سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە دەرکردنی چوار وەزیرەکەی گۆڕان زۆر ژیرانە ئەو کارتەی لە دەستی نەوشیروان مستەفادا سووتاند و خەونە نەزۆکەکەیانی لەگۆڕنا.                                                  
ئەوەی ئێستا جێگای سەرنجە ئەوەیە، کە تاقمەکەی نەوشیروان لە دواکاردانەوە و بەیاننامەیاندا، جەخت لە مانەوە لە حکوومەتدا دەکەن! باشە ئەرێ کەسێک نییە ئەو پرسیارە لە نەوشیروان و تاقمەکەی بکات، کە ئاخۆ ئێوە بۆچی دەتانەوێ لە حکوومەتێکدا بمێننەوە کە بەردەوام بە دز و گەندەڵ و ناشەفاف ناوی دێنن؟، ئەرێ خێرە ئێوە لەو بەیاننامەیەدا ئامادە نەبوون تەنانەت بە تاقە دێڕێکیش باسی ئەو هەموو خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەن کە هەتا دوێنێیش وەزیری پێشمەرگە لە خۆتان بوو؟.

هەواڵی پەیوەندیدار