هێشتا گردەكە لە خەو هەڵنەستاوه

زكری مووسا
بەیاننامەكەی ڕۆژی هەینیی جڤاتی گۆڕان، زۆر بە ڕوونی پێشان دەدات، كە ئەوان هێشتا گیرۆدەی ئەو تەون و چوارچێوە بەرتەسكەن، كه بەدەوری خۆیاندا كێشاویانە. تەواو لە ڕووداوەكان و واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هەرێمایەتی و جیهانی دابڕاون. هێشتا پڕۆژە پارلەمانییەكەی خۆیان بە ئایەتی قورئان دەزانن كە بە ئاشكرا مافی هاووڵاتیان زەوت دەكات و، پارلەمانێكی كارتۆنی دەكات بە بووكەڵەی كەسێكی دەرەوەی دامودەزگە ڕەسمییەكانی هەرێم.
بەیاننامەكە، هەمان دووبارەكردنەوەی قسە كۆنەكانە كە هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو، خەڵكی پێ فریو بدەن و پشێوی و ئاژاوە لە سەرانسەری هەرێم دروست بنێنهوه. بەیاننامەكە بە یەك وشەیش باسی شەڕی داعش و پێشمەرگە قارەمانەكان ناكات كە خەڵكی كوردستان و ئەوانیش دەپارێزێت. بەرپەرچدانەوەی داعش كە ئێستا ئەولەوییەتی هەموو جیهانە و بۆ كوردستان بابەتێكی جەوهەری و چارەنووسسازە بۆ ئەم برادەرانە پووشێكی سووتاو ئەرزشی نییە.
بەیاننامەكە ئەلەویاتی گردەكە پێشان دەدات، كە دژایەتیی پارتی و لەكەداركردنی بارزانییە، ئەوەیە هەڵەی ستراتیژیی گۆڕان كە بەردەوام خۆی لەسەر ئەم دوژمنایەتییە پێناسە دەكات و، هەموو كەڕەتێكیش تووشی شكست هاتووە. بەیاننامەكە ڕێگری لە پلانی خوێنڕشتن و بڵاوكردنەوەی فەوزا لە هەولێر بە كۆدەتا دەزانێ، بەڵام دوور و نزیك خۆی لەوە نادات چۆنچۆنی ڕێگەی بەخۆی داوە یاسای دارستان لە ناوچەی سەوز پیادە بكات و، بە چەواشەكاری و درۆ و دەلەسە و بە بیانووی بوونی پارە و پوول لەناو مەقهراتی حزبی، منداڵ و هەرزەكار بنێرێتە سەر بارەگاكانی پارتی و بیانسووتێنێت. لە ڕاستیدا كوشتن و سووتاندنی منداڵ و هاندانی خەڵك و چەواشەكاری، لە كۆدەتای سەربازییش مەترسیدارترە، هەمەجییەت و بێویژدانی و كاركردنە بە یاسای دارستان. ئا لێرەدا بوو هەر خۆیان شەرعییەتیان لە خۆیان و سەرۆك پارلەمانە تەوافوقییەكە سەندەوە.
دەبێ ئیعتراف بە هەڵەكانیان بكەن كە لەم بشوێنەخوازییەی دەستیان پێكرد، نەیانتوانی حزبەكانی تر پەلكێشی توندوتیژی بكەن. لەوەدا سەرنەكەوتن سۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابكێشن، نەشیانتوانی خەڵك وا بگەوجێنن كە فەوزا بە هەموو كوردستاندا بڵاو بكەنەوە.
ئەوان ئێستا مەعنی نین لە چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك، چونكە هەم لە كاتی ئۆپۆزیسیۆنبوون و هەم لە كاتی دەسەڵاتیش نەیانتوانی ئەو بەڵێنانە بەجێبگەیێنن كە بە هەوادارەكانیان داوە، بگرە خۆیان بوونە سەرچاوەی گرفت و كارەساتیش. ئەبێ لەوەیش دڵنیا بن هەوادارانیان لە كردەوەكانیان ڕازی نین و، نەخشەی سیاسییشیان زۆر گۆڕاوە.
عاقڵمەندان و ڕاوێژكارانی گردەكە دەبێ باش لەوە بگەن ژیانی ئینسان پیرۆزە و، ئاساییشی نەتەوەیی و سەقامگیری لەسەرووی هەموو شتێكە. ئەوان بۆیە شكستیان خوارد، چونكە دەیانەویست ئەو سێ بابەتە بكەنە ئامانج.




