٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لەودیو پەردەی ڕەوایەتییەوە!

سەرچاوە: KDP.info

نووری بێخاڵی

ڕووی شاراوە، یان ڕاستتر بڵێین ڕووی شاردراوە و دەمامکدراوی، گرژی و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانی ناوچەکانی سلێمانی و پشدەر و بیتوێن و گەرمیان و هەڵەبجە و شارەزوور و، قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک (خۆپیشاندان و مانگرتنی مەدەنیانەی مامۆستا و فەرمانبەرانی لێ دەربچێت) و بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ناڕەزاییەکان و بە ئامانج گرتنی بارەگاکانی پارتی، لە بنەمادا پەیوەندی بە قەیرانی سیاسی و ململانێی لایەنەکانەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، ڕاستی ڕووداوەکان ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان کرانە (کراسی یووسف) بۆ تۆڵەی سیاسی و قەربووکردنەوەی شکستی سیاسیی ناو گەمە سیاسییەکان، بە دیاریکراوییش ململانێی نێوان پارتی وەک جەمسەرێکی هاوكێشەکە و تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان وەک دەمڕاستی جەمسەرەکەی دیکەی ناو ململانێیەکان.
بە کورتی و بە کوردی، تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان چونکە زێدەتر دەرکەوتەیەکی میدیاییە، تا ئەوەی بزاوتێکی سیاسیی خاوەن ڕوئیایەکی ڕوون بێت بۆ ڕووداو و هاوکێشەکانی کوردستان، بۆیە بەردەوام لە ململانێی لەگەڵ هێزە سیاسییە ڕکابەرەکانی خۆیدا و لە ساتەوەختی شکستەکانیدا، کاری لەسەر وروژاندنی تەلی سۆز و بێزاریی خەڵک کردووە، تا ئەوەی دەست بۆ لۆژیکی سیاسی و مامەڵەی واقیعیانە لەگەڵ ڕووداو و دەرکەوتەکان ببات. لەم دیدگایەوە، لە بنەڕەتدا دەرکەوتە و دەرهاویشتەی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان، ڕەنگدانەوەی شەڕی ساردی نێوان تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان و پارتین، واتە کاتێ تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان نەیتوانی لە پەرلەمان یارییەکە بباتەوە، هاوشێوەی حەڤدەی شوبات و لە پێناو گەرمکردنەوەی بازاڕی دروشمبازیی سیاسیی خۆی، نەک وەک خەمخۆری مافەکانی خەڵک و مووچەخۆران، دەرفەتی بێمووچەیی و هەڵوێستی مەدەنی و دیموکراسییانەی فەرمانبەرانی قۆستەوە، بۆ ئەوەی بەسەر پشتی ناڕەزایی مووچەخۆر و فەرمانبەراندا بپەڕێتەوە و، لە ڕێگای قۆستنەوەی ناڕەزایەتیی مەدەنی فەرمانبەران و سورابوونی شەپۆلەکە و بەلاڕێدابردنیدا، تۆڵەی خۆی لە پارتی بکاتەوە.
ئەو سرووشتە میدیاییەی تاقمه‌كه‌ی، کە پشت بە دەمهەراشی و زۆربڵێی و چەلەحانێی هەرزە سیاسییە پێشتر موقابەلەچییەکانی دەبەستێ و ماکینەیەکی گەورەی میدیایی ئاشکرا و سێبەر، وەبەری دەهێننەوە، هەروەها خاوەنی بەلاغەتێکی زمانەوانییە بۆ پاساودانەوەی شتەکان و بە شەیتان کردنی بەرامبەر و خۆ بە فریشتە نمایش کردن، لەبەر ئەوە بەردەوام بیانووی هەن بۆ لینگەوقووچکردنەوەی ڕاستییەکان و بەرچاولێڵکردنی ڕای گشتی، بەڵام دواجار هەر دەکەوێتەوە تەڵەی ئەو ڕەوانبێژی و دەمهەراشییەی خۆیەوە!
وەک ئەوەی لە کوردستان هیچ هێزیک باوەڕی بە مافی سرووشتی و یاسایی خەڵک لە خۆپیشاندان و مانگرتن و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک نەبێ و تەنیا خۆی سوارچاکی دیموکراسییەت بێت، تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان ئاوا خۆی نمایش کردووە و دەکات. وەک ئەوەی هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت هەست بە ئازاری فەرمانبەر و مووچەخۆران نەکەن و خۆیان لە بەرپرسیارێتیی سەرشانیان دزیبێتەوە و تەنیا ئەوان لەگەڵ ئازارەکانی خەڵکدا بژین، تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان ئاوا دەیەوێ کاڵا بەسەرچووەکەی بە شەقام بفرۆشێتەوە. وەک ئەوەی هەموو حزبەکان دەستیان نابێتە بیناقاقای خەڵک و تەنیا ئەو، سوپەرمانی ڕزگارکەری خەڵک بێت، تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان ئاوا و وەک فریادڕەس خۆی نمایش کردووە و دەکات.
تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان بە قەد ئەوەی شارەزایە لە مانۆرەکانی بەلاڕێدابردنی شەقام و خوڵکردنە چاوی خەڵک، ئاوا و بە هەمان ئەندازەش مەعلانە لە ناشیرینکردنی بەرامبەرەکانی. تاقمه‌كه‌ی نه‌وشتروان بەقەد ئەوەی ئاشنایە بە هونەرەکانی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و خۆ بە مەزڵوم نیشان دان، دوو ئەوەندەش سیحری بە شەیتانکردنی بەرامبەرەکانی بەڵەدە. تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان چەندە وردە لە چنینی تەونی ئاژاوە و لە تەڵەخستنی بەرامبەرەکانی، دوو ئەوەندەش وریایە لە دانانەوەی تەڵەی قەرزارکردنەوەیان، بەڵام دواجار و لە گێمی دووەمی هەموو یارییەکاندا، دەستی کەشف دەبێ، وەک ئەوەی لە ڕووداوەکانی ڕابردووشدا کەشف بوو! 
تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان بە حوکمی گوتارە پۆلۆلیستییەکەی و ئەزموونکردنەوەی لۆژیکی (گۆبڵز)یانە لە ئاراستەکردنی گوتاری سیاسی و میدیاییەکەی و ختوکەدانی شەقام و خووگرتنی بە ستراتیژییەتی گەوجاندن، بە بەلاغەتی زمان و لە ڕێگای بەردەوام جوینەوەی ڕستە و قسەی دووبارە، ڕووقایمانە دێت و دەیەوێ باوەڕمان پێ بهێنێت، کەوا مافی خەڵک لە ڕژانە سەر شەقام و داکۆکیکردن لە ماف و داوا ڕەواکانیان، لەگەڵ ئاژاوەگێڕی و پەلاماردانی بارەگای حزب یەکسان و هاوتان، چونکە لە دیدی ئەودا سووتاندنی بارەگای حزب دەرەنجامە و سوورە لەسەر ئەوەی، کە هێرشکردنە سەر بارەگاکان و سووتاندنیان، وەک دەرەنجام بناسێنێ و ڕەوایی بەو کارە نا مەدەنییانە بدات، ئەمەو بەبێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکاتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە: ئاخۆ بارەگای حزبێک کە ئەندامەکانی پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، چ دەستێکی لە قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی فەرمانبەراندا هەیە؟ کامانەن ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی پەلاماری بارەگاکانیان دا؟ بۆچی لەناو ئەو هەموو بارەگایانەدا، تەنیا بارەگاکانی پارتی کرانە ئامانج؟
دیارە هەرگیز ناکرێ ماف و ڕەوایەتی بە کوشتن و خوێنڕشتن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بدرێت، ئەوە رەفتارێکە هەرگیز و بە هیچ پاساو نادرێتەوە، هەر جۆرە ڕەوایەتیدانێکی لەم چەشنەش، بە دیوەکەی تردا بەشداریکردنە لە تاوانی کوشتنەکە. بۆیە درۆیەکی گەورەی تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان لەو گەمە و مانۆرە بەردەوامانەیدا، هەر لە ڕووداوەکانی حەڤدەی شوباتەوە، تا دەگاتە ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەوەیە کە (بارەگا لە خوێنی گەنجێک پیرۆزتر نییە) و (وەڵامی بەرد بە گوللە نادرێتەوە)، کە لە هەردووکیاندا ڕاست دەکات، بەڵام چ ڕاستگۆییەک؟
ڕاستگۆییەک بۆ مکیاژکردنی درۆیەکی سیاسیی گەورەتر. دەی تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان بۆ ناڵێ خەڵک لەبەرچی تەنیا هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی پارتی؟ ئەوانە کێن و بە قسەی کێ گڕویان لە بارەگاکانی پارتی گرتووە؟
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان کە ئەو دەمهەراشییە بەڵەدە، هەق وایە بەشی ئەوەش دەبڵ مۆڕاڵ نەبێ لە خستنەڕووی ڕووداوەکاندا. بۆ نموونە، مێرمنداڵێک لەناو بارەگای ناوچەی قەڵادزێ سووتاو و گیانی لەدەستدا، کەچی میدیای تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان دەنووسێ (قەڵادزێ: بە هۆی سووتانی بارەگای پارتییەوە مێردمنداڵێک سووتا و گیانی لە دەست دا)، وەک ئەوەی بارەگاکە بە قەزا و قەدەر سووتابێ و ئەو مێرمنداڵەش بە ڕێکەوت، یان بۆ چلوورە فرۆشتن چووبێتە نێو بارەگاکەوە!
لە بەردەم بارەگای ناوچەی کەلاردا کادیرێکی لاوانی پارتی بە گوللە دەپێکرێ، کەچی میدیای تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان دەنووسێ (کەلار: دوو خۆپیشاندەر لە بەردەم بارەگای پارتی شەهید کران)، وەک ئەوەی (تەیرولئەبابیل) ئەو کادیرە گەنجەی پارتییان پێکابێت و شایستە بە کوشتن بێت، بۆیە بەلایەوە شەرم بووە بنووسێ: کادیرێکی پارتی بە گوللە پێکرا!   
بەهەرحاڵ، دێینەوە و ئاماژە بەو دروشمبازییەی (وەڵامی بەرد بە گوللە) دەدەین، کە تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان بۆ (غایة فی نفس یعقوب) و وەک (کلمة حق یراد بها باطل) دەرخواردی خەڵکی دەدا و دەپرسین: ئایا خەڵکی جوامێری سلێمانی بە گشتی و ڕێکخەر و هەڵسوڕاو و سەرکردە بە تەمەن و دیارەکانی تاقمه‌كه‌ی نه‌وشیروان بەتایبەتی و لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی خۆیاندا لە ڕووداوە خوێناوییەکەی (13ی حوزەیرانی ساڵە شوومەکانی شەڕی ناوخۆ!) لە هەموو خەڵکی سلێمانی باشتر نازانن، کە ئەگەر بێباکانە لە بارەگاکاندا تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێ، بۆ بڕای ببڕ، زەلام زاتی ئەوە ناکا بە بەردەم ئەو بارەگایانەشدا پیاسە بکات؟ واتە ئەگەر لقی چواری پارتی لە حەڤدەی شوباتدا ئەزموونی سیانزەی حوزەیرانی پیادە کردبووایە، ئەمڕۆ خۆپیشاندەران و هاندەرەکانیان بوێری ئەوەیان دەکرد، نەک پەلاماری بارەگای ناوچەیەک بدەن و بیسوتێنن، بەڵکو هەر بەلاشیدا بڕۆن؟!

 

هەواڵی پەیوەندیدار