٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ساڵێکە پەرلەمان و حکوومەت بنکۆڵ دەکەن؛ ئیدی بەسە

سەرچاوە: KDP.info

ئاریـــان فــــه‌ره‌ج

هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان، ساڵێك زیاترە لەژێر ناوی بەشداری لە پەرلەمان و حكوومەت، خەریكی بنكۆڵی هەردوو دامەزراوەكەن. لە حكوومەت، دەوری ئۆپۆزسیۆنێكی دوژمنكار و دڕ و نائەمین و چەواشەكار و نامەسئولیان بینی، لە پەرلەمانیش، یووسف محەممەد ویستی ئەو دامەزراوە نیشتمانییە بكات بە مەكۆ و پاشكۆ و، گوێ لەمست و چەكی شەڕ و پیلانگێڕی بە دەستی نەوشیروان موستەفا و، لە هەموو شكۆ و یاساسەروەری و ئیعتبارێكی نیشتمانی داماڵی.


ئەو حەرەكە فەوزەوی و ئەنارشیستە، ئێستا و ئەوسایش، نەیتوانی ببێتە بەشێك لە سیستمی حوكمڕانی و بچێتە ژێر باری كەمترین ئەرك و مەسئولیەت و، ئیلتزاماتی شەراكەت و حكوومەتی ئیئتیلافی. هەر ئەوەش چاوەڕووان دەكرا، چونكە حەرەكاتی فەوزەوی هەرگیز ناتوانن لە پرۆسەی نیشتمانسازی و ئیدارەی موئەسسەسات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار و شەریك بن.


سەرباری ئەو راستییەی سەرەوە، لە هەفتەی رابردوویشدا، بە بەرچاوی تێكڕای حزبە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانەوە، بە پەلاماردانی بارەگا حزبییەكان و خەڵك كوشتن و خەڵك بەكوشتدان و فڕیودانی هەرزەكارانی ناهۆشیار و، هەڵكوتانە سەر موڵكی گشتی و سوتاندن و وێرانكردن و پاتاڵخۆری و بەرپاكردنی ئیرهابی فكری، لە دژی موخالیفان و، هێرشكردنە سەر ئازادیی حزبایەتی و هەڵسوڕانی سیاسی لە سلێمانی و گەرمیان، بە یەكجاری رووی راستەقینەی خۆیان هەڵماڵی، كە نەك هەر حەرەكەیەكی فەوزەوین، بەڵكو دوژمنی دیموكراسین و لە كار و كردەوەیاندا، رەفتارفاشین و، لەگەڵ كەسدا هەڵناكەن و مافی وجود بە كەس رەوا نابینن.


لەوەش زیاتر، بە هەڵبژاردنی تەوقیتی هەوڵە ئینقلابی و شەڕانگێزییەكەیان و، گێچەڵ بە سەرۆكایەتی و بە پێشمەرگە و بە دامەزراوەكانی وڵات و، بەو فیتنە و ئاشوبەی لەم كات و ساتەدا نایانەوە، هیچ گومانێكیان لەوەدا نەهێشتەوە كە، دەسكێش و ئامرازی دەستی ناحەزانی دەرەكین و، ئەركی تێكدانی سەقامگیری و ئارامی و ئۆقرەییی سیاسیی ئەم وڵاتەیان لەم هەلومەرجە ناسكەدا پێسپێردراوە و، بە ئەمانەتەوە جێبەجێی دەكەن.


كەواتە بە هەموو پێوانەكان، دوودڵییەك لەوەدا نەما كە ئەم تاقمە فەوزەوییە، مەترسیی جددیین لەسەر ئەمن و ئۆقرەییی ئەم وڵاتە و پیلانێكی گەورەیان لەژێر سەرە و، هەر خەمساردییەك بەرامبەریان، مەترسیی پیلانەكەیان لەسەر بەرژەوەندیی و ئێستا و ئایندەی كوردستان هەراشتر دەكات.


وجودی ئەمانە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و وەزارەتەكاندا بە پێی رێكکەوتنی پارتی بوو لەگەڵیان، نەك بەرئەنجامی ئیستحقاقی ئینتخابی، پارتی لەسەرەتایشەوە دەیتوانی ئەمانە نەكاتە شەریكە حوكم و، لەگەڵ ئەحزابی دیكەدا حكوومەت تەشكیل بدات. ئێستایش دوای زیاتر لە ساڵێك تەحەممولكردنیان و، دوای ئەوەی نیاز و پیلان و رووی راستەقینەیان بەدەركەوت، هەنگاوی درووست بۆ پاراستنی كوردستان لە پیلان و ئاشوبیان، پێداچوونەوە و هەڵوەشانەوەی ئەو بەشەیە لەو رێكکەوتنە سیاسییەی ئەمانەی گەیاندە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دامەزراوەكانی حكوومەت.


ئیدیعای ئەم تاقمە، كە گوایە دەركردنیان لە هەولێر بە مانای گەڕانەوەی دوو ئیدارەییە، رووقاییمی و خۆبەساحێبزانینی سلێمانییە. وەڵامدانەوەی ئەم تاكڕەوی و خۆ بەساحێبزانین و خۆ بە كەڵەگازانینەی سلێمانییش، ئەركی حزبی باڵادەست و حزبەكانی دیكەی ئەو شارەیە و، دەبێ وەڵام لەوان ببیستن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار