نەخێر سەیر نییە ئەزبەنی!

حەسەنی دانیشفەڕ
لە چەند رۆژی رابردوودا، یەك دوو بابەتم لە سەر وەڵامەكەی جەنابتان سەبارەت بە پێشنیازی چوارقۆڵەكە خوێندەوە، كە بە شتێكی سەیر ناوتان بردبوو. نووسەری ئەو بابەتانەش هەمان بۆچوونی جەنابتانی هەبوو، ئەوانیش پێیانوابوو كە پێشنیازەكان سەیروسەمەرەن، بەڵام بە داوای لێبووردنەوە، من بەپێچەوانەی جەنابتان و ئەو نووسەرە بەڕێزانە بیر دەكەمەوە و، راموایە نەك هەر پێشنیازەكان سەیروسەمەرە نین، بەڵكوو هەر شتێكی لەو جۆرەشم چاوەڕوان دەكرد! سەبارەت بە هۆكارەكەشی من لە جەنابتان و گەلی كوردستان دەپرسم:
ئایا كەسێك كە هەتا ئەمڕۆ هەموو تەمەنی بۆ دژایەتیی پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەرخان كردبێت، كەسێك كە تەنیا لەبەر ئەوەی چاوی بە ئاشتی و تەبایی هەڵنەدەهات، پشتی لە هەموو رابردووی خۆی و هەڤاڵەكانی كرد و حزبەكەی خۆی بە دەردێك برد كە با بە دەواری شڕی نەكات، ئێستا چۆن گەڵاڵەی پێشنیازێك دەكات كە ئاشتی و ئارامی بۆ ئەو گەلە خێرلەخۆ نەدیوەی لێ بكەوێتەوە؟!
بەبێ ئیرادە زانین و بە كەمسەیركردنی خەڵكی كوردستان لە لایەن ئەو كەسەوە، نە سەیرە و نە شتێكی تازەیە. ئەدی هەر ئەو كەسە نەبوو كە خەڵكی كەركووكی بە نیشتمانفرۆش و سواڵكەر ناوزەد دەكرد؟ ئەدی هەر ئەو كەسە نەبوو كە گوتی: هیچ شوێنێكی هەولێر پیرۆز نییە، تا شەڕی ناوخۆی تێدا نەكرێت؟
دە كەواتە پێم ناڵێی قوربان سەیروسەمەرەیی ئەو پێشنیازانە لە چیدایە؟ ئەگەر جەنابت بە دوای شتی سەیر و سەرمەرەدا دەگەڕێی، ئەوا من لە خوارەوە كۆمەڵێك شتی سەیر و سەمەرەت بۆ دەخەمەڕوو:
• سەیر ئەوە بوو، كە ئێمە پێمانوابوو ئەو كەسە لە كەسێكی تەوروەشێنەوە گۆڕاوە بۆ كەسێكی ئاشتیخواز و دادپەروەر!
• سەیر ئەوە بوو كە ئێمە بڕوامان بەو كەسە كرد كاتێك كە گوتی: چوارساڵی داهاتوو چوار ساڵی ئارامی و تەبایی دەبێت!
• سەیر ئەوە بوو كە ئێمە رێگەمان بۆ كەسێك خۆش كرد، كە بەدەم پێكەنین و بزەی پێخۆشییەوە باس لە سەربڕینی كۆمەڵێك پێشمەرگەی ئەو وڵاتە دەكات، كە ببت بە سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان!
• سەیر ئەوە بوو، ئەو حزبەی كە ئێمە لە كاتی تەنگانەدا بەهانایەوە چووین و هەوڵی راستكردنەوەی بارە خوارەكەیمان دا، لە پێناو دژایەتیی ئێمە دەستی خستە ناو ئەو دەستانەی كە لە خێڵی حەمە بە شمشێر سەری پێشمەرگەكانیان پەڕاندن!
• سەیر ئەوەیە كە چوار حزبی بەشدار لە پەرلەمان كە لە مێتۆدە فكرییەكانیاندا بە تەواوی لێك جیاوازن، تەنیا خاڵێكی هاوبەش كە لێكیان كۆ دەكاتەوە، دژایەتیكردنی كەسێكە كە هەموو تەمەنی هەڵگری خەم و پەیامی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بووە.
بەڵێ قوربان ئەمانە سەیرن، نەك پێشنیازەكانی كەسێك كە هەمیشە خێری خۆی لە شەڕی ئەو گەلەدا بینیوەتەوە.




