خوێنی ڕژاوی خۆپیشاندەران لە ئەستۆی نەوشیروانە

ئەوەی لە قەڵادزێ رووی دا چاوەڕوانكراو بوو، چونكە لە بنەڕەتەوە ئەم خۆپیشاندانانە پەیوەندییان بە دواكەوتنی مووچەوە نییە، بەڵكە پیلانێكی سیاسییە بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە بە مەبەستی بچوككردنەوەی كورد. بە هەموو پێوەرێك ئەوەی قەوما یان دەقەومێ، لە ئەستۆی ئەوانەیە، كە خۆپێشاندان و داوا رەواكانی جەماوەریان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان هەڵگێڕاوەتەوە.
بە مانایەكی دیكە، ئەوەی هەیە هیچ پەیوەندی بە تووڕەیی و بێزاریی خەڵكەوە نییە، وەك ئەوەی نەوشیروانچییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكە ژانی سەربەخۆیی كوردستانە، چونكە بەرەیەك (بە سەركردایەتیی نەوشیروان و چەند كەسێكی دیكە) ناخوازێ كورد ئەو هەنگاوە هەڵگرێ و سەربەخۆ بێت. بەرەی سەربەخۆخوازان و نیشتمانپەروەرانیش بە سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و چەند تێكۆشەرێكی دیكە، سوورن لەسەر هەڵنانی ئەو هەنگاوە مەزنە و بە مافێكی رەوای دەزانن و دەڵێن دەرفەتەكە هاتووەتە پێش، بەڵام بە داخەوە لەلایەن بەرەی دژەسەربەخۆیی كوردستان بۆ كۆسپهەڵنان لە بەردەم ئەم هەنگاوە، خەڵكانێكی بێئاگا لە پەرەسەندنەكان بە پاساوی دواكەوتنی مووچە، كە خۆیان بەرپرسیارن، بەكار دەهێنرێن و كراونەتە كۆیلەی ئەو بەرنامەیە.
پێشتر كە (نەوشیروان) حاكمی موتڵەق بوو لەناو یەكێتی و پارەیەكی قەبەیشی لە بندەست بوو، واتە لەو دەڤەرەی ناوی لێ نرابوو (زۆنی سەوز) هەمان رەفتاری دەكرد بۆ ئەوەی خەڵكی لە یەكێتی تووڕە بكات و خۆیشی بە جوامێر و خەمخۆری دەڤەرەكە نیشان بدات، واتە خیانەتی لە یەكێتی كرد، ئێستایش خیانەت لە كوردستان دەكات و بۆخۆی لەگەڵ تەواوی ئەندامانی عائیلەكەی بە قوتی خەڵكی كوردستان لە پایتەختی وڵاتانی ئەوڕووپایی دەسووڕێتەوە و لە پشتەوەیشڕا لە رێگەی پیاوكوژەكانییەوە، كە كاتی خۆیشی لە شاخ چەندین پێشمەرگەی دڵسۆزی بەو شێوەیە لەناو بردووە، منداڵی خەڵكی دەكوژێت.
كاتی هاتووە داواكاری گشتی لە پێناو هێشتنەوەی كوردستان بە دوورگە هێمنەكە ئەركی یاسایی خۆی بەجێ بگەیەنێ و (نەوشیروان) راپێچی دادگا بكات لەسەر ئەو ئاژاوە و دەردەسەریانەی دەینێتەوە. هاوكات داوا لە خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان دەكەم رێگە نەدەن ئەم تێكدەرە بگەڕێتەوە كوردستان، چونكە كوردستانی ئازاد جێگەی تیرۆر و ئاژاوەگێڕانی تێدا نابێتەوە.




