تۆش ناڕازیت؟ یەخەی کێ دەگریت؟

بەختیار شاخی
تۆ گەنجیت، لە زۆنی سەوز و نیلی دادەنیشیت، بێ کاریت، بێ مووچەیت، میدیایەک هەیە هەموو توانای خۆی بۆ گەوجاندنت تەرخان کردووە.
تۆ گەنجیت، دڵت شکاوە، گەندەڵی و بێخزمەتی دەبینیت، ژێرزەمینە پڕ لە پارەکانی شار دەبینیت، شەقامە وێران و بێخزمەتەکان دەبینیت، گیرفانی بەتاڵ و دڵی پڕ خەمی خەڵک دەبینیت.
تۆ گەنجیت، لە دەڤەری بێ خزمەت و پڕ لە ناعەدالەتیی نیلی و سەوز دەژیت، سات بە سات کۆمەڵێک هەڵسووڕاو و داسووڕاو، چەند کادیرێکی کۆمیتە، دوو گەوجێنەری مەکۆ، چوار شەڕواڵکورت، دوو ڕیش تەنکی ئیخوان، لە بن گوێت دەخوێنن، ئەوان دەیانەوێ ئەو دیمەنەی دەیبینیت، لەبەرچاوت بگۆڕن.
تۆ گەنجیت، پڕی لە وزە و هێز، وزە و هێزێک کە دەکرێ بۆ خزمەتی وڵات و بەرگرییکردن لە خاک و گەل، بەکار بێت، لەجیاتی ئەوەی بخرێتە خزمەتی بونیادنانی داهاتوویەکی پڕشنگدار، بەلاڕێدا دەبرێت و دەیگۆڕن بۆ هێزێکی تێکدەر و سووتێنەر.
تۆ گەنجیت، دەزانیت کێ لەو دەڤەرە فەرمانڕانە، دەزانیت لە 25 ساڵی ڕابردوودا کێ ئەو دەڤەرەی چەوساندووهتەوە، دەزانیت پارێزگارەکەی گۆڕان، دانای ئەحمەد مەجید، چۆن بودجەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سلێمانی بەتاڵان برد، دەزانیت کۆمپانیای وشە لەجیاتی خزمەتی وشە بکات، خەریکی کارگەی چیمەنتۆ و تانکەری نەوت و ناشرینکردنی وشە بووە، دەزانیت گردی زەرگەتە لەسەر کێ تاپۆ کراوە، دەزانیت هەرچی کۆمپانیای ئەو دەڤەرە هەیە لەلایەن چ باڵێکەوە قۆرخ کراون، دەزانیت کێ بەرپرسی هەموو گەندەڵی و کەمتەرخەمییەکانی ئەوێیە، تۆ دەزانیت لەوێ بەرپرسێکی پارتی هەر هێندەی تۆ کاری پێ دەکرێت، دەزانیت نەهامەتییەکانی کادیرێکی پارتی لەوێ لە کێشەکانی تۆ زۆر زیاترە، کەچی هەڵسووڕاو و گەوجێنەر و کادیر و مەلاکانیان دێن و درۆت لەگەڵ دەکەن، کەچی میدیا گەوجێنەری بەناو ئەهلی و میدیا ڕەسمی و سێبەرەکانیان دێن و دەتخەڵەتێنن، دێن و پێت دەڵێن هەمووی خەتای پارتییە.
تۆ گەنجیت، دەبێ چاوت بکەیتەوە، دەبێ وێنەکە وەکخۆی ببینیت، دەبێ گەندەڵەکان ببینیت، دەبێ لەوان بپرسیت ئەرێ کوا ئەو پارەیەی خۆتان دەتانگووت لە ژێرزەمینەکان حەشار دراون، لێیان بپرسە، کوا بودجەی ئاوەدانکردەوەی سلێمانی، لێیان بپرسە کوا پارەی کارگەی چیمەنتۆ، لێیان بپرسە کوا پارەی ئەو هەزاران تانکەرە نەوتەی بەرپرسەکانتان شەڕی لەسەر دەکەن و ئاودیو دەکرێت، لێیان بپرسە کوا پارەی گومرگەکانی ئەو سنوورە، لێیان بپرسە بۆ چوونە لای مالیکی و داوای بڕینی بودجەی کوردستانتان کرد، لێیان بپرسە بۆچی هەمیشە خەنجەری نامەردانەتان بۆ پشتی براکانتان ئامادەیە.
تۆ گەنجیت، مەبە بە مەڕ، سەرت بەرز بکەوە و ببینە، بیر بکەوە و مەهێڵە بتگەوجێنن، ببینە پارتی لە کوێ بێت ئاوەدانی و ژیانی ئارام لەوێیە، کەچی ئەوان پێت دەڵێن نەهامەتییەکانی دەڤەرەکەیان خەتای پارتییە. چاوت بکەوە و ببینە، گەندەڵ و شکستخواردووەکانی دەڤەرەکەت هەر بەوە نەوەستان کە تۆیان بێ کار کرد، هەر بەوە نەوەستان ژیانی تۆیان پڕ کرد لە دڵەڕاوکێ، ئێستا دێن و بەگژ برایەکەتدا دەکەنهوه، دێن و بەردێک دەدەنە دەستت تا شوشەیەک بشکێنی، دارێکت دەدەنێ تا سەری براکەتی پێ بشکێنی، چەکێکت دەدەنێ، نەک بۆ شەڕی داعش، بەڵکو بۆ ئەوەی بچی تەقە لە بارەگایەکی پارتی بکەیت. تکایە چاوت بکەوە و بزانە کییە دەڤەرەکەتی بێ خزمەتگوزاری و گەلەکەتی برسی کردووە، ببینە و مەهێڵە چیدی بتگەوجێنن، ببینە و پێیان بڵێ ئیتر بەسە، ببینە و لە دژی ئەوان وەرە سەرشەقام.




