ئەوەی لە سلێمانی رووی دا، میتینگ نەبوو

ئامانج عەبدوڵڵا سوور
پشێوییە دروستكراوەكەی رۆژی 8ی ئۆكتۆبەر لە سلێمانی، لە فۆرمی خۆپیشانداندا شوناس ناكرێت، ئاخر خواست لەنێو ئەم گردبوونەوەیەدا حزووری نەبوو، ئەوەی رووی دا، نەگوزارشت بوو لە خواستی سلێمانی و نەخۆرسكیش بوو، ئەوەی رووی دا، پیلانێك بوو بە تەزری كولتووری سڕینەوە هاتبوو؛ كولتوورێك خواستیهتی، بە زەبری نابەڵەدان ئیرادەی تاقە لایەنێكی ئانارشیست فەرز بكات، ئەمە باهۆزێكە هەستیارە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیی، دانەجیڕەی دێ، ئەودەمەی باس لە دەوڵەتی كوردستان ئەكرێت، رەوتێكە بەو ئەجێندایەی بێگانەوە هاتووە و، مەراقی گەورەی ئەوەیە گرێی قورس لەسەر جەستەی نیشتیمان جێبهێڵێت، خۆ ئەوەی كە رووی دا هاتنە سەرجادەی رۆبۆتەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەی ئەوەنییە رووخسارێكی دیاری شارمان تیادا نەدۆزییەوە! ئەوەبۆیە لەكاتێكی دیاریكراودا دەستی پێكرد و لە وادەی تەواوی خۆیشیدا كۆتایی هات، چونكە ئەمە میتینگ نەبوو و شوێنەواری وێرانكاریی لە دوای خۆی جێهێشت، هێشتا شەقامەكانی شار لە شوێنەواری بەرد و تایەی سوتاو و ئاگربەردان لە دارودەوەنی شار، پاك نەكراونەتەوە!
ئیتر وادەی ئەوەیە سلێمانی لەهەمبەر ئەم باهۆزە ئەنارشیستە زەبروەشێنە، بێدەنگی هەڵنەبژێرێت، ئەوە هەر سلێمانی بوو لە نیوسەدەی رابردوودا و لە نۆی حوزەیراندا مەرگی هەڵدەبژارد، نەك شكاندنی ئیرادەی نەتەوەیی، ئەوە هەرسلێمانی بوو لە 13ی حوزەیرانی 1994دا بە گۆڕانخوازەكانی ئێستای وت، ناتوانن بەر بە لێشاوی توڕەییمان بگرن، ئەوشارەی لەناو حامیەی جاران و پاركی ئازادیی ئێستادا، شاعیرێكی بە دەستی جەلادەكانی ئێستای گۆڕان بووبە قوربانی، ئیتر وادەی ئەوەیە هەزاران نا و نا، بۆ گۆڕان و سەری گەورەیان كە نەوشیروان مستەفایە، ریز بكات و بۆ دواجار پێی بڵێت، ئێوە زۆر نامۆ و بێگانەن بەم شارە، هێشتا شار زووخاوی زیاتر لە بیست ساڵی حوكمڕانیتان هەڵدەهێنێتەوە، بەدەم ئازاری لەشەكەتدانیەوە گینیگڵ ئەخوات.
ئەوەی لە سلێمانی رووی دا، میتینگ نەبوو، بەرهمێنانەوەی كولتووری رق و كینە و بەرد و دەبە وەشاندن و ئاگربەردان لە سامانی گشتی و نائارامیی دەروونی بوو، رەنگرێژكردنی كولتووری بەڕۆبۆتكردنە كە لە گردەكەوە سەرچاوەی گرتووە و شارێك بەدەستییەوە دەناڵێنێ.




