٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

جنێودەری عەدالەتخواز

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڵسووڕاو و كادیر و میدیا و فەیسبووكچییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، زۆر جنێویان دا. ئەگەرچی جنێودان كردەیەكی ناموڕاڵی و فرەنامەدەنییە، بەڵام دەستبردنی خێرای گۆڕان بۆ جنێودان هەمیشە جێگەی پرسیار بووە. ئایا جنێو كێشەكان چارەسەر دەكات؟ ئاشتیی لێ بەرهەم دێت؟ گفتوگۆی عەقڵانییە؟ مووچە زیاد دەكات؟ مرۆڤ جوان دەكا؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە نەخێرە. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بە جنێو و شەڕی ڕاگەیاندن ناسراوە و، نەیارەكانی بە جنێودان و چەواشەكاری ناشرین دەكات؟
فۆڕمۆڵێكی دەروونناسی لەبارەی جنێوه‌وه‌ هەیە كە دەڵێ: "جنێودەر و كەسی هەڵچوو، جگە لە زبری و جنێو، زمانی پەیوەندی نازانێ. ئەوە ڕۆحی ئینكار و هەڵچوون و عەبەسییەتە هانی جنێودەر دەدات جنێو ببەخشێتەوە".
عاقڵمەندانی پشت مەكینەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و ژوورەكانی دی، زۆر چاك دەزانن جنێو چارەسەری گرفتەكان نییە و بگرە قووڵتریشی دەكاتەوە. دەیانزانی بەشێكی هەستیاری حكوومەت كە دەبێ وەڵامی بێمووچەیی خەڵك بداتەوە، لە دەستی خۆیانە. دەیانزانی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و دوو ملیۆن ئاوارە و ئابڵۆقەی ئابووریی بەغدا، هۆكارن كە لەسەر پێشنیازی كوردێكی هاوسەنگەری دوێنێیان بەسەر گەلی كوردستاندا سەپێندرا. بەڵام بۆچی هەر جنێویان دا؟؟؟
جنێوە بێ موناسەبەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بۆ چارەسەری گرفتەكان نەبوو. بۆ ئەوە نەبوو جەماوەری پارتی لە پارتی بشۆرێنن. بۆ ڕاگرتنی جەماوەری خۆیان و هەڵمژینی جەماوەری یەكێتییش بوو. ئاخر گۆڕان لەسەر دژایەتیی پارتی و جنێودان بە پارتی دەژیێت. كەشێكی وای بۆ هەواداران و جەماوەری زۆنی سەوز دروست كردووە، كە ئەوەی پتر زبر بێ و جنێو بە پارتی بدات، ئەوە دڵسۆزتر و عەدالەتخوازترە. بەم تاكتیكە بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی برد.
عاقڵمەدارە دەستڕۆییشتووەكانی ناو یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی پارلەمانی عێراقی، ئەم نهێنییەیان كەشف كرد و ڕێی زبری و جنێودانیان گرتەبەر. ئیتر كێبڕكێی جنێو و زبری لە دژی پارتی، توندتر و توندتر بوو. ئێستا بەشێكی یەكێتی و هەموو گۆڕان لە دۆخی هەڵبژاردنی بەردەوامدا دەژیێن بەرانبەر بە یەكتری. كامەی جنێو پتر بدات، جەماوەری ئەوی تر زیاتر ڕادەكێشێت. ئێستا كار گەییشتووەتە ئەوەی داهێنان لە جنێو و درۆ و چەواشەكاریدا دەكرێت. لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەموو جنێوێك كە قابیلی گوتن بن، لە ڕاگەیاندنەكانیان تاقی كرانەوە. ئێستا بە تیلەچاوێك سەیری ڕاگەیاندن و سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بكەن، دەزانن یەكێتی و گۆڕان، بە چیی دۆخێكی خراپدا تێپه‌ڕ دەبن. وەك بڵێی جنێوی ڕەسمی و سیاسی، كۆتایی هاتبێت، ئیتر سەرەی جنێوی شەعبەوی و ناشرینترە.
ئێستا پرسیاری هەرە سەرەكی ئەوەیە، ئایا دەكرێ بە جنێودان و شەڕی ڕاگەیاندنی هەمیشەیی و زبری و چەواشەكاری، سیاسەت بكرێت؟ چۆن بە نەفەسی دوژمنكاری دیموكراسی بنیات دەنرێت و وڵات پێش دەكەوێت؟ لە جنێو و زبری و ڕەفتاری ناتەربەویدا چیی پێشكەشی فەرهەنگی سیاسی و كولتوور و ئەدەب و جیلی نوێ دەكرێ؟
 

هەواڵی پەیوەندیدار