سهركردهی پۆپۆلیستی، تاسهر ئێسقان دژی دیموكراسییه؛ پێناسهی هاووڵاتی دهگۆڕێت بۆ شوێنكهوته

ڤلادیمێر تۆرێس*
لە ڕووی مێژوییەوە پۆپۆلیزم لە سیاقی قەیرانە سیاسییەكاندا سەرهەڵدەدات، ئەویش كاتێك شەرعییەتی دامەزراوەكان دەكەونە ژێر گومانەوە، پۆپۆلیزم خۆی لە خۆیدا كێشەیەكی سیاسییە، لە سەروەختی قەیرانەكانی پەیوەست بە نوێنەرایەتیی سیاسی گەشە دەكات و تا سەر ئێسقان دژ بە دیموكراسییە.
سەركردە پۆپۆلیستەكان لە دەرەوەی دامەزراوەكان دروست دەبن، تەنانەت ئەگەر لە ڕێی دامەزراوەكانیشەوە جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوا بە ماوەیەكی كەم دەست دەدەنە لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەیان، یاخود هەڵدەستن بە هەڵتەكاندنی ئەو دامەزراوانە، چونكە ئەو دامەزراوانە سنووربەندییان بۆ دروست دەكەن، كاتێك كە هەوڵی كەڵەكەكردن و كۆكردنەوەی دەسەڵات دەدەن لە دەستی خۆیاندا. واتە كاتێك دەگەنە دەسەڵات ئەوا ئەو ڕایەڵە ڕاستەوخۆیەی كە سەركردە پۆپۆلیستەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد لەگەڵ خەڵكەكەدایە، دەگۆڕێت بۆ پەراوێزخستنی میكانیزمە دامەزراوەییەكان. هەروەها ڕێكخراوە تەقلیدییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پارتییە سیاسییەكانیش بەتایبەتی دەبنە چەند میانگیرێكی ناپێویست لە پرۆسە سیاسییەكەدا، واتە لە دیتی ئەوانەوە ئەمانە كۆسپ و تەگەرهن و پێویستە ڕابماڵدرێن و تەخت بكرێن، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بناغەكانی دەسەڵات بونیاد بنرێنەوە.
بە كورتی پۆپۆلیزم ئامانجی دروستكردنی هاووڵاتی نییە، بەڵكو دەیەوێت شوێنكەوتە بێت. هەروەها لە دیت و تێڕوانینی پۆپۆلیزمەوە دامەزراوە دیموكراتییەكان ئاستەنگن لە بەردەم ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، ئەم تێڕوانینەش بناغەی ئیلهامبەخشینە بە سەركردایەتیی پۆپۆلیستی و بنچینەی پشتیوانییە كۆمەڵایەتییەكەی بۆ فەراهەم دەكات.
ئەگەر پۆپۆلیستەكان نوخبەی تەقلیدی بە دوژمن بزانن، ئەوا پێیانوایە ئەو دامەزراوانەی لە ئارادان تەنها بۆ برەودانن بە بەرژەوەندییەكانی ئەو نوخبەیە و دەبێت ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بهێندرێت. ڕاپەرینە پۆپۆلیستییەكان لەسەر بنەمای ئەو لۆژیكە سەرهەڵدەدەن، -ئەمەش بە میرات لە شۆڕشی فەڕەنساییەوە ماوەتەوە- كە هەر كاتێك خەڵك ویستی، ئەوا نابێت دەستوور و دامەزراوەكان لە ڕێیاندا بوەستن. ئەمە بەو مانایە نییە كە ڕژێمە پۆپۆلیستەكان ئامرازە دیموكراتییەكان ناگرنەبەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام كاتێك لە سەروەختی هەڵبژاردنەكاندا بژاردە پۆپۆلیستییەكان دەبنە بەدیلێكی جیددی، ئەوا دامەزراوە دیموكراتییەكان لە مەترسیدا دەبن، یاخود لەكەدار دەبن. ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكەین: ئایا دامەزراوە دیموكراتییەكان هەڕەشەی پۆپۆلیزمیان لەسەرە، ئەوا وەڵامەكە -بەڵێ-یەكی بێ پێچ و پەنایە. پۆپۆلیزم هەڕەشەیەكی جیددییە لەسەر دیموكراسی، چونكە دەبێتە مایەی دابەشبوون و جەمسەرگیری و نالێبوردەیی و دژایەتیكردنی فرەیی، هەروەها لەسەر كەڵكوەرگرتن لە درز و كەلێنە چینایەتی و ڕەگەزی و ئیتنی و دابەشبوونی شار و گوندەكان گەشە و نەش و نما دەكات.
*سەرچاوە: كاریگەریی پۆپۆلیزم لەسەر گەشەی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری




