بۆ سۆران عومەر! تۆ ڕەمزی نیشاندانی بەربەریەت بوویت، ناتوانی چاكەتی مرۆڤدۆستی بپۆشی!

كاوە میران
سۆران عومەر، زوو زوو بۆ سوكایەتیكردن بە ئەزموونی سیاسی و حوكمڕانێتیی كوردستان و ڕەشكردنی ئەرزوئاسمانی ئەم وڵاتە، هەرچیی ڕق و كینەی خۆی و كۆنەهاوسەنگەرەكانی ناوچەی هەورامان و كوڵانەكانی جوندولئیسلام هەیە، بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دادەبارێنێ.
لە ڕاستیدا ئەگەر هەموو كەس ڕەخنە بگرێت و تۆمەتیش بۆ تەجرەبەی هەرێمی كوردستان هەڵبەستێ، نابێ ئەم سۆران ناوە قسە بكات؛ بەڵێ تۆ بۆت نییە، چونكێ تۆ خۆت قاتیلیت و، لە دادگایش داواكراویت، خەڵك بیری نەچووهتەوە، ئەو كاتەی هاوڵە تیرۆریستەكانت پێشمەرگەیان سەردەبڕی، تۆ دەستیار و وێنەگریان بوویت، تۆ ڕەمزێك بوویت بۆ نیشاندانی بەربهریەتی ئەو تاقمە ئیسلامییە وەحشییە، تۆ وێنەی دەنگ و ڕەنگی ناموبارەكت لە بەر دەستی میللەت و قانووندایە، كە بە دەم قاقای پێكەنیین و پێكی سەركەوتنەوە، تاوانی خێڵی حەمەت بۆ هاوسەنگەرەكانت دەگێڕایەوە، بۆیە ئەگەر هەموو كەس بۆی هەبێت، قسە لەسەر ئەدا و كاروباری حكوومەتی كوردستان بكات، تۆ هەرگیز ئەو حەقەت نییە.
ئەوە بێسەروبەریی ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامی تووندڕۆیە لەم وڵاتەدا، كە ڕێگە دەدا كەسانی ڕابردوو پیسی وەكو تۆ، ببنە دەمڕاست و دەربڕی بیروڕای ئازاد!! ڕۆژێك ئەم ئۆپۆزسیۆنە هەر دەبێ بێتەوە سەر خەتی نیشتیمانی، بەڵام زاتێكی وەكو تۆیش كە هێشتا هێستریای مرۆڤكوژی و ئایدیای ئەنسارولئسلام بەری نەداوی، هەر دەبێ به سزای گەل و یاسا بگەیت و، ئەمڕۆ یا سبەی بخرێیتە پشت دهرگا ئاسنینەكانی زیندان، بۆ ئەوەی باجی ئەو تاوانانەت بدەیت كە كردووتە، تا لە مێژووی كوردستاندا بكرێیتە پەند و عیبرەت.
بۆ ئەوەی جارێكی دی، تاوانكارێكی وەك تۆ، نەكرێتە ئەندام پەرلەمان و لە ئەندام پەرلەمانیشەوە، بۆ سوخرییە و گاڵتەجاڕی، نەكرێتە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ!!
تۆ ئەوەی پێویستە قەت خۆتت لە بیر نەچێتەوە، كە ناتوانیت خۆت لە ئەسارەتی فكری تیرۆریستی و ژەنگگرتوودا ڕزگار كەیت، پاشخانەكەت دەڵێ: تۆو و هاوفكرەكانت دەیانەوێت ویژدانی مرۆڤایەتیی كۆمەڵگا بكوژن، بۆیە تۆ ئەو كەسە نیت بەرگری لە ئینسانییەت و نرخی ژیان بكەیت!!




