بەڵێ سەیرە و زۆریش سەیرە!

ئاریان فەرەج
بە ڵێ، نەك هەر سەیرە، رەنگە هیچ لەوە سەیرتر نەبێ تۆ سەرۆكێكی بەهێز بە وڵاتی خۆت رەوا نەبینی و، میللەتی خۆت بە شایستەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی بە دەسەڵات نەزانی و، باوەڕت وا بێت تەنیا لە حاڵەتێكدا گەل بۆی هەیە سەرۆك هەڵبژێرێت، كە سەرۆكێكی بێ توانا و بێدەسەڵات و كارتۆنی بێت.
كوردستان كە لە ئێستادا بە رەوش و قۆناغێكی نائاسایی و نالەبار و بەكێشە و بێشەدا تێدەپەڕێ، نەك هەر سەرۆكێكی بەهێز و بەدەسەڵاتی بۆ سەرۆكایەتیی وڵات پێویستە، بەڵكە یەك بە یەكی دەزگا سەروەرییەكانی دیكەشی سەرۆكی بەهێز و بە ئەزموون و بە ئیرادە و کۆکەرەوەیان پێویستە.
ئەو رەوشەی بەسەر پەرلەمان هات، وانەیەك بوو ئەو راستییەی سەلماند، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نەیتوانی كۆكەرەوەی هەمووان بێت، نەیتوانی بەیەك مەسافە لە هەمووان نزیك بێت، نەیتوانی سەرۆكێكی بەهێز بێ و ئیرادەی پەرلەمان بەرزتر لە خواستی حزب رابگرێت، دواجار كاروبارەكان لە پەرلەمانەوە گەڕانەوە بۆ حزبەكان.
حكوومەتیش مەترسییەكی لەو جۆرەی لەسەر بوو، ئاخر هەمان ئەو حزبانە لە حكوومەتیشن، بەڵام وجودی كەسایەتییەكی بەئیرادە، كە توانی وەك سەرۆكی حكوومەت هەڵسووڕێ نەك وەك نوێنەر و راسپێردراوی حزبەكەی، توانی پشتیوان و ئالیكاری تێكڕای وەزیرە هاوكارەكانی بێت، توانی روئیای هەمووان لە كارنامەی حكوومەتدا جێ بكاتەوە، توانی، گیانی كاركردن وەك تیم بكاتە پرنسیپ، حكوومەتی لە ململانێ و لێكترازان دوور خستەوە.
روئیای پارتی و لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی دەربارەی دواپێشنیازەكانی حزبەكان، روئیایەكی قەتیس نییە لە ئێستا و لە سەرۆكێكی دیاریكراودا، تێڕوانینێكە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵات، روانگایەكی كوردستانبینە و دەزانێ لە هەلومەرجێكی گڕگرتووی قەیراناویی پڕ لە پێشهات و ئەگەری جۆراوجۆردا، كە ناوچەكەی پێدا گوزەر دەكات و مەعلومیش نییە تا كەی دەخایەنێت، كوردستان بۆ ئێستا و دواتریش سەرۆكی بەدەسەڵات و بڕیاربەدەستی پێویستە، كە وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی قۆناغەكە بێت، جا ئیتر ئەو سەرۆكە هەركەس بێت و لە هەر لایەنێك بێت.
لە هەلومەرجی لەو جۆرەدا، هەر میللەتێك بیر لە هێنانەمەیدانی بەهێزترین و لێوەشاوەترین كارەكتەرەكانی دەكاتەوە. دەسەڵات و پشتگیری و سەرپشكیی میللی زیاتر بۆ سەرۆكایەتی و دامەزراوە سەروەرییەكانی بە پێویست دەزانێ، نەك داماڵینی سەرۆك و دامەزراوەكانی وڵات لە دەسەڵات و ئیرادە و بڕیار.
پارتی بۆ كوردستان و سەركەوتنی لەو گرەوە مێژووییەدا و گەیشتنی گەلەكەمان بە دوائاوات، سەرۆك و دامەزراوی بەدەسەڵات دەخوازێ، نەك دەسەڵات بۆ سەرۆكێكی دیاریكراو بخوازێ. لە هەمان كاتیشدا، گەلەكەمان، كە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكان و شەرعیەتی هەموو لایەكمانە، نابێ سووك سەرنج بدرێ و بە شایانی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی بەدەسەڵات نەزانرێ.
بەڵێ، سەیرە و زۆریش سەیرە، پەرلەمان، كە شەرعیەتی لە گەل وەرگرتووە، بۆی هەبێت دەسەڵات بدات و سەرۆكی بەدەسەڵات هەڵبژێرێ، بەڵام گەل خۆی بۆی نەبێت !!




