٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەڵوێستی سەرۆك بارزانی هەمان هەڵوێستی پێشووە

سەرچاوە: KDP.info

"هەولێر"

لە چەند كەناڵێكی راگەیاندنی سەر بە حزبەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، كە گوایە پەیامەكەی جەژنی سەرۆك بارزانی، لەژێر گوشاری ئەمەریكا نووسراوە. جا بۆ ئەوەی رای گشتی بە هەڵەدا نەبرێ و بەرچاوی حزبەكانیش روونتر بێت، دووپاتكردنەوەی هەندێ راستی و دووبارە بیرهێنانەوەی هەڵوێستەكانی سەرۆكی هەرێم پێویستن.


ئەوەی لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنەوە هاتووە، تازە نییە و هەمان هەڵوێست و روئیای نەگۆڕی بەڕێزیانە بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی، بارزانی بەر لە دوو ساڵ و لە نامەكەیدا بۆ پەرلەمان و حزبەكان، هەمان بیرو ڕا و هەمان هەڵوێستی دەربڕی و پەرلەمان و حزبەكانی سەرپشك كرد كە لەسەر چارەسەرێكی تەوافوقی بۆ پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم رێك‌کەون و، ئامادەییشی دەربڕی كە ئەمانەتەكە تەسلیمی هەر كەسێك بكات كە هەمووان پەسەندی دەكەن، زیاد لە جارێكیش بارزانی ئەو رەئیەی رەت كردووەتەوە كە بێ بەدیل بێ و، تەنانەت هەر هاووڵاتییەكی كوردستانی بە بەدیل و شایستەی جێگرتنەوەی خۆی زانیوە.

 

ئەو كاتەش كە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەو قەیران و ناكۆكییە ناوەختەی لێ دروست كرا، هەڵوێستی بارزانی هەر هەمان ئەو هەڵوێستە بوو كە لە پەیامەكەی جەژندا دووپات كراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە : دەسەڵاتەكان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك بابەتێكە و دەبێ لە دەستووردا چارەسەر بكرێ و جیاوازە لەو بابەتەی لە ئێستادا كێ سەرۆكی هەرێمە و ئایا بەردەوام دەبێ یان ئەمانەتەكە رادەستی كەسێكی دیكە دەكرێت.


پەیامی جەژنانەی سەرۆك، لە بنەڕەتدا كردنەوەی دەریچەیەكی دیكە و هاوكاریی حزبەكانە لە گفتوگۆكاندا و، دەكرێ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو سوودی لێ وەربگیرێت. بۆیەش چاوەڕوانی لە هەموو لایەك ئەوەیە بە گیانی بەرزی مەسئولیەت مامەڵە لەگەڵ پەیامەكە و پرسەكە بكەن و، چارەسەرێكی ئەوتۆ ببیننەوە كە بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان دابین بكات .


پەیامی جەژنانەی سەرۆك، لە ژێر گوشاری ئەمەریكا و هیچ لایەنێكی دیكەدا نەبووە و تەنیا وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیی میللەت و، خەمخۆرییە بۆ چارەسەریی گرفتەكە و تێپەڕاندنی گەلەكەمانە لەو قەیرانە ناوەختە.


كوردستان لە رەوشێكی نالەباردایە و گەلەكەمان گیرۆدەی جۆرەها گرفت و بارگرانییە، جگە لە شەڕی سەخت و پەلاماری دوژمن و ئەو هەموو شەهید و قوربانییە، سەرباری ئابڵوقە و گوشاری دارایی، كە جۆرەها ئاستەنگی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵك دروست كردووە، حەواندنەوەی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەریش گوشارێكی دیكەی لە توانا بەدەرە و كاردانەوەی لەسەر هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری و لەسەر كۆی كۆمەڵگەی كوردستان دروست كردووە. ئەوروپاییەكان نیوەی ئەو ژمارەیە لە ئاوارە رووی تێكردوون، خەریكە هاوسەنگی و بەڵانس لە دەست دەدەن و رەوشەكەیان وەك باری نائاسایی جاڕ دەدەن. هەر وڵاتێكی دیكە لە ژێر ئەو هەموو گوشار و گرفتەی كوردستاندا بووایە، وەك رێكارێك بۆ بەرنگاربوونەوەی تەنگ و چەڵەمەكان، دەمێك بوو باری نائاسایی جاڕدابوو.


بۆیە، بە هەموو لۆژیك و لێكدانەوەیەكی خەمخۆرانە، لە ئێستادا رێگەیەكمان لەپێش نییە غەیری یەكگرتوویی و یەك هەڵوێستی و پێكەوە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە، تا بە هەموومان بپەرژێینە سەر بەهاناوەچوونی گەلەكەمان و كەمكردنەوەی مەینەتییەكانی و، پشتگیری و پشتیوانیی زێدەتر بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان بە ئامانجی سەرخستنی وڵات لەو شەڕە چارەنووسسازە و پێكەوە گەیشتن بە دوایین ئومێدی میللەتەكەمان.

هەواڵی پەیوەندیدار