خۆشەویستیی وڵات و ڕەخنە لە خۆمان

حوسێن کوردنەژاد
لەماوەی رابردوودا، باس باسی سیستمی سیاسی و مۆدێلی جیاوازی داڕشتنەوەی ستراکچرێک بۆ ئیدارەی وڵات بوو، کە بە قەولی فەیلەسووفەکانی کۆن وەک ئەفلاتۆن و.... خۆی بەشێکە لەو چەمکە سەرەکییەی فەلسەفەی سیاسی کە پێ دەگۆترێ -رێژیم-. چەمکێک کە تاکوو ئێستایش موناقهشه لەبارهیهوه بەردەوامە کە واتایەکی زۆر بەرینتر لە ستراکچری هەیە، تەنانەت مێژوو و ئەنیستیتوتەکانی فۆرمال(یاسا نووسراوەکان) و نافۆرمال (دابونهریت و مێژووی تایبەت بە و کۆمەڵگایە)ە.
ریداکشنیزم، یانی کەمكردنەوە و بچووککردنەوەی بابەتەکان دیاردەیەکی باوی ئەو کۆمەلگایانەیە، کە توانای فیکری قەد نادات پرسەکان نەک هەر باش بزانن، بەڵکه پێشیشی بخەن، بە پێچەوانەوە، سەر و گوێلاکی دەبڕێن و شتێکی بچووککراوی لێ دێتە دەر و باس و خواسی لە سەر دەکەن، نموونە موناقهشهی بیری چەپ لە 60، 70 و هەشتاکاندایە لە ولاتی ئێمەدا.
ئێستا باسی کوردستان باسی بەشێکی بچووکی ئەو چەمکە گەورەیەیە کە بریتییە لە رێژیم.
پرسیار بکەین داخوا رێژیمی دڵخواز و نموونهی باڵا لە دنیادا بوونی هەیە؟ بە نادروستی و ناکامڵی، جۆرێک لە دێمۆکراسی پێشنیاز دەکەین و، ئەوش دەکەینە مۆتەڵەق. هەر هەنگاوێکی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم مۆدێلەمان نەیهتەوە، رەتی دەکەینهوه. بۆیەشە موناقوشهی نێوان كارهكتهرهكان دەگاتە بنبەست و کۆمەڵگا تووشی قەیران دەکات. لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر لە سەر پرسەکانی وڵات بە دیتگایەکی فراوانتر -رێژیم-مان مەبەست بایە، رێگای باشترکردن و گەشەی ژیان و سیاسەت ئاسانتر دەبوو.
کار و تێکۆشانی فیکری سیاسی و کۆمەڵایەتی، بۆ گەیشتن بە رژێمێکی باشتر لەوەی ئێستا هەمانە، ناوەرۆکی سیاسەت و کاری فیکری ئینسانی کوردە، هەبوونی بواری ئازاد بۆ ئەم تێکۆشانە وامان لێدەکات کە بتوانین بڵێین، نەک هەر کوردستانممان خۆش دهوێ لەبەر ئەوە کە وڵاتی خۆمانە، بەڵكه لەبەر ئەوە کە ولاتێکی باشە.
بەخشینی ئەم هەستە بە ئینسانی کورد، ئەرکی رێژیم(یاساکانی فۆرمال و نافۆرمال و ئەمنییەت و هەلسوکەوتی ئەحزاب و.....)ی ئیستای کوردستانە. ئەو ئینسانە کە لە کاردا بێت بۆ دامەزراندن و بە واقیعگەیاندنی رێژیمێکی باشتر بۆ کوردستان، کۆچ ناکات؛ دەبێ بگەینە ئەو ئاستە کە، نەک هەر کوردستانمان خۆش بوێ لەبەر ئەوە کە وڵاتی ئێمەیە، بەڵكه لەبەر ئەوەش کە وڵاتێکی باشە.




