بۆ كانتۆنخواز و ویلایەتخوازان: وا بڕوات دەبینە هیچ

زكری مووسا
دوای یەكەم شەڕی جیهانی، ئینگلیز و فەڕەنساییەكان عێراق و سووریایان دروست كرد. دوو دەوڵەتی قەڵپ و ساختەیان خستە سەر پێ. هێزی دەریایی شاهانەی بهریتانیا دەستێكی باڵای لە كێشانی سنوورەكاندا هەبوو. ئەوان بوونی گەلی كوردیان نادیتە گرت و، بێڕەحمانە و لەبەر خاتری نەوت، دابەشیان كرد. دەوڵەتە قەڵپە نوێیەكان بوونە جەللاد و بەربوونە گیانی گەلی كورد. هەموو شێوازێكیان بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی تاقی كردەوە.
سەد ساڵ ماوەیەكی كەم نییە بۆ ئەوەی نەیارانی گەلی كورد بتوانن هەبوو و نەبووی لێ بستێنن. كورد شۆڕشی كرد و بەرگری لە مانەوەی خۆی كرد. بەڵام فەرهەنگ و زمان و بڕوابەخۆبوونی خۆی لە دەست دا.
ئێستا ئەو دوو دەوڵەتە جەللادە و دوو دەوڵەتە داگیركارەكەی تری كوردستان، سەرچاوەی وەحشیگەری و سەرئێشە و تیرۆرن بۆ هەموو جیهان. جیهان تازە بۆی دەركەوتووە سایكس پیكۆ چەندە كارەساتبار بووە و، دەبێ پێداچوونەوە بكرێت بە نەخشەكان. جیهان بۆی دەركەوتووە كە دابەشكردنی كورد هەڵە بووە. بەڵام ئێستا ئەوە كوردە ملی دابەشبوون و پەرتەوازەیی و لەتلەلەتبوونی گرتووە، ئەویش بەبێ ئەوەی ڕۆحێكی دەستەجەمعیی هاوبەش بیپارێزێت و، بە یەكی ببەستێتەوە.
حزبەكان، ئایدیۆلۆژییاكان، نەفەسی شارچێتی و ناوچەگەری و عەشیرەتگەری، شەڕی ناوخۆ، جینۆسایدی فەرهەنگیی داگیركاران، نەبوونی بڕوابەخۆبوون و پاشكۆییخوازیی هەر هەمووی بووەتە هۆی ئەوەی، تاكی كورد بە جۆرێك لە جۆرەكان دژی ڕۆحی هاوبەش بجەنگێت و، ئازاری بدات و چڕنوكی پێدا بكێشێت.
ئەم جەنگە مایەپووچە و هیچی لێ بەرهەم نایهت و، دژی ئازادی و بوونەكەیەتی. سەرنج بدەن، هەموو گەلانی سەربەست و ئازاد بە چنگ و ددان بۆ وڵاتەكەیان تێدەكۆشن. تێكۆشان تەنیا هەڵگرتنی چەك نییە. تێكۆشان واتە تۆ لە هەموو چركەساتێكدا دڵداری لەگەڵ وڵاتەكەت و هاونیشتیمانەكانت و مرۆڤایەتی بكەیت. تێكۆشان ئەوەیە پشت لە جەهل بكەیت.... لەگەڵ خۆت نەرم و لەگەڵ دژمن و داگیركار ڕەق بیت. تێكۆشان ئەوەیە بە سەرمایەی ئەم میللەتە بوێری و، دلێری و بڕوابەخۆبوون لە خەڵك نەستێنی. ڕق و جەهل و فانتازیا و نابەرپرسیارێتی بەسەر تاكەكاندا دابەش نەكەین. ئەم وڵاتە نەكەینە شوێنی تەراتێنی دەستگا هەواڵگرییەكانی داگیركاران. كامەمان تێكۆشەر و دڵدارین؟؟
وا بڕوات و هەموومان بێباك بین بەرانبەر هەبوو و نەبوومان، ئەوا شیرازەی كەسایەتیی مرۆڤی كورد هەڵدەتەكێ و، هیچی لێ نامێنێت. ئەو شتەی داگیركاران بە گوللە و بارووت نەیانتوانی بیكەن، خۆمان بە دەستی خۆمان دەیكەین.




