٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ده‌ستپێكردنی چاكسازی، سنووردانانه‌ بۆ پۆپۆلیزم

سەرچاوە: KDP.info

هەردوو پرۆفیسۆر پاتریشۆ ناڤیا و ئیگناسیۆ وڵكەر، لە چاپتەری هەشتەمی ئەو دیراسەتەی لە زانكۆی ستانفۆرد بە ناونیشانی (دامەزارەوە سیاسییەكان و پۆپۆلیزم و دیموكراسی لە ئەمه‌ریكای لاتینی) ئامادەیان كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكێك لەو تەحدییە سەرەكیانەی هاتووه‌تە بەردەمی بونیادی دیموكراتی لە دەوڵەتانی ئەمه‌ریكای لاتینی، دەركەوتنی سەركردە پۆپۆلیستەكانە.

مەترسیی لەمە گرینگتر ئەوەیە، ئەو سەركردە پۆپۆلیستیانە بە رێگەی دەنگدان دەردەكەون، كاتێك ئەو سەركردانەش دەركەوتن دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراتی لاواز دەبن، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، پێویستە دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراتی بەهێز بن و بچەسپێنرێن بۆ ئەوەی دیاردەی پۆپۆلیزم سەرهەڵنەدات، ئەو دوو پرۆفیسۆرە زۆر راشكاوانە دەست دەخەنە سەر برین و ئاستەنگەكانی بونیادی دیموكراتی لە دەوڵەتانی ئەمه‌ریكای لاتینی و دەڵێن: پۆپۆلیزمی تازە(Neo-Populism) دێتە ناو پرۆسە دیموكراتییەكە و رەچاوی بنەماكانی گەمەی دیموكراتی دەكات و، بە رێگەی سندووقی دەنگدان دێتە ناو پرۆسەكەوه‌، بەڵام ئامانجی پۆپۆلیستەكە بەرهەمهێنانی دیموكراتیی كەسیی پۆپۆلیستەكەیە(personalistic democracy) نەك بونیادی سیستمی دیموكراتیی نوێنەرایەتیی دامەزراوەیی، ئەمەش وەك دیموكراسیەتی هۆگۆ شافێز لە فەنزویلا، نیستۆر كیرچنەر لە ئەرژەنتین و ئیڤۆ مۆرالس لە پۆلیڤیا، كەواتە تەنیا رێگە كە سنوور بۆ دەركەوتنی نیوپۆپۆلیزم دادەنێت، دیموكراتیەتی دامەزراوەییە، ئەوەیە دەبێت دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی بەهێز بكرێن، بۆ ئەوەی بونیادی دیموكراتی دامەزراوەیی نوێنەرایەتی بكرێت و، ببێتە دیموكراتیەتی دامەزراوەكان(Democracy of Institutions).

ئەو ئاكامەی هەر دوو پرۆفیسۆر ناڤیا و واڵكەر پێی گەیشتوون، پێمان دەڵین، پێوەندییەكی پێچەوانە و یەكتربڕ لە نێوان دیاردەی پۆپۆلیزم و دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراتیدا هەیە، هەر كاتێك پۆپۆلیزم لە هەر كۆمەڵگەیەكدا دەركەوت، مانای وایە دامەزراوەكانی ئەو سیستمە دیموكراتییە بەهێز نین، ئەگەر ئەو كۆمەڵگە یان ئەو سیستمە بیەوێت سنوورێك بۆ دیاردەی پۆپۆلیزم دابێت، دەبێت دامەزراوەكانی نێو سیستمە دیموكراتیەكە بەهێز بكات بۆ ئەوەی رێگە لە دیموكراسیەتی كەسیی پۆپۆلیستەكە بگرێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار