٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پاراستنی ئه‌ی ره‌قیب ئه‌ركی هه‌موومانه‌

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولڕه‌حمان سدیق

سبەی (65) ساڵ بەسەر كۆچی دوایی دڵداری شاعیر تێپەڕ دەبێت، كە لە بەرواری (12/11/1948)دا كۆچی دوایی كرد و، پاراستنی نیشتیمان و ئاڵای كوردستان و (ئەی ڕەقیب)ی بە نەوەكانی دوای خۆی سپارد.
جێگەی خۆیەتی ئێمەی گەلی كوردستان لە جاران زیاتر و، بە میكانیزمی هاوچەرخ لە هەوڵی پاراستنی ناسنامە و مۆركی نەتەوایەتیماندا بین، كە ئەوەش ویستێكی خودایە تایبەتمەندێتیی نەتەوەیی گەلان جۆراوجۆر بێت بە مەبەستی یەكتر ناسین.
دیارە كە یەكێك لە خاڵە جیاكارەكانی هەر نەتەوە و دەوڵەتێكی سەردەم لە نەتەوە و دەوڵەتێكی دی، بوونی (سروودی نیشتمانی)یە، (سروودی نیشتمانیی)یش ئەگەر رۆڵی وەك ئاڵای وڵات نەبێ، ئەوا هیچی وای لەو كەمتر نییە، چونكە مەسەلەی سروودی نیشتمانی زۆر گرینگە لە ناساندنی گەلان و وڵاتان، ئەوەتا نووسەرێكی وەك (عبدالرزاق الهلالی) كە كتێبێكی گەورەی لەسەر مێژووی عێراق نووسیوە، لە سەرەتای كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە، هاندەری یەكەمی لە نووسینی مێژووی عێراقدا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە كەس هۆنراوە و ئاواز و دانەری هۆنراوەی سروودی نیشتمانیی عێراقی نەزانیوە، لەسەر ئاستی باڵای ناو عێراقیشدا ئەوەتا دەڵێت:
ئافرەتێكی ئەمه‌ریكایی لە ساڵی 1946دا، بە بۆنەی دامەزراندنی رێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، ویستی، كتێبێك لەسەر ئەندامانی رێكخراوەی (UN) بنووسێت كە عێراق یەكێك بوو لەوان، بۆیە ئەو ئافرەتە نووسراوی ئاراستەی هەموو وڵاتانی ئەندام كردبوو تیایدا داوای (سروودی نیشتمانیی) و دانەری (هۆنراوە)و (ئاواز)و كورتەیەك لە ژیانی كردبوو؛ ئەو ئافرەتە نووسراوێكی لەم بارەیەوە دا بە باڵیۆزخانەی (عێراق) لە (واشنتۆن)، باڵیۆزخانەش نووسراوەكە دەنێرێت بۆ (وەزارەتی دەرەوەی عێراق) ئەویش دەینێرێت بۆ وەزارەتی (مەعاریف)، ئەویش دەینێرێت بۆ (مدیریة التربیة البدنیة)، ئەمیش دەینێرێت بۆ (امریە الجوق الموسیقی) لە وەزارەتی (بەرگری)، لەوێش وەڵام نەبوو، بەم شێوەیە دوو مانگ تێپەڕی بەسەر وەڵامدانەوەی ئەو ئافرەتە ئەمه‌ریكاییە، ''بڕوانە بەرگی یەكەمی (معجم العراق) (عبدالرزاق الهلالی)''.
جا بۆ ئەوەی ئێمەش ئاوامان بەسەر نەیەت، ئەگەر رۆژێك لە رۆژان دەزگایەكی بیانی یان رێكخراوێكی دەرەوە، داوای سروودی نیشتمانیی كوردستانی لێكردین، واچاكە لەخەمی زانینی دانەری هۆنراوەو ئاوازی سروودی نیشتمانیی كوردستاندا بین، چونكە (سروودی نیشتمانیی كوردستان) رۆڵی بەرچاوی هەیە لەم رووانەی لای خوارەوەدا:
یەكەم: لێكنزیككردنەوەی رووكارە حزبییە جیاجیاكان، چونكە سروودی نیشتمانی بازنەی فراوانی كۆكردنەوەی مارشی حزبەكانە، هەر وەكو ئاڵای كوردستان خاڵی هاوبەش و كۆكەرەوەی ئاڵاو رەنگی حزبەكانە.
دووەم: هەنگاوێكە بۆ دروستكردنی هۆشیاریی راستەقینەی نەتەوەیی لە لای تاك و كۆی ناوەند و توێژەكانی كۆمەڵی كوردستانیدا، چونكە شتێكی بەڵگەنەویستە كە سروودی نیشتمانیی كوردستان لە زۆر كات و بۆنەدا بە گوێی جەماوەردا دەدرێت وەك:
یەكەم: لە ئاهەنگ و مەراسیمی بۆنە تایبەتەكانی دەزگا باڵاكانی حكوومەتی هەرێمدا.
دووەم: لە ریزبوونی سەرەتای دەوامی رۆژانەی قوتابیان و خوێندكارانی قوتابخانەكاندا.
سێیەم: لە سەرەتا و كۆتاییی بەرنامەكانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكانی هەرێمدا، بە تایبەت رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رەسمی هەرێم.
چوارەم: لە سەرەتای یارییەكانی تیپە وەرزشییەكانی هەرێم لەگەڵ تیپەكانی دەرەوەی هەرێمدا، بە تایبەت یارییەكانی هەڵبژاردەی هەرێمی كوردستان.
سروودی ئەی ڕەقیب هۆنراوەی دڵداری شاعیرە كە ناوی (یوونس مەلارەئووف مەحموودی مەلاسەعدی)یە، واتە شاعیر لە بنەماڵەیەكی مەلازادەیە، ئاوازەكەیشی هی (شێخ حوسێن بەرزنجی)یە كە لە بنەماڵەی شێخانی قەرەچێوارە.
ئەم سروودە لەو سەردەمەدا دەیان مەلا و شێخ و قازی و حاكم گوێیان لێ بووە و زانیویانە شاعیر چی دەڵێت و چی دەوێت، بۆیە كە دەستەواژەی(ئەی رەقیب)یان بینیوە، زانیویانە شاعیر ئەم هۆنراوەیەی لە ساڵی (1938)دا لە بەندیخانەیەكی ئێراندا نووسیوە و رووی كردووه‌تە پاسەوانانی بەندیخانەو پێیان دەڵێت: ئەی ڕەقیب واتە ئەی ناحەز ئەی ركابەر، نەك رەقیب بە مانای ناوی (الرقیب) پیرۆزی خودا!!
دەستەواژەی دانەریی تۆپی زەمان، مەبەست لێی، تۆپی ئەو سەردەمە بووە كە دژی كورد بۆ كوردقڕان بە كار دەهێنرا، وەك لە دواتردا كرا بە چەكی كیمیایی، ئەگەر شاعیر لەم سەردەمەدا بووایە دەیگوت: كورد قڕ ناكرێت بە چەكی كیمیایی.
بۆیە سەیرە هەندێك دەڵێن مەبەستی شاعیر رووبەڕووبوونەوەی خودایە و، دانەری تۆپی زەمان خودایە!!
دەستەواژەی (دینمانە ئاینمانە نیشتمان) گوزارشت كردنە لە(گشت)ێك بە(بەش)ێك لێی، وەك دەستەواژەی (الحج عرفە)، دیارە كە (عەرەفە)بەشێكە لە حەج نەك هەموو حەج عەرەفە بێت، بەڵام لەبەر گرینگیی (عەرەفە) بۆیە هەموو حەجی پێ پێناسە دەكرێت، هەروەها وەك (الدین النصیحة) یان (الدین المعاملة)، بۆیە شاعیر دەیەوێت بڵێت نیشتمان و خۆشەویستیی نیشتمان بەشێكی گرینگ و سەرەكییە لە دین و ئایین، نەك نیشتیمان بە تەنها یەكسان بێت بە دین و ئایین!!
لێرەوە پێم باشە لەپێناوی پاراستنی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەی ڕەقیبدا، هەوڵەكانمان یەك بخەین هەر لایەنە لەلای خۆیەوە و بەم شێوەیە:
یەكەم: پەرلەمانی كوردستان بە یاسا ئەم سروودە بە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی بناسێنێت.
دووەم: وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا، باشتر بە نەوەی نوێی بناسێنن.
سێیەم: ئەكادیمیای كوردی و یەكێتیی نووسەرانی كورد، ڕاڤەی وردی وشەكانی ئەم سروودە بكەن.
چوارەم: لیژنەی فەتوای یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، فەتوای ڕەوایەتیی هەستان لەبەر سروودی نیشتمانیی پەسەند بكات، هەر وەك (خانەی فەتوای میسر) فەتوایەكی لەم جۆرەی پەسەند كرد.
پێنجەم: وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، گشتاندنێك بۆ ئەو فەتوایە بكات بۆ مامۆستایانی ئایینی.

هەواڵی پەیوەندیدار