دەوڵەتی پێشمەرگە؛ بۆ پێناسەكردنەوەی بەها و مافەكان

وشەی پێشمەرگە، داتاشراو، یان وەرگیراوی هیچ فەرهەنگێكی سیاسی و سەربازیی جیهانی نییە، بەڵكو هەڵقوڵاوی راستەقینەی ناو فیكری نەتەوەییی كورد و كوردستانییە و، وشەیەكە پڕ بە مانای (كوردستان، یان نەمان) لە ویژدانی نەتەوەییماندا لەدایك بووە. بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستانیش بكەین، بە راشكاوی هەست دەكەین، پرسی بوون بە پێشمەرگە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، نەك ئایدیۆلۆژی و حزبایەتی. لەمەش زیاتر ئەگەر دیسان هەر بۆ مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بگەڕێینەوە، دەبینین رێژەی ئەو كەسانەی وەك رێكخستنی حزبەكان بوون بە پێشمەرگە، بە بەراورد بە رێژەی ئەو كەسانەی بە كاریگەریی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون بە پێشمەرگە، رێژەكە 1% كەمترە، هەر ئەمەش وایكردووە، هەتا ئێستایش لە ناو ناخ و ویژدانی هەر تاكێكی ئەم كوردستانە رایەڵەیەكی جیاوازی لە نێوان حزبەكان و پێشمەرگە هێشتووهتەوە و، خەڵك، پێشمەرگە بە پارێزەری كوردستان دەزانێت نەك چەكداری حزبەكان، لە مانگی ئابی رابردوویشدا و لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نامەی ئاڕاستەی حزبەكان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و حكوومەت كرد، بۆ ئەوەی سازان بكەن و پرسە سیاسییەكان تێكەڵی هێزی پێشمەرگە نەكەن، ئەم هەڵوێستەی پێشمەرگە رای گشتی بەو ئاراستەیە برد، كە جارێكی دیكە ئەو راستییەی سەلماندەوە، پێشمەرگە هەتا ئەگەر لە باردۆخێكی تایبەتیشدا وەك ئینتیما سەر بە هێزێكی سیاسی بێت، ئەوا لە كاتە چارەنووسسازەكاندا، تەنها ئینتیمای بۆ كوردستان و خاكەكەی هەیە.
لەم روانگەیەوە ناكرێت ناوێكی داتاشراو بكرێتە هاوتای ناوی بەرزی پێشمەرگە، لەبەر ئەوەی كاتێك هەر كەسێك بە درێژاییی مێژوو بڕیاری دابێت ببێت بە پێشمەرگە، یان لە ئێستادا كە خۆبەخشانە دەبنە پێشمەرگە، بێجگە لە كاریگەریی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی، كاریگەریی هیچ حزبێكی سیاسی لەسەر نییە، با ئەو كەسە ئەندامی یەكێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش بێت؛ بۆیە بڕیاردان بۆ بوون بە پێشمەرگە لە سادەترین پێناسەدا، واتە بڕیاردان بە هەنگاوێك دووركەوتنەوە لە ئایدیۆلۆژیەتی حزبی و زیاتر جەختكردنەوە لە سەر ئینتیما بۆ خاك و كوردستان، هەربۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی هەر لە ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەوە تا دەگاتە ئێستا، راستە گرووپ و هێز هەبوون توانیویانە بە شێوازی میلیشیایی، یان شەڕی پارتیزانی ئیمپراتۆریەتێكی وەك رۆما بڕووخێنن، راستە گرووپ و میلیشا هەبوون توانیویانە هەموو شارستانیەتی رۆژئاوا بخەنە مەترسییەوە، بەڵام نەتوانراوە هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە بەرهەم بهێندرێت، تەنیا لە كوردستاندا نەبێت. واتە هێزێك لە سەر بنەمای ئاكار و فیكرێكی ئەوتۆ دروست بووبێت كە بتوانێت پێناسەی دۆست و دوژمن بكات و لێكیان جیا بكاتەوە. هێزێك بە دوای تۆڵەسەندنەوەدا نەبێت و گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دروست بكات، بەڵام لە بەرامبەردا ئەگەر سەیری ئەو گرووپە چەكدارانە بكەین كە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی شەڕی پارتیزانییان كردووە، هەموویان لە دوای سەركەوتن كاولكارییان بەرهەم هێناوە و، خۆشەویستی نێوان ئایین و نەتەوەكانیان لەناو بردووە. هەر بۆ نموونە ماندێلا نموونەی یەكێك لە سەركردە ئاشتیخوازەكانی جیهانە، بەڵام ئەو هێزەی (كۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقیا) بە سەرۆكایەتیی ماندێلا بەرهەمی هێنا، هێزێك نەبوو خەسڵەتی پێشمەرگەی هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ماندیلا نەیتوانی گیانی لێبوردەیی لەناو ئەو هێزە دروست بكات. زۆربەمان ژیاننامە و ئەو فیلمانەمان بینیوە كە لەسەر ژیانی ماندێلا بەرهەم هێنراون، دەبینین ماندێلا كە خۆی بڕوای بە ئاشتی بوو، بەڵام هێزەكەی و خەڵكەكەی بڕوای بە تۆڵەسەندنەوە و كاولكاری بوو، تەنانەت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت لە باشووری ئەفریقیا، ناچار بوون سەركردە پارتیزانەكان لە ژیانی سیاسی و سەربازی دوور بخەنەوە، بەڵام ئەگەر سەیری رەفتار و ئاكاری پێشمەرگە بكەین، دەبینین نەك هەر بەرامبەر نەتەوەی عەرەب، بەڵكو بەرامبەر ئەو سەربازانەی لە 1991 كەوتنە دەست خەڵك و پێشمەرگە، بەبێ ئەوەی هێشتا بڕیارێكی سیاسی لە بەرەی كوردستانییەوە دەرچووبێت، خەڵك و پێشمەرگە خۆڕسكانە نەك هەر ئازاری نەدان، بەڵكو هاوكاری كردن و بە سەلامەتی ناردیانەوە بۆ لای كەسوكاریان، ئەمە لە كاتێكدا بوو تەنها سێ ساڵ پێش ئەم رووداوە، رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفال و كیمیابارانی لە كوردستان پیادە كردبوو، هاوكات زیاتر لە 4500 گوند و شار و شارۆچكەی كوردستانی لەگەڵ زەوی تەخت كردبوو، ئەگەر دڕندەیی بەعس لەگەڵ دڕندەیی رژێمی ئەپارتاید بەراورد بكەین، ئەوەی رژێمی بەعس بە كورد و كوردستانی كرد، ئەپارتاید بە رەشپێستەكانی باشووری ئەفریقیای نەكردبوو.
گەڕانەوە بۆ ئەم باكگراوهندی مانا و پێناسەی پێشمەرگە، بۆ ئەوە بوو، مانا و پێناسەی پێشمەرگە لەگەڵ مانا و پێناسەی گرووپە پارتیزانەكانی دیكە، ئەوجا هەر ناوێكیان هەبێت، تێكەڵ نەكەین، پێشمەرگە مانا و ناسنامەیە بۆ ئەو كورد و كوردستانییەی لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییی كوردستاندا رێگەی كوردستان یان نەمان هەڵدەبژێرێت، كاتێك كوردستانیش سەربەخۆ بێت، ئامانجی پێشمەرگە ئەوەیە كە گەل خۆی، دوور لە ئایدیۆلۆژیەتی حزبە سیاسییەكان وڵاتی خۆیان بەڕێوەبەرن. هەروەك چۆن لە بەرهاری 1991 دوای ئازادكردنی كوردستان، مهسعوود بارزانی وەك پێشمەرگەیەك و سەرۆكی ئەو كاتی بەرەی كوردستانی داوای كرد، گەل خۆی بڕیار بدات و هەڵبژاردن بكرێت و، یاسا سەروەر بێت. ئەمەش مانای ئەوەیە لە مانا و پێناسەی پێشمەرگەدا شتێك نییە بە ناوی دەسەڵاتی سەربازی، یان عەسكەرتاری، یان خۆسەپاندنی حزبی، هەر كاتێك ئەم دیاردەیە لە كوردستان بوونی هەبووبێت، خەڵك نەیوستووە ببێتە بەشێك لە عەسكەرتاریی خۆسەپاندنی حزبی، باشترین نموونەش لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو كورد و كوردستانییەكان بڕیاریان دا بەشداری لە شەڕی عێراق – ئێران نەكەن، نزیكەی 100 هەزار سەربازی كوردستان شارەكانیان بە جێ هێشت و چوونە چیاكان، بەڵام لەبەر ئەوەی هەلومەرجی هەشتاكان ناسنامەی حزبی بە پێشمەرگە دەدات، تاك و تەرا نەبێت، كەسیان نەبوون بە پێشمەرگە، بەڵام لە شۆڕشی ئەیلوولدا كە ئەو دیاردانە بوونی نەبووە، بوون بە پێشمەرگە دوو شێواز بوو، زیاتر لە 100 هەزار لاوی كورد خۆبەخشانە وەك پیشە پێشمەرگە بوون، ئەوەندەی دیكەش كە دانیشتووانی ناوچە ئازادكراوەكان بوون، خۆیان رێك خستبوو وەك هێزی بەرگری و پێشمەرگەی خۆبەخش لە كاتی شەڕ و هێرشی دوژمندا هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكەن.
لە ئێستایشدا كە پێشمەرگە لە شەڕێكی جیهانی و قورسدایە بەرامبەر دڕندەترین تیرۆریست لە جیهاندا و، ئاستی دڕندەیی داعش زۆر زیاتر لە ئەلقاعیدەشی تێپەڕاندووە، بەڵام هەتا ئێستا پێشمەرگە سووكایەتی بە كوژاروەكانی داعش، یان سووكایەتی بە دیلەكانی داعش نەكردووە، لە بەرامبەریشدا هەموو جیهان دەبینێت، داعشی تیرۆریست چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد و كوردستانییەكان دەكات و چۆن بە بەرچاوی كامێراكانەوە پێشمەرگە سەردەبڕێت.
لە ئێستادا و لە سایەی سەرۆكایەتیكردنی پێشمەرگەیەك كە ئەویش سەرۆك مهسعوود بارزانییە، كوردستان وەك كەسایەتێكی مەعنەوی نێودەوڵەتی بە هاوتای مانا و ئاكاری و ئازایەتیی پێشمەرگە سەیر دەكرێت. راشكاوانەتر وەك دەوڵەتێك لە چوارچێوەی بەهاكانی پێشمەرگە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سەیر دەكرێت، ئەمەش لە نوێنەرایەتیكردنی سەرۆكەكەمانە كە خۆی پێشمەرگەیە. مهسعوود بارزانی ئەو بەو جۆرە نوێنەرایەتیی پێشمەرگەی كردووە لە سەر ئاستی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەوەی (پێشمەرگە واتە بەها و ئاكاری مرۆڤایەتی)، هەر بۆیە كاتێك كە پێشوازیشی لێ دەكرێت، بەتایبەتی لە ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە، بەوجۆرە بە ئامادەبووانی دەناسێنن: ''مهسعوود بارزانی پێشمەرگەیە و كلیلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەموو رێگەكان دەچنەوە لای ئەو''، ئەمەش مانای ئەوەیە پێشمەرگە دەتوانێت گرێكوێرەی دیموكراتی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە، كە نەك هەر لە ئێستادا، بەڵكو لە مێژووی رابردوویشدا ئەم كولتوورە لە بەشی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نەبووە.




