کۆچ یان خۆدزینەوە لە ئەرکە نیشتیمانییەکان

شەماڵ بۆکانی
دەمەوێ بە کورتی بەسەر قەیرانەکان و کۆچی لاواندا تێپەڕم و، ڕای خوێنەر سەرپشک بێت.
گەندەڵی، نەبوونی کار و هەلی کار، دواکەوتنی مووچە، بە گشتی ئابووریی هەرێمی باشووری کوردستان لە قەیراندایە. چارەسەری هەمووی ئەمانە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات. با پرسیار لە خۆمان بکەین، جیا لە گەندەڵی ههندێكی بهرپرسان کەی ئەم قەیرانە سەری هەڵدا؟
شەڕی دژی بیرگەندەڵانی داعش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازبوونی باری ئابووریی وڵات، لە هەر رووانگەیەکەوە لێی بڕوانی. بۆ وێنە خهرجیی بهرهكانی جهنگ و چەک وتەقەمەنی و کەل وپەلی سەربازی، کزبوونی بواری گەشتیاری و دروستبوونی دڵەڕاوکێ و مەترسیی دەروونی بۆ بەرهەمهێنەران و سەرمایەداران.
بڕینی مووچە و پشکی ئابووریی هەرێم لە لایەن حکوومەتی بەغداوه کە پێشتر دەستی پێکردبوو، لەم کاتە هەستیارەدا پتر خۆی دەرخست و ئاستەنگەکانی قەیران زاوزێی تێکەوت و بەهێزتر بوو لە گوشار بۆ ئامانجە سیاسییەکان.
من دوو خاڵی زەق و روونم خستە بەر دیتی خوێنەران، بەڵام لە بواری یاسای سیاسیی کۆمەڵایەتیدا، ئاژاوەی ناوخۆیی کە لە بەردەرکی سەراوە و لە سلێمانی بە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکهوه، بۆ وەدەستهێنانی دەستەڵات دەستی پێکرد، گرینگترین هۆکاری ئەم قەیرانانەن، وەک لە قەدیمەوە گوتوویانە (دار هۆرەی لە خۆی نەبێ ناقەڵەشێ) هەر بۆیەش حکوومەتی بەغدا پشتی لە هەموو پرەنسیپە ئەخلاقی و سیاسی و یاساییەکان کرد و گوشار و تەنگەژەی بۆ کوردستان بە دیاری هێنا و، لە کاتی شەڕی داعشیشدا تا بە ئێستا مووچەی کاربەدەستانی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەوان دەنێری و، مووچه و بودجهی هەرێمیشی راگرتووه.
لە ناوخۆیشدا کاتێک دوو ئایدیای جیاواز و تا سەر ئێسقان دژی یەک، وەک چەپی مارکسی و ئیدۆلۆژیکی ئیسلامی سیاسی، کە تەنانەت لە سەر باسی مافی مرۆڤیش یەکتر ڕهت دەکەنەوە، دەبنە هاوپەیمان بۆ خنکاندنی کۆمەڵگا لە بواری عەقڵانیدا و کۆمەڵگایش هەست بەم مەترسییە ناکات، واتە هەموو شت لەبارە بۆ گەڕی ئاشی ئاژاوە.
با کورتیی بیبڕمەوە و بەم بیرهێناوە، دێمە سەر ئەرکی تاکی کۆمەڵگا، بە تایبەت لاوەکان کە ئەمڕۆ باسی کۆچی بەکۆمەڵ بووهتە هەواڵی میدیاکانی جیهانی و لە کوردستانیش دەبێتە خەونی پردی دەستەڵاتی لایەنەکان.
دەسا گەلۆ لە خۆتان پرسیوە، ئاماری ئەو گەنجانەی لە باشووری کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپایی کردووە چەندن؟
یانی نازانن زۆربەی پەنابەران لە وڵاتانی سووریا و ئەفغانستان و عێراق و ئێران و ئەفەریقان، باشە پرسیارتان کردووە ئەوانەی ڕێگای هەندەران دەگرنەبەر لە کام بەشی کۆمەڵگان و بە کام ئەخلاق و بۆچوونی تاکی و نیشتیمانییەوە ژیاون؟
لێتان پرسیون، ئەگەر گلەیی و گازەندەیان لەم قەیرانە هەیە، بۆ پێشتر ڕویان لە هەندەران نەکردووە؟ یان ئەوەتا ئەم هەلەیان قۆزتۆتەوە و ئاسانتر دەتوانن پشتیوانیی وڵاتان وەربگرن.
لێیان بپرسن بۆ تا چەندساڵ لەمەوبەر کاتێک خەڵکانێک دەگەڕانەوە کوردستان، ئێوە شانازیتان دەکرد بە کوردبوون و کوردستانیتان، خۆ هەر ئەم وڵاتەیە کە ببووە هەوێنی ئارامی و بیرکردنەوەی جیاواز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەی خۆشەویستیی نیشتیمان و ئیفادەتان بوو بە چی؟ چۆن وهڵامی پێشمەرگەی ناو سەنگەر و دایکی شەهید و مناڵی شەهید دەدەنەوە؟
خۆشەویستیی نیشتیمان بەهانە ناناسێ کاتێک دەستەڵات لە خۆتە بۆ خزمەتکردن، پێتان دەڵێم مانەوەتان و داڕشتنی ڕێکار بۆ بەرەی داهاتوو سەربەرزی دەخوڵقێنێ و چیی کەمتر لە سەنگەر نییە، ئەگەر توانای ناو سەنگەرتان نییە.
ئێستا دەردەکەوێت هاووڵاتی و خاک و ئەمەک و نیشتیمان یانی چی، نەک ئەو کاتەی قژت خاو دەکردەوە و لە بەر بای سپلیت باسی ماددەی 140 و سنوورەکانی کوردستان و قودسیەتی کەرکووک و باسی کۆڕەو و هاواری منداڵانی هەڵەبجەت دەکرد و، خۆت بەخوارزا و کەسێکی دووری پێشمەرگەی ئەو کاتەوە دەناساند.
ژان و ئازاری گەل و نیشتیمان لە ئازاری خۆشەویستی و عەشق دەچێت، تاڵیشی هەر شیرینییە، تۆیەک کۆچ دەکەی لە هێڵەکی نیشتیمان دەدرێیت و دەبیتە بنژیلی بەرهەمی مێژوو، مەهێڵن ڕقی ناپیرۆزی کورسی و دەستەڵات کە دەیەوێت لە ڕەگاژۆی خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بدات، هەڵتانخەڵەتێنێ و لە ئامانجی پیرۆز دوورمان خاتەوە.
سەرۆکی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، کاتێ فەرشی سووری بۆ ڕاخرا و، نەتەوەکەی نوێنەرایەتیی هەموو دەوڵهتانە بۆ لەناوبردنی دڕندانەترین و بیرگەندەڵترین دەوڵەت و هێزی تیرۆریستی، شەرمە پشتی تێ بکەی، چونکه مزگێنیی ژینی تازە و دەوڵەتمان پێیە.




