٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هێوربوونەوە بەرامبەر یەكدی.. گەرمبوون بۆ سەربەخۆیی

سەرچاوە: KDP.info

ئاریـــان فــــه‌ره‌ج

دوێنێ حزبەكان بڕیاریان دا ئەو هێرشە میدیاییە بۆ سەر یەكدی رابگرن كە لە سەرینی 23 ی حوزەیران و روداوەكانی دواترەوە سەریهەڵدا و بارگرژیی و نیگەرانییەكی دەروونی و كەشێكی كۆمەڵایەتیی نالەباری بۆ خەڵك دروست كرد و، تەنانەت خەریك بوو كار لە ورە و مۆراڵی پێشمەرگەش بكات. بارگرژییەك كە سەرباری گەڕانەوەی لایەنەكانیش بۆ سەر مێزی سازان و گفتوگۆ، هێشتا هەر هەڵدەكشا.

لە راستیدا ململانێی سیاسیی ئەمجارەی كوردستان بە خۆی و دەرهاویشتەكانییەوە كە یەكیان بارگرژیی راگەیاندنەكان بوو، ناوەخت و ناموجەب بوو، كاتێكیش ناكۆكە سیاسییەكان گەڕابنەوە سەرمێزی دانوستان و سازان، ئیدی مانا و بەهانەیەك بۆ بەردەوامیی بارگرژی و هێرشكردنی میدیایی بۆسەر یەكدی نەما. بۆیە بڕیارەكەی دوێنێ دەربارەی هێوركردنەوەی كەشی میدیایی، بڕیارێكی لۆژیكی و بەجێ بوو، هاریكارە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دانوستان و لەوەش زیاتر دەبێتە مایەی هێوریی دەرونیی هاووڵاتیانی كوردستان و رەوینەوەی دڵەڕاوكێ و نائومێدی و ئەو پەشێوییە كۆمەڵایەتییەی لەو بارگرژییە میدیاییە كەوتبووەوە.


ئێمەی راگەیاندنكارانی پارتی، هه‌ر دوێنێ پێمان راگەیاندرا كە دەست لە هەر جۆرە وەڵامدانەوە و روونكردنەوە و راستكردنەوەیەك هەڵگرین و، پابەندی تەواوی ئەو بڕیارە بین. هیواداریشین ئەم بڕیارە وەك بارانی رەحمەتی بەهاران ئیقلیمگیر بێت و مایەی پابەندیی هەموو لایەكمان بێت و، لەژێر هیچ بەهانە و دەمامكێكدا لە بابەتی (رای سەربەخۆ و تایبەتی فڵان و فیسار، ئازادیی روماڵكردن، ئەهلیبوونی ئەم و ئەو كەناڵ و پابەندنەبوونیان بە بڕیاری حزبەكان و بەهانەی لەو بابەتە) پابەنبوونەكە درزی تێنەكەوێ.


سەرقاڵبوونی میدیاكانمان لە سێ مانگی رابردوودا بە سەورپۆتەڵاك شكاندنی یەكدییەوە، جگە لە ئاكامە نێوخۆییە خراپەكانی، لە بەدواداچوون و دیققەتدانی پێشهات و رووداوە گرینگ و دراماتیكییەكانی ناوچەكە و دەوروبەرمان دوایخستین. لە شرۆڤەكردن و شیكاری ئەو رووداوگەلە دوایخستین كە پەیوەندی بە ئایندە و چارەنووسی نەتەوەكەمانەوە هەیە. دوایخستین لە ئەركی پیرۆزی هاندان و بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و كۆی گەلەكەمان لە شەڕی چارەنووسسازی داعشدا، دوایخستین لە ئاوەڕدانەوە لە خەم و مەینەتی و نالەبارییەكانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان .


لە هەموویشی گرینگتر، دوای خستین لەوەی هەموو توانا میدیاییەكانمان بۆ راپەڕاندنی ئەركی هەمیشە و هەردەم (ژمارە یەك)ـمان تەرخان بكەین كە جۆشدانی گەل و هاندانی یەكدەنگی و یەكڕیزیی میللەت و هێزە سیاسییەكانیەتی بەرەو هێنانەدی ئەو ئاواتە مەزنەی لە پێناویدا دروست بوین و هەین و، تێدەكۆشین كە ئەویش تەنیا و تەنیا ئومێدی ئیستقلال و سەربەخۆیی كوردستانە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار