٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دوو ستوون

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا
وا هەشتەمین كۆبوونەوەی پێنجقۆڵییش تەواو بوو، كەچی لەسەر پرسی سەرۆك و دەستەڵاتەكانی سەرۆك و جۆری هەڵبژاردنی سەرۆك، نەگەیشتنە ئەنجام.
ئەگەرچی ئەو چوار لایەنەی بەرامبەر پارتی راوەستاون پێشنیازێكی نوێیان -كە لە ناوەڕۆكدا نوێ نییە- پێشكەش بە پارتی كردووە، كە بریتییە لەوەی وەك خۆیان دەڵێن دوو ستوون، لەلایەك گەر سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەوا بڕێ دەستەڵاتی زیاتری پێدەبەخشن، بەڵام گەر لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمەوە هەڵبژێردرێت ئەوا بەپێی پێشنیازی پێشكەشكراوی ئەوان هەر بەبێ دەسەڵاتی دەمێنێتەوە، كە ئەمەش لە ڕاستیدا بە تەواوی دژی بنەماكانی دیموكراسییە و دژی ئەو بڕگە گرینگەیە كە دەڵێت، گەل سەرچاوەی دەستەڵاتە. ئەمەش هەر ئەوە دەگەیێنێت كە سەرۆك و سەرۆكایەتی لای هەندێك بووبێتە گرێ و نەتوانێت لێی قوتار بێت، چونكە هەر بڕگە و پێشنیازێك دادەتاشێت هەر مەبەستی بێدەسەڵاتكردنی سەرۆكی هەرێمە و هیچی تر .باشە كە ئەو دەسەڵاتانە لە سەرۆك دەستێننەوە، خۆ دەبێت تەسلیمی لایەكی تری بكەن جا سەرۆكوەزیران بێت یان سەرۆك پەرلەمان -كە لە ڕاستیدا ئەوە كار و ئەركی سەرۆك پەرلەمان نییە- یان هەر كەسێكی تر؟ بە واتایەكی تر، ئەو دەستەڵاتە دەبێت هەر هەبێت، دەنا وڵات بەڕێوە نابرێت، كەوابێت لێرەدا تەنیا و تەنیا مەبەستی ئەو پێشنیازانە بە هەر ڕەنگ و داڕشتنێك دەبێت، هەر مەبەستی سەرۆكە و نایانەوێ لەژێر پێناسەی سەرۆكدا هیچ جۆرە دەستەڵاتێك هەبێت و گەر بشبێت، ئەوا لای ئەوان تەنیا پێویستە تەشریفاتی بێت؛ ئەمەیش هەر ئەوە دەگەیێنێت كە ئەمانە گرێی دژایەتیی ناوی سەرۆك و سەرۆكایەتییان هەبێت و نەتوانن خۆیان لەو بیرۆكە رزگار بكەن. ئینجا بەپێی بۆچوونی ئەوان چی دەبێت با ببێت بەس سەرۆك نەبێت، یان گەر هەیشبێت ئەوا دەبێت بێدەستەڵات بێت.
لە ڕاستیدا كە بۆچی هەندێك تا ئەو ئاستە دژی سەرۆك و سەرۆكایەتین، پرسێکە و دیراسەیەكی دەروونی دەوێت، چونکە دەچێتە نێو بابی نەخۆشیی دەروونییەوە. بەڵام سەیر ئەوەیە كە ئەو چوار لایەنە هەندێكیان بڕوایان بە سەرۆك و ڕابەر و خەلیفە و مەرجەع و (ولی الامر)ـیش هەیە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، كەچی بۆ بەختی ئەم هەرێمە، ئەوانیش لەم پرسەدا سوپەر عەلمانین و داوای ئەوە دەكەن كە سەرۆك دەبێت لە پەرلەماندا هەڵبژێردرێت، وەكو ئەوەی خەلیفەكانی ئیسلام، مەرجەعەكان، رێبەرەكانیان لە پەرلەماندا هەڵبژێردرابن و خەڵك لەو مەسەلەیەدا رۆڵی نەبووبێت. ئەی برادەرانی یەكێتیی نیشتمانی كە خاوەنی سەركردەیەكی خاوەن ئەزموون و كارێزما و مێژوویین بە ڕادەیەك، رێزی سەركردەكەیان دەگرن كە بەو نەخۆشییەشەوە كەس جورئەت بە خۆی نادات تا بەڕێزیان لە ژیاندا بێت باسی كەسی تر و پۆستی بكرێت، بەڵێ ئەی ئەوان بۆ چوونەتە ژێر باری ئەوەی كە بڕوایان پێ نییە و ئەوانیش داوای سەرۆكی بێدەستەڵات دەكەن كە بە كردار خۆیان دژین، ئایا گەر بەڕێز تاڵەبانی خۆی هەڵبژاردایە بۆ سەرۆكی هەرێم، یەكێتی قبووڵی دەكرد سەرۆكێكی تەشریفاتی و بێدەستەڵات بێت؟

هەواڵی پەیوەندیدار