راگەیاندنی پارتی

کە پارتی خوڵقێنەری ئەم ئاڵۆزی و نائارامییە سیاسییە نەبێت، لە دەرھاویشتە و رەنگدانەوە میدیایی و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەرپرس نییە. ئەوانەی قەیرانەکەیان خوڵقاند و ئەم گێچەڵە نامەسئول و ناموجەب و ناوەختەیان بە کایەی سیاسیی و حوکمڕانی و سەرۆکایەتیی ھەرێم گێڕا و، بێباکانە ئیستقراری سیاسیی ھەرێمیان خستە بەرھەڕەشە و، میللەتیان بە ململانێیەکی عەبەسیانەی نەزۆک و بێبەھانەوە سەرقاڵ و ماندوو کرد، ھەر ئەوان بەرپرسن لە بارگرژیی میدیایی و ھەر ئاڵۆزی و دەرھاویشتەیەک کە لە سەرینی ئەم قومارە سیاسییەوە ھاتە ئاراوە.
بارگرژیی میدیایی کە دەیانەوێت بیخەنە ئەستۆی پارتی و داوا دەکەن پارتی رایبگرێت، ئەوان بە ئیمتیازەوە داھێنەر و دەسپێشخەری بوون و، دەمێکی باشیش پێش دەستپێکی ھەوڵە ئینقلابییەکە دەستیاندایە و، وەک زەمینەسازییەک بۆ سەرکێشییە سیاسییەکەیان ویستیان لە رێی شاڵاوێکی میدیایی چڕ و پڕ و فرەمینبەر و ئاراستەکراوەوە، رای گشتی بۆ چەواشە و ئامادە بکەن. بۆیە داواکاریی ئێستای ئەو حزبانە لە پارتی کە ھەڵمەتی میدیایی رابگرێت، دروست ئەو پەندە عەرەبییەی بۆ دەگونجێ کە دەڵێت (ضربنی و بکی، سبقنی و اشتکی).
راگەیاندنی پارتی بە درێژاییی ئەم قەیرانە لە پێگەی روونکەرەوەی راستییە یاسایی و سیاسییەکان و راستکەرەوەی چەمکە شێوێنراوەکان و، وەڵامدەرەوەی شاڵاوی بەرفراوانی چەواشەکارییەکانی ئەوان زیاتر نەترازاوە و، ھەرگیز نە دەسپێشخەر بووە و نە ھێرشبەر. تەنانەت روونکردنەوەی راستییە شێوێندراوەکانیشی وەک ئەرکێکی کۆمەڵگەیی و رێگرتن لە بەھەڵەدابردنی رای گشتی پەیڕەو کردووە، نەک تەنیا وەک وەڵامدانەوەی تۆمەتگەلێک کە خراونەتە پاڵییەوە. پارتی کە بەوپەڕی ئارامگری و گیانی سازانخوازی و پەرۆشیی بۆ لێکنەترازانی ریزەکانی گەل و ھێزە سیاسییەکانی، مەسئولانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم شەڕانگێزییە ناوەختە کرد، راگەیاندنەکەشی بەھەمان پەرۆشی ئاڕاستە کرد و، وەک ھەمیشە لە خەمدا بوو کە نەبێتە مایەی پەشێوی و بارگرژیی کۆمەڵایەتی. نەک ھەر ئەم گەڕە، راگەیاندنی پارتی ھەمیشە لەم جۆرە ململانێ و گێچەڵانەدا بە ئاستێک دانبەخۆداگر و میانڕەو و دوور لە ھەڵپە و ھاوار و پەلامار بووە، کە خودی جەماوەری پارتی لێی بە گلەیی بوون و بە خەمسارد و کەمتەرخەمیان زانیوە و، ئەم راستییە لە نێو پارتیدا حاشاھەڵنەگرە. پارتی بە ھەمان ئاستی بەرپرسیاری بەرامبەر کایەی سیاسی، لە کایەی میدیاییشدا بەرپرسیارانە بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردستان مامەڵەی کردووە و، ھەرگیز میدیایەکی بە قازانجی خۆی نەزانیوە کە ببێتە مایەی دووبەرەکی و دڕدۆنگی و رقەبەرایەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و، بڵاوکردنەوەی کولتووری یەکتر داشۆرین و ئیرھابی فکری و بارگاویکردنی شەقام بە رق و بوغز و کینە. پارتی بەرژەوەندیی خۆی و کوردستان لە ئیستقراری سیاسیدا دەبینێ و بەشێک لەو ئیستقرارەش، لە میدیایەکی ھێور و بەرپرسیاردا بەرجەستە دەبێت. لایەنگەلێک کە بە مەدروسی و بە نەخشە و پلان ماکینەیەکی زەبەلاحی میدیایی بە دەیان تەلەڤزیۆن و رادیۆ و پێگەی ئەلیکترۆنی و بە حزبی و ئەھلی و سێبەر و تەنانەت بە رێنوێنی و پشتیوانیی میدیایی ئەودیو سنووریشەوە، بەرفراوانترین شاڵاویان دژ بە پارتی خستەگەڕ، کاریان گەیاندە تەکفیرکردن و تەخوینکردنی ھەر گرووپ و کەسانێک کە ئامادە نەبێت ببێتە بەشێک لە پیلانەکەیان دژی پارتی، ئیرھابێکی فکریی ئەوتۆیان بەرپا کرد کە تەنانەت پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینەکان و رۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر و ناودار و ئەکادیمیست و سیاسەتوانان و خاوەن رەئییە سەربەخۆکانیش لێی قورتار نەبوون، ئێستا داوای بێدەنگبوون لە راگەیاندنێک دەکەن کە لە رووی قەبارەوە چارەکی ئەوان مینبەر و کەناڵی نییە و، لە رووی ناوەڕۆکیشەوە جگە لە وەڵامدەرەوە و روونکەرەوەی راستییەکان، شتێکی دیکەی نەگوتووە، لە رووی شێوازیشەوە سەر راستانە و بێ پێچ و پەنا و بێ خۆشاردنەوە لە پشتی میدیای موزەییەفی دەمامکدراو، قسەی خۆی راشکاوانە کردووە. ئەم داوایە نەک ھەر ھێندەی ھێرشە بێ رەحمانە و چەواشەکارییەکانیان ناڕەوا و ناھەقە، بەڵکە داوایەکە دەبێ پارتی لەوانی بکات نەک ئەوان لە پارتی بکەن. دەبێ ئەوان چیتر تۆمەت نەبەخشنەوە، رای گشتی بەلاڕێدا نەبەن، ئەم و ئەو رانەسپێرن بە ناوی بێلایەنی و چاودێریی میدیایی و سیاسییەوە لە پشت پەردەوە پەلامار بدەن و، سوکایەتی بە مێژوو و موقەدەرات و ئێستا و ئایندەی کوردستان بکەن. دەنا تا دەست لەو شێوازە ھەرزان و ئەو نەھجە شەڕانگێزە بەرنەدەن، لانی کەم دەبێ چاوەڕوان بن راگەیاندنی پارتی درۆکان سپی بکاتەوە، راستییەکان روون بکاتەوە، حەقیقەتەکان بدرکێنێ و رێ نەدات رای گشتی چەواشە بکرێ.




