٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چارەسەر، گۆڕینی ناخی نەوشیروانە

سەرچاوە: KDP.info

ئەو دەمەی نەوشیروان مستەفا لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند دواپرۆژەی ژیانی، دامەزراندنی كۆمپانیای وشەیە، كاری ئەو كۆمپانیایەش خۆی لە ڕاگەیاندنێكی ڕەخنەگری سەنگین و مەزوعی و پیشەیی، هاوزەمان خزمەتكردنی ڕۆشنبیریی كوردیدا دەبینێتەوە،؛هەموو ئەو كەسانەی لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی خۆیاندا سەرودەرێكیان لەگەڵ نەوشیرواندا هەبووە، سووكە ئومێدێكیان لە بارەیەوە پەیدا كرد، نەك لەبەر ئەوەی، هاوڕێیەكی دڵڕەق، یان مونافیسێكی كاریگەریان لە كۆڵ بووەتەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی، نەوشیروان، بە درێژایی ساڵانی بەشداریی لە ژیانی سیاسیدا، كەسێتییەكی سەلبی بووە.

سەلبییەت، بە مانای نەناسین و تێپەڕاندنی هەموو بەهایەكی سیاسی، بەرامبەر نێزیكترین هاوەڵ و هاوسەنگەرانی خۆی، تا دەگاتە مونافیس و خەلًكی تر.
ئەو ڕاستییەی تەجرەبەكانی پەنجا ساڵی ڕابردووی ژیانی سیاسی نەوشیروان تا ئەمڕۆ دەیسەلمێنن، ناڕازیبوونێتی لە هەموو شتێك و لە هەموو كات و باروزروفێكدا، دژایەتیی بێپاساوی تەواوی هەڵوێستەكان، كەسەكان، پشتكردنە هەموو بەڵێن و پەیمانێكی سیاسی. تا وای لێهاتووە، سەلبییەت و نەوشیروان، بوونەتە دووانەیەكی لە جیاكردنەوە نەهاتوو، مەگەر ئێستا كە تەمەنی هەڵكشاوە، شەخسی خۆی بڕیاری گۆڕین و هەڵگەڕانەوە لەو سەلبییەتە بدات.
ئەوەی بە لای خەڵكی كوردستانەوە گرینگە و مایەی نیگەرانیی بەردەوامە، ئەوەیە كه‌، ئەم سەلبییەتەی كەسێتیی نەوشیروان، هەردەم، لە هەموو قۆناغەكانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی و تا بە مڕۆی دەوڵەتداریی كوردستان دەگات، بە زیانی ئەم میللەتە و ژیانی سیاسیی كوردستان و دەستكەوتەكانی خەڵكەكەی تەواو بووە. دوابەڵگەش، ئەم بارە سیاسییە ناجۆرەی ئەمڕۆی كوردستان و ئەو بارە نەفسییە خراپەی خەڵكی كوردستانە كە ناوبراو هۆكاری سەرەكییانە.
لە تێز و درووشمەكانی نەوشیروان دەگەڕێین كە باسی دیموكراسی و ئازادیی بیروڕا و شەفافییەت دەكەن، چونكە، ناڕاستیی ئیدیعاكان لە زاری ئەو كەسانەوە سەدان جار بیستراون كە ساڵانێك لە حزبێكدا بوون لەگەڵیدا، بەم ساڵانەی دوایش، حزبی "گۆڕان"یان لەگەڵدا دروست كرد، بۆیە باسی یەك دووانێك لە دواتێزەكانی نەوشیروان، پاش هەڵگەڕانەوەی لە هەڤاڵانی دەكەین.
بەرزكردنەوەی درووشمی هێنانەپێشەوەی گەنجان. درووشمێكی جوان و جێبەجێكردنێكی زۆر خراپ. جێبەجێكردنێك، لە جێی ئەوەی ئینتیما و وابەستەیی گەنجانی وڵات زیاتر بكات، گەنجانی كوردستانی ڕووخاند و بێئومێدی كردن و، ڕۆحی تەوەللابوون و جێهێشتنی وڵاتی تێدا چاندن؛ نەخاسمە لەم كاتەدا كە كوردستان بەرامبەر دڕەندەترین تاقمی تیرۆریستیدا ڕووبەڕووە. با لەم باسەدا، كەمێك لە حاڵی پەرلەمانی كوردستان، ورد بینەوە و بزانین، نەوشیروان مستەفا، بە ناوی هێنانەپێشەوەی گەنجانەوە، چ كارەساتێكی بەسەر ئەو دامەزراوە باڵا نیشتیمانییەی كوردستاندا هێناوە. لە كەسێتی بەناو سەرۆك پەرلەمانەكەی نەوشیروان گەڕێن، با نموونەیەكی زیندوو بگێڕینەوە.
لە یەكێك لە دانیشتنەكانی چڤات و مەكۆكانی نەوشیرواندا، گەنجێكی پەرلەمانتاری گۆڕان، كه‌ دیارە باوەڕی بە درووشم و ئیدیعاكانی نەوشیروان كردووە، بەرز دەبێتەوە و ڕەخنەیەكی نەرم لە جەنابی ڕێكخەر دەگرێت، دەزانن، یەكەوڕاست نەوشیروان لە دەمی ئەو گەنجە قووڕبەسەرە دەداتەوە و بێ سێ و دوو، به‌ ڕسته‌یه‌كی نه‌شیاو وه‌ڵامی گەنجە داماوەكە ده‌داته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌به‌ر حورمه‌تی ئینسان ئێمه‌ له‌ بری ڕسته‌ جنێوئامێزه‌ نه‌شیاوه‌كه‌ی ئێمه‌ ئاوا گوزارشتی لێ ده‌كه‌ین: تۆمان ناردووه‌ بۆ په‌رله‌مان تا سنووری له‌مێزدان و بوتڵ وه‌شاندن تێپه‌ڕینی و كێشه‌ بخوڵقێنی، نه‌ك بێی لێره‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕی!!
نەوشیروان مستەفا، بەم زمانە لەگەڵ ئەو گەنجانەدا دەدوێت كە منەتی هێنانە پێشەوەیانمان بەسەردا دەكات. بەم ئەدەبیاتە، لەگەڵ لایەنگرانی خۆیدا قسان دەكات، هەر هێندە ڕێزی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەگرێت، ئیعتیباریشی بۆ ڕای موخالیف، لەمەندە تێپەڕ ناكات.
ئەوانەی نەوشیروان مستەفایان لە كاری سیاسیدا ناسیووە، دەڵێن، هەرگیز لەم قسانەی زیاتر و شیاوتر نەزانیووە. ئاخر هەر ئەم ئەدەب و لیاقەتەشە، خەریكە بەداخەوە، دەبێتە زمانی باو و باڵادەستی نێو بەشێكی بەرچاو لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی كوردی.
چارەسەری ڕاستەقینەی ئەزمەكانی ئەمڕۆی كوردستان، لە گۆڕینی ئەو سەلبییەتە چەقبەستووەی ناخی نەوشیروانەوە دەست پێ دەكات، ئەوەش تەنیا بە خۆی دەكرێت. "گۆڕان" دەبێت لە گۆڕێنی ناخی ڕێكخەرەكەیەوە دەست بە گۆڕینی كوردستان بكات.
وەك چۆن پۆل پۆت، مرد و تەفسیرێكی بۆ لەنێوبردنی ملیۆنان ئینسانی كەمبۆدی نەدا، نەوشیروان مستەفایش، ئەگەر بڕیارێكی مێژوویی گۆڕینی كەسێتیی خۆی نەدات، تا ماوە، تەفسیرێكی ئەو سەلبییەتە زیانبەخش و وێرانكەرەی ناخی پێ ناكرێت.
پۆل پۆت، نیشانەی نەگبەتیی میللەتێكی شۆڕشگێڕ بوو، سەلبییەتی نەوشیروانیش بۆ كورد هەروا. 

هەواڵی پەیوەندیدار