پارتی دیفاع دەکات، سوکایەتی بە کەس ناکات

ڕۆشنبیرێك
ئەركی رۆشنبیر بە تەنیا چنینی و شەوریزكردنی رستە نییە، ئاخر رۆشنبیر مەحكومە بە بیركردنەوەی دروست و دواتر بەیانی هەڵوێست؛ ئەمە ئەركە هەنوكەییەكەی رۆشنبیرانە ئەوە بۆیە ماوەیەكە بە چڕی هەڵوێست روون دەبێتەوە لەسەر هەڵدانەوەی فایلی رەشی ئەو تیرۆرستانەی كە فرسەتیان قۆزتۆتەوە و لە سایەی وەها دۆخێكدا بوونەتە پەرلەمانتار، لەنێویاندا سۆران عومەر، كە هەردوو دەستی تا بینەقاقای خوێنی بە ناهەقڕژاوی سڤیڵی لێدەچۆرێت، ئیدی ئەم هەڵمەتە پڕ لە هەڵوێستەی رۆشنبیرانی پابەند، كە بە درێژایی مێژووی رۆشنگەری واجبی ئهوانە دیوی حەقیقەت بەیان بكەن، لە ماوەیەكی كەمی رابردوودا كارێكیان كردووە سۆران و مامۆستاكانی تەنگەتاو بكات و ناچار پەنا بەرنە بەر كەسانی بەرێز، تا بەرگرییان لێ بكەن، لانی كەم قەزاواتێك بكرێت دۆخەكە لەسەریان هێمن ببێتەوە.
لە دواكۆبونەوەی پێنجقۆڵیدا، بەرێز كاك سەعدی پیرە داوای كردووە ئەم هەڵمەتی روو هەڵماڵین و ماسك داخورانەی سۆران عومەر رابگیرێت، لەبەرامبەردا زۆر كەساس و هەناسە ساردانە سۆران عومەری تیرۆریست ستایشی ئەم هەڵوێستەی بەرێز كاك سەعدی پیرە دەكات، جا ئەوە ئەوپەری گەپی رۆژگارە كە سۆران عومەر زمان لە ستایش دەدات، ئەوە ئەوپەری تەنگەتاویەتی، لەهەمبەر ئەم دۆخە، پێویستە هەمووان ئەوەمان لە یاد بێت كە رووداوی (گامێش تەپە) بە تەنیا رووبەرووی لایەنێك نەبووە، بەڵكو رووداوێكی دڵتەزێنە و بەردەركی هەمووانی رەشپۆش كرد؛ ئەی ئەوەنەبوو پێشمەرگەی كوردستان (شەوكەتی حاجی موشیر) بە پەیامی ئاشتی رۆشت و تیرۆ كرا، ئاخر ئەودەم بە گەپەوە سۆران عومەر لەبارەی ئەو رووداوەوە دەدوێت و، تەبایی پێوە دەكات و ئێستایش ستایشی هەڵوێستی كاك سەعدی دەكات! كێ شاهیدی بدات سۆران عومەر لەو رووداوە تیرۆریەدا بەشدار نەبووە، خۆ ئەو لە زمانی خۆیەوە رووداوەكە وێرد دەكات و، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەوێ حزوری هەبووە، دەتوانین بە دروستی خاڵ لەسەر پیت دابنێین، كە ئەم رووداوە سەرەتای پرۆڤەی سەربڕین بوو لە كوردستان، ئەو سەربڕینەی كە ئێستا لە فۆرمی فۆبیا و تۆقاندندا داعش پەیرەویی لێ دەكات.
لێرەوە بە بیری بەرێز كاك سەعدی دێنینەوە، كە لەو رووداوە و لەو ناوچەیەدا كە سۆران عومەر حزوری هەبوو، زەرقاویش لەوێ بووە؛ لەوێ پێشمەرگەی كوردستانیان سەردەبڕی و بێگوناهانیان قەتڵوعام دەكرد. ئەوە لای كەس شاراوە نییە كە زەرقاوی مامۆستای بەغدادی ئێستا بوو، هەر بۆ بەڵگەی ئەم راستییەش، لە دوای ئەوەی زەرقاوی لەناو چوو لە جێگۆڕكێی پۆستی خەلافەتەكەیاندا بەغدادی چووە جێگەی و بووە ئەمیر و خەلیفەی داعش.
لێرەوە تێدەگەین كە ئێستا باس لە مەترسیێك دەكەین كه مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2002، ئەودەمهی كه جوند و ئەنسار دروست بوون و براكانی سۆران عومەر پرۆڤەیان لەسەر ئالودەبوون بە زمانی شمشێرەوە دەكرد، لە 2014 و 2015 واتە ئەم ساتەوەختەش هەڕەشەن بۆ سەر هەموو میللەتەكەمان. ئەم گرووپ و دەستە و تاقمەیش كە ناویان لە خۆیان ناوە داعش، بە پاشخانی ئەوسەردەمەوە هاتوون و هێشتایش خوێن بە شمشێرەكانیاندا دادەچۆڕێ و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگەش هێشتا نەمەییوون. ئەمانە هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و ئاسودەییی دنیا و، میللەتی ئێمەش لە رووبەرووبوونەوەدایە لەبەرامبەریان و ئەم ئەركەش پێشمەرگەی سەربڵند لە ئەستۆی ناوە. گرووپی وەیشومە بە زمانی سەربرین هاتوون، خۆ سۆران عومەریش لە یەكەمین كردهی سەربڕیندا بەشدار بووە؛ ئەی ئەوە نییە لە پاڵتاك بە لاقرتێ و حلكەی پێكەنینەوە سەربڕینی پێشمەرگە و ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەگێرێتەوه كە تیایدا شەوكەتی حاجی موشیریان تیرۆر كرد و، بە قەولی خۆی شمشێریان بە ملیدا هێنا!
ههڵبهته ئەوەی ئێمەی رۆشنبیران قسەی لەبارەوە دەكەین، هەڵمەتی راگەیاندن نییە، بهڵكه قسەكردنە لەبارەی شتگەلێكەوە كە مەترسییە لەسەر پاشهڕۆژی وارمان، دۆسیەیێكە دەبوو زۆر زووتر هەڵدرابایەوە، ئێمە بە هەناسەی تەسكی حزبایەتییهوه رەوتار ناكەین و ناجووڵێینەوە، ئەمە لە فۆرمی بوغزوكینەدا خوێندنەوەی بۆ ناكرێـت نا، بەڵكو خەسڵەتی ئێمە وایە راستی چۆنە، ئەوە بەیان بكەین، چونكە ئامانجی ئێمە كوردایەتییە نەك دەستكەوتی حزبی. پرنسیپی ئێمە نیشتیمانپەروەرییە نەك بەرژەوەندیی ساتەوەختی. ئەوەیە رێبازی ئێمە كە مستەفا بارزانی رێبەرایەتیی كردووە، لەوە ئیلهامی راستگوزارشتیمان ئەزبەر كردووە، چونكە راهاتووین كە سەپانی ماڵی بابی كەس نەبین. ئەو رێبازەی ئەمرۆ بە پێشەوایەتی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كوردستان بەرەو سەرخۆبوون دەبات، هەرئەویش هەڵگری بەیداخە شەكاوەكەیەتی. لە یادمانە جەنابی مام جەلال تاڵەبانی لەسەر مەزاری نەمران بارزانی نەمر و كاكەئیدریسی هەمیشە زیندوو، ئەوەی راگەیاند، كە شاهیدە بە راست و ردروستیی ئەو رێبازە و خۆی وەك قوتابیی بارزانی نەمر بەیان كرد، هەر ئەو پەیامەیە هەرئەو رێبازەیە هەرئەو راستییەیە كە ئەمرۆ ئێمە بەرگری لێ دەكەین، ئەمە رێبازی مەزنی جەنابی كاك مەسعوود بارزانی و جەنابی مام جەلال تاڵەبانییە.
باش بەوەیە راناوەستین لەوەی راستییەكان وەك خۆی بگەینینە میللەت، چونكە كارەسات ئەوەیە مەترسی لە میللەتەكەمان نەگەیەنین، ئاخر ئەوكات لە ئەركی خۆمان كورت دێنین و ئەوە روو دەدات كە ئێستا قەوماوە و، هەروەك بەرێز كاك سەعدی خۆی لەو بارودۆخە بەئاگایە و بەرێزیان لە كۆبوونەوە پێنجقۆڵی و چوارقۆڵییەكان بەشدارن، هەروەك حزبەكان مەرامیان ئەوەیە میللەت بە سەهو تێبگەیەنن، ئەوەتا سێ مانگی رەبەقە خەریكی مشتومڕ و كۆبوونەوەن لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەمە لەكاتێكدایە كوردستان بە شاهیدیی هەموو دنیا باشترین سەرۆكی هەیە، سەرۆكێك كە خواستی دەوڵەتبوونمان بۆ دەكاتە واقیع ئێستا سەرۆك بارزانی رۆڵی بیسمارك و دیگۆڵ دەبینێت بۆ خەڵكی كوردستان، ئەوان پێویستیان بە رای گەلە نەك گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، چونكە خواستی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون خوساتێكی گشتگیری نیشتیمانییە.
ئێمە لەئێستادا ئێجگار دڵخۆشین بەوەی كە بەرێز كاك سەعدی پیرە هەستی بەوە كردووە كە بهرانبهر به سەربڕ و تیرۆریستان، نووسەرانی پابهند بە دەنگ هاتوون؛ ئەوەش راستییەكە و دەبێت درك بەوە بكرێت و بە دیققەتەوە سەرنجی لێ بگیرێت كە چی دی بێدەنگی هەڵنابژێرین، چونكە نوسەران پابەند لە تێگەیاندنی خەڵك بەردەوام دەبن تا بە قانوون، سۆران و هاوەڵەكانی لە پەرلەمان دێننە دەرەوە و دەیانخەنە ناو قەفەسی تاوانبارانی دادگاوە، ئیتر وادەی ئەوەیە رێگە نەدهین تیرۆریست موشەریع بێت.
هەرلەم سۆنگەیەشەوە ئەوە بەیان دەكەین كە، نووسەرانی پابەند بەرگری لە رێبازی بارزانی دەكەین كە رێی ئازادی و سەربەخۆییە و ئەوەش دواخواستی نەتەوەیی هەمووانە.
لە كۆتاییدا سەرنجی نەوشیروان مستەفایش رادەكێشین، قوتابی و دەربارە جنێوفرۆشەكانی لە بەخشینەوەی جنیۆ بوەستێنێت، ئەگینا خۆ فایلی ئەو لە سۆران عومەر خاوێنتر نییە و بگرە پراوپرە لە پۆخڵەواتی مێژوو، ئەوجا دێینە مەیدان بۆ ئەویش، دواجار ئەم پەیام و قسانەی ئێمە بۆ بەرێز كاك سەعدی پیرە نییە و بگرە رێزی زۆری لێ دەنێین.




