٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ستراتێژی نەتەوەیی و مێدیا

سەرچاوە: KDP.info

حوسێن کوردنەژاد

مێدیای سێکتەری پابلێک و گشتی و میدیای تایبەت، ئەمە یەکەم دابەشکردنی دنیای مێدیایە. ئەو ئامراز و دەزگای راگەیاندنانە کە سەر بە کەرت و ئاکتۆری تایبەت و ئازادن، ئەرکیان بریتییە لە گەیاندنی پەیامی ئەو لایەنە بۆ کۆمەڵگا و سوودمەندان و موشترەرییەکانیان و، هەروەها پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیی ئەو لایەنە دیاریکراوە، کە خاوەنی ئەو دەزگایەیە. بەلام هەڵسوکەوتی گشتیان، دەبێ بەپێی ئێتیک و پره‌سنسیپی دارێژراو لە لایەن کۆمەڵگا و یاساوە بێت.
بەشی تری مێدیا ئەو بە شەیە کە، بە پارەی گشتی و لە لایەن کۆمەڵگاوە دادەمەزرێت و پشتیوانیی ماڵی لێ دەکرێت. ئەم مێدیا یە بەرپرسە بەرانبەر بە بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی دەولەت(نەک حکوومەت) و، سەرەکیترین ئەرکی پێگەیاندن و پێشکەشکردنی هۆشیاریی بابەتییانەیە لە پرسی جیاوازی پێوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.
لە باشووری کوردستاندا، هیچ کام لەم کاتێگۆرییانەمان نییە، نە مێدیای کەرتی تایبەت و نە مێدیای سەر بە کەرتی گشتی، ئەوەی هەمانە مێدیای سەر بە ئەحزابە، کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە گەیاندنی پەیامی ئەحزابی کوردی.
ئەم راستییە بۆشاییەکی مێژوویی لە دنیای مێدیایی کوردیدا دەردەخات کە بریتییە لە هەبوونی مێدیای جێمتمانە، بابه‌تیانه‌ و بەرپرس لە بەرانبەر بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی دەوڵەت و موجوودییەتی کیانی کوردی.
دەرهاویشتەی ئەم بارودۆخە لە مەیدانی کردەییدا، بریتییە لە مێدیایەک کە: پەیامەکەی پەیامی حیزبییە و بەس، کە زۆر جاران لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا ناتەبایە، مێدیای پرۆپاگاندا، کە دێماگۆگی و پۆپۆلیزم هەوینی ئەم پەیامەی پێک دێنێت. مێدیایەک کە لە ئەسڵی بابه‌تیبوون دوور دەکەوێت.
لەبەر ئەم هۆیانە پێکهاتەی مێدیای ئەمرۆی کوردستان، ناتوانێ خزمەتی بەرژەوەنیدی گشتی بکات و دەوری هەبێ لە پاراستنی ئارامیی کۆمەڵایەتی، دیتنەوەی چارەسەری بۆ گرفتەکان، پاراستنی کیانی کوردی و هەڵسەنگاندنی کردەوەی حکوومەت و دەستەڵاتداران، سازکردنی بیری رەخنەگر و بەننا لە کۆمەڵگادا.

سیاسەتی مێدیایی دواڕۆژ دەبێ کار لەسەر دوو خاڵان بکات:
یەکەم: داڕشتنی ئێتیکی مێدیاییە (ئێتیک بە مانای کودی بەرێوەبردنی کاریی مێدیایی).
دووەم: هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی مێدیای گشتی کە سەرۆکایەتییەکەی، لە نۆێنەرانی یاسایی خەڵکەوە پێک بێن، وەک چاودێر و لە لایەن کەسانی پرۆفشناڵەوە بەڕێوە بچێت لە هەمان کاتدا، گرێبه‌ستێكی یاسایی پێوەندیی نێوان دەوڵەت و مێدیا ڕێك بخات و ئێتیکی کار دیاری بکات.
ئەگەر هاتوو ئەو دوو کارەمان کرد، هەنگاوی گەورەمان هاویشتووە لە پرۆسەی بە میللەتبوون، دامه‌زراندنی کۆمەڵگا و زامنکردنی بەرژەوەندیی نەتەوییمان.

هەواڵی پەیوەندیدار