٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

خوێندنەوەیەكی كورت بۆ پلاتفۆرمی نەوشیروان مستەفا

سەرچاوە: KDP.info

ھیدایەت عەلیزادە

خەڵكی خاوەن ویژدان و بەتایبەتی رۆژنامەوان و میدیاكاران، ناشێ لە بەرەی "مداح"ـان و ماستاوچیان، لە دژی میللەت و بەرژەوەندیی گشتی سەنگەر بگرن، بەپێچەوانەوە ئەركی سەرشانیانە ئەوەی بە مسقاڵیش تاوانبار بێ، بۆ خەڵكی بخەنە ڕوو، چجای ئەوەی دەستی بە خوێنی رۆڵەكانی گەل سوور كرابێ!
خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەرگیز رۆژە شووم و رەشەكەی 14ی7ی ساڵی 2000ی لە بیر ناچێ كە لە گردی "عەلی ناجی"، چوار بارەگای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە لایەن یەکێتی و بە بڕیار و لە سەر دەستی نەوشیروان مستەفا پەلامار دران و، پێنج خەباتكار و تێكۆشەریان كردنە قوربانی و ھەر یەك لە "ئومێد نیکبین، ھاوڕێ لەتیف، ھاوار محەممەد، عەبدولباست موحسین و محەممەد مستەفا" گیانیان لێ سەندرا! ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانیش دەستخۆشانەی ئەو تاوانە نه‌گریسەی كاتێك بۆ نەوشیروان مستەفا رەوانە كرد، كە شاندێكی دانوستانكاری حزبی کۆمۆنیست لە ماڵەكەی نەوشیروان مستەفا دەستگیر کران و برانە ئاسایش، لە ماوەی سێ رۆژیشدا ھەموو بنکە و بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیست دەستیان بەسەردا گیرا، لەوانە بارەگای کۆمیتەی ڕابەری و مەکتەبی سیاسیی لە گردی عەلی ناجی، رێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە گەڕەکی رزگاری، کۆمیتەی محەلی سلێمانی لە گەڕەکی رزگاری، رێکخراوی خوێندکاران و سەنتەری منداڵان لە گەڕەکی عەقاری و ڕادیۆ و بارەگای ڕاگەیاندن لە گردی زەرگەتە.
دیارە نەوشێروان دەستكەوتی ماددیی زۆری لەو تاوانە دەست كەوت و دواتریش ھەموو "گردی زەرگەتە"ی داگیر كرد و، كردی بە مەكۆی گۆڕانخوازان. ئەو گۆڕانخوازە كۆنە سۆشیالیستە، بە فیتی ئاغا ئاخووندەكانی لە ئێران، رۆڵەی كورد و چالاكانی بزافی كرێكاری كردە ئامانج. لەو تاوانەدا خەسرەو گوڵمحەممەد بەرپرسی دەزگای زانیاری و سەرکەوتی کوبە بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی و بەرپرسی ئێستای مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، بە فەرمانی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ڕێکخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجامدەری ئەو كوردكوژییە بوون!!!
محەممەد تۆفیق ڕەحیم، باش دەزانێت بۆچی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان داوای یاسایی دژی نەوشیروان مستەفا تۆمار کرد، بەڵام ھەرگیز وردەكارییەكانی ئاشكرای نەكرد، كەسیش وەك رەفعەتی مەلای ھاوڕێی دێرینی شاخ و شاری نەوشیروان مستەفا ناناسێ، بریا ئەو ھاوڕێیەتییە ھێندە بەھێز نەبا، ھەتا تاوانی گەورەی بۆ پەردەپۆش نەكردبا!!
بریا نەوشیروان مستەفا ھەندێك "رشاده‌ت"ی سیاسی ھەبایە و لە بری ئەوەی لە زنجیرە کتێبی "بە دەم رێگاوە گوڵچنین"، باس لە كام سۆسیۆلۆژیی کۆمەڵگەی کوردی بکا، یان باسی قۆناغەكانی خێڵەکی بۆ دەرەبەگایەتی و دواتر بەرەو سەرمایەداری بكا، گۆشەیەكیشی بۆ خستنەڕووی تاوانەكانی خۆی تەرخان دەكرد.
"سه‌رکه‌وتنی ناکام "و "خه‌ون، یان مۆته‌که"‌ وای لەو سەركردە كوردكوژە كردووە، ھەموو دروشمەكانی دۆڕان و ھیچیش نەگۆڕان! ئێستایش کە شەڕی داعش بەرۆکی باشووری کوردستانی گرتووە، هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و گەریلای باكوور و پێشمەرگەی رۆژھەڵاتی كوردستان دەبینێ كە چۆن  بە كەرامەت و شەرافەتی كوردانەوە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، بە تەواوی هەستی بەوە كردوووە، خەریكە مەكۆیەكەی دەپووكێتەوە، لەبەر ئەوەی هێزی چەکداری نییە شەڕی داعش بکا و كەرامەتی نەتەوەیی و خاكی كوردستان بپارێزێ. خۆ تەنیا بە دروشم و ھاتوھاوار خاك و نەتەوە ناپارێزرێ! لە كۆتاییدا دەڵێم: لە ئێستاا پێگەی نەوشیروان مستەفا ئەوەندە دابەزیوە، ھاكا تەنیا تاوانەكانی لە بیرەوەریی كورداندا بمێنێتەوە و چی خەبات و رابردووی تێكۆشانیەتی ببێتە قاوتی بەر با!

هەواڵی پەیوەندیدار