پەرلەمان و رۆڵی سیاسی

فرحان جەوھەر
هەرلە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان تا بە ئێستایش دەگات، نەیتوانیوە رۆڵی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە سیاسییەكان بگێڕێت، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە هەموو لایەنەكان، تەنها رۆڵی یاساییان بە پەرلەمان سپاردووە، هەڵبەت هۆكاری ئەم دۆخەی پەرلەمانی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوون و كارابوونی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، راستە سەركردایەتیی سیاسی بە شێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی لە شەرعیەتی شۆڕشگێرییەکەی داوەتە شەرعیەتی یاسایی و دەستوری، بەڵام رۆڵە سیاسییەكەی هێشتا لای خۆی گل داوەتەوە و نەیداوە بە پەرلەمان؛ بەڵگەشمان ئەوەیە كە هێشتا بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەی خاوەنی شەرعیەتی شۆڕشگێرین، رۆڵێكی سیاسی لە دەرەوەی ئەو دامەزراوەیە دەبینن و، خۆیان بڕیارە سیاسییە گرینگەكان دەدەن. تا ئەو كاتەیش ئەو سەركردانە لە دەرەوەی پەرلەمان رۆڵی سیاسی دەگێڕن و نەیەنە ناو پەرلەمانەوە، پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت رۆڵێكی سیاسی بگێڕێت. هەر بۆیە پەرلەمان نەیتوانی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بكات، چونكە پرسەكە وێڕای رەهەندی یاسایی، رەهەندی سیاسییشی هەیە.
پەرلەمان بەتایبەتی سەرۆكایەتییەكەی حەق بوو ئەو راستییەی بزانیبا یان دەیزانی و خۆی لێ نەبان نەكردبایە، كە ئەوان ناتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتی سیاسیی خۆیان بڕیار لە پرسێكی وەها گرینگ بدەن، چونكە لە پشت هەرسێ ئەندامی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، خەڵكێكی زۆر بە دەسەڵاتتر و دەستڕۆیشتووتر هەیە كە بە بڕیاری ئەوان، ئەم هەرسێ كەسانە وەك سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان دانراون، نەك بە توانا و پێگەی خۆیان، ئەگەر بە دەنگی خەڵكیش بوایە، زۆرێك لە ئەندامانی تری پەرلەمان لە لیستەكانی خۆشیان زیاتر لەوان دەنگی خەڵكیان هێناوە. ئاخر ئەگەر بە بڕیاری حزب نەبوایە، هەرگیز ئەمانەی ئێستا سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، بە هەرسێ لایەنەكەوە نەدەبوونە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
بۆیە لە دۆخێكی سیاسیی لەمەڕ ئێمەدا، كە سەركردە دەستڕۆیشتووەكانی ناو هەموو حزبەكان كە خاوەنی خەباتی چەكدارین و لە پاڵیشیدا بوونەتە خاوەنی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و، نایەنە ناو پەرلەمان و دەستبەرداری سیاسەتیش نابن، پەرلەمان ناتوانێت رۆڵە سیاسییەكەی بگێڕێت، بۆیە هەموو ئەندامانی پەرلەمان بە شێوەیەك لە شێوەكان یەكەم جار نوێنەری حزبەكانیان ئینجا بە پلەی دوو نوێنەری خەڵكن. بۆیە دەبینین لە سەرەتادا پەرلەمان بۆ ماوەیەك نمایشێكی سیاسی هەر بە ئیعازی حزبەكانی خۆیان دەكات و دەیەوێت خۆی وا نیشان بدات كە دەتوانێت لە پاڵ رۆڵی یاسایی رۆڵی سیاسییش بگێڕێت، بەڵام هەر زوو شکستی برد و دیسان گەڕاینەوە بۆ مەكتەب سیاسییەكان بۆ چارەسەری پرسەكە. پەرلەمان بە هەموو لایەنەكانەوە هیچ كارەكتەرێكی دەستڕۆیشتووی ناو كایەی سیاسی تێدا نییە و، ناتوانن بەبێ گەڕانەوەی رۆژانە بۆ مەكتەبی سیاسیی حزبەكانیان هیچ بڕیارێك بدەن، لە هەموویش كارەساتبارتر ئەوەیە، كەسایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتار بووەتە جێگای رەخنەی بەشێكی زۆری خەڵك، لەبەرئەوەی هێشتا سیاسییەكانی دەرەوەی پەرلەمان، زۆر مەسئولانەتر لە هەندێك پەرلەمانتار قسە دەكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران جگە لە جنێو تا ئێستا رۆڵێكیان نە بۆ خەڵك و نە بۆ حزبەكەشیان نەگێڕاوە، پەرلەمانتار هەیە بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەكەی بۆ بیێتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە. لە بڕی كاركردن بۆ خەڵك، رۆڵی خۆ بەپاڵەوانکردن دەبینێت.
ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد پەرلەمان بوو، چونكە خۆی لە قەرەی پرسێكی مەزن دا و توانای چارەسەركردنیشی نەبوو، كورد گوتەنی: بەردێكی مەزنی هەڵگرتبوو، بۆیە نەیتوانی بیهاوێت. جا بۆ ئەوەی پەرلەمان لە رۆڵی راستەقینەی خۆی تێبگات بۆ ئەم قۆناخە و سەریش لە خەڵك نەشێوێنێت، تەنها رۆڵە یاساییەكەیەتی، هەركاتێكیش سەرۆك و مەكتەب سیاسییەكان بوونە ئەندامی پەرلەمان، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین: بەڵی پەرلەمان کێشە سیاسییەکانیش چارە دەكات؛ بۆیە لە پێناوی ئەوەی چیتر دۆخەكە لەوە ئاڵۆزتر نەبێت، با هەر كەسێكمان بە قەد بەڕەی خۆمان پێ درێژ بكەین.




