خەونی گڵاو

زكری مووسا
جاران گوتیان دەوڵەت خەونی شاعیرانەیه، ئێستا بە چنگ و ددان لە هەوڵی ئەوەدان بە خەونێكی گڵاوی بزانین، بۆ ئەوەی ڕقمان لە خەون بێت و تەنانەت خەونیشمان نەبێت. دەیانەوێ گەلێكی بێ خەون بین، دەیانەوێ عەودالی نان و بەنزین بین... دەیانەوێ ڕقمان لە خۆمان بێت. دەیانەوێ تاهەتایە پاسپۆرتی خەڵكی ترمان لە گیرڤاندا بێت.
ئەوەی دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە، مانای ئەوەیە كە دەیەوێ كوردستان بە زەلیلی و پاشكۆیی بمێنێتەوە. ئەگەر مەبەستیان بەهێزكردنی دیموكراسی و عەدالەت بێت و پاشان پێ بنێنە سەربەخۆیی، با لەوە دڵنیا بن، دیموكراسی و موئەسەسات تەنیا لە دۆخی سەربەخۆیی ڕەگدا دەكوتێت، با بڕۆن سەیری ئەزموونی گەلان بكەن و ئەو ڕاستییەیان بە باشی بۆ دەردەكەوێت. پڕۆسەی بەهێزبوونی دیموكراسی و ئابووری هەردەم لە دوای قۆناغی دەوڵەتدا سەریهەڵداوە.
با بزانین بۆ دژی دەوەستنەوە؟
بەشێك لە دژایەتییەكان لە خۆبەبچووكزانینەوە دێت. حزب بۆ ئەوان هەموو شتێكە. ئەوان وای بۆ دەچن، سەربەخۆیی ئەجێندای پارتییە و پارتی و بارزانی پێی گەورە دەبن. بەشێكی دیكەیان حەزیان لە دواخستنیەتی بە بیانووی ئەوەی دەبێ پایەكانی دیموكراسی و ئابووری بەهێزتر بێت. بەشێكیان دەڵێن دەوڵەت دەستگایەكی سەركوتكار و موئامەرەیەكی ئیمپڕیالیستییە دژی گەلان و، خزمەت بە چەوسانەوەی هاووڵاتیان دەكات و بۆ دروستكردنی دیكتاتۆرەكانە. هەندێكیان بە خەونی شاعیرانی دەزانن بە هۆی هەڵكەوتەی جیۆپۆلیتیكیی كوردستان، كە بە داگیركاران دەور دراوە. بەشێكیان دەڵێن ئەگەر مافی هاووڵاتیبوون لە عێراقدا بچەسپێت و دیموكراسی و عەدالەت هەبێ، ئیتر پێویست بە سەرئێشەی دەوڵەت ناكات. بەشێكیشیان خێڵەكی و شارچی و ناوچەگەران و دۆخی دەوڵەتبوون بازاڕیان بۆ ناهێڵێت. ئەوە لەكاتێكدایە 195 دەوڵەت لە جیهاندا هەیە.
دەوڵەتمان ناوێ....
بەڵام با بێین و كهمێك بیر بكەینەوە و هەموو ئەو پاساوانە بە ڕەوا بزانین و واز لە سەربەخۆیی و بیرۆكەی دەوڵەت بهێنین. با واز بێنین و كەسیش باسی نەكات. ئەو كات چیی ڕوو دەدات؟ دیموكراسی بەهێزتر دەبێ؟ هاووڵاتی دەوڵەمەند دەبێ؟ وڵات بە دامەزراوەیی دەبێ؟ یان نا هەر یەكەمان پەڕۆیەك هەڵدەگرین و كانتۆن و زۆن دروست دەكەین؟ با زیاتر تێكهەڵبدەین و ئابڕووی یەكتر ببەین. با هەر بە زەلیلی و پاشكۆیی بمێنینەوە. با پشت لە خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان و شەهید و پێشمەرگە بكەین. با هەر یەكەمان ببینە داردەستی دەستگایەكی هەواڵگریی ناوچەكە. با بچووك ببینەوە. با بگەڕێینەوە ساڵی 91. یان نا با ببینە بەشێك لە ململانێی شیعە و سووننە. با واز لە سەربەخۆیی بهێنین.




