٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نامەیەكی كراوە لە لاوێكی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ نەوشێروان مستەفا

سەرچاوە: KDP.info

هیوا كوردپوور

بەڕێز كاك نەوشێروان مستەفا، یەكەمجارە نووسینێكم بەبێ ''رێز و سڵاو'' دەست پێدەكەم! هۆكارەكەشی لای كەس روون نەبێ، لای جەنابت كە لە چوار دەیەی رابردوودا تا هەنوكە، كه‌ كەسێكی سیاسەتكار و سیاسەتوان بووی، زۆر روون و ئاشكرایە. چونكە خۆت باش دەزانی، ئەوەی لە كاروانی خەبات ماشیتەوە، بە دژایەتی و كۆنە رق و قینی ناڕەوا خەریكە بە دەم ئاوەوەی دەدەی!
لات سەیر نەبێ كە لە رۆژهەڵاتی تامەزرۆی پێشكەوتنەكانی باشووری وڵاتەكەمان، لەو كاتەوە كە لە پێناوی خۆفەرزكردن و خۆسەپاندن و وەرگرتنی هەندێك ئیمتیازی وەك بوون بە گوندەبەگ و رێكخەر و... تاد، سەروەریی مام جەلالت خستە ژێر پێ و لە گردەكەی ژێر سێبەریدا خۆت مڵاس دا و، بوویتە كارگەردان و سیناریۆی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی یەكڕیزیی كوردت نووسیوە و، كۆنە ئیسلامییە توندڕۆكانت لە خۆت خڕ كردەوە و دواجار بە كلاوات، كراوات، یان بۆیینباخت لە مل كردن و، بۆ گێچەڵ پێفرۆشتن رەوانەی ناو پەرلەمانی كوردستانت كردن؛ ئیتر نەوشێروان مستەفا لە رۆژهەڵاتی كوردستانی داگیركراو، بە ''مامە نەوەی، كاكە و مامەكوژ'' ناو دەبەن!! ئەو (كاكە و مامە)یەی كە كاتێك بوون بە سەرۆكی كوردستان و عێراقی نوێ، كوردی رۆژهەڵات رژانە سەر شەقام و لە خۆشیان شیرینییان دەبەشییەوە و پارەی كاشیان بە سەر رەشبەڵەكی هەڵپەڕكێدا هەڵدەدا و، سڵیان لە داربەدەست و جەلادەكانی سەركوتكاری رژێمی ئاخووندی نەكردەوە!
كەس گومانی لەوە نەبوو كە نەوشێروان مستەفا لە رابردووی بزاڤی رزگاریخوازی كورددا، لە بەرامبەر دوژمنی بەعسی، رۆڵ و پێگە و جێگەی شایستە هەبوو، بەڵام بە هەمان بارتەقا و بگرە زیاتریش لە ئێستادا، بە ئەندازیاری خوڵقاندنی تەنگوچەڵەمەت دەناسین. زۆر باش دەزانین قاسم سلێمانی چۆن پشتیوانی كاناڵە ئاسمانییەكانی سێبەری جەنابتانی كردووە، تەنیا لەپێناوی ئەوەی كە سەربەخۆیی كورد لە سەردەستی سەرۆكی كوردستان نەخرێتە گشتپرسییەوە!!
ئەو كاكە و مامەیە كە لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دوای یەكگرتنیان خۆشەویستتر بوون، بە فیتی جەنابتان خەریكە هەوڵی لاوازكردنیان دەدرێ. مەسعوود بارزانی ئەوندەی باجی بە تۆی شەڕفرۆش داوە، بۆ ئەوەی شەڕی كوردكوژی و خۆكوژی نەكرێتەوە، ئەوەندە باجی بۆ راگەیاندنی راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنووسین بدایە، ئێستا كۆمەڵگەی جیهانی لە بەرامبەر ئەمری واقیعدا، ددانی بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا دەنا.
نازانم تا كەی تۆ كۆمۆنیست و ئیسلامییە توندڕۆكانی هاوپەیمانت، دەتانەوێ خەڵك چەواشە بكەن. لاباڵێك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانتان فه‌له‌ج كرد، گرووپۆكەكەی ''كۆمەڵی ئیسلامی'' و ئەمیرەكەی و سۆران عومەری سەربڕی پێشمەرگە، كە پاشماوەی ئەنسارولئیسلامن لە خوڵامییەوە كردتن بە برابەش، تەنیا لەبەر ئەوەی لە دژی بەرژەوەندیی باڵای نیشتماندا، پشت و پەنا و پشتیوان و داردەستت بن!
ماوەی چەند مانگە میللەتتان سەرقاڵ كردووە و ڕای گشتیتان شێواندووە، ئاستەنگتان لە بەردەم پرۆسەی پەرەپێدان و پێشكەوتنی باشووری وڵاتدا دروست كردووە. ناخی گەنجانتان وه‌ها كلۆر كردووە، بەشێكیان خۆشەویستیی نیشتمانیان بە تاقەوە ناوە و، كۆچڕەوێكی گەنجان بەرەو دەرەوی وڵات بە دی دەكرێ.
دەك شەرمەزاری گەنج و لاوی پێشمەرگە بن، كە لە سەنگەرەكان خوێن و عاره‌قەیان تێكەڵ بە یەكتر بووە و، بەبێ گوێدان بە ئایدیۆلۆژیای حزبی، وەحشەكانی داعش رادەماڵن و لە خاكی كوردان دووریان دەخەنەوە.
ڕۆڵە قارەمانەكانی ئەم میللەتە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی تاریكپەرستاندا، گیانی پاكیان دەكەنە قەڵغان و خۆیان لە پێناوی پاراستنی وڵات و رۆژهەڵاتی سەربەستیدا قوربانی دەكەن، كەچی تۆی گۆڕانخواز!!!! دەسەڵاتی قامچی وەشێنەكانی ئەنسارولئیسلام بەو فەرشە سوورە ناگۆڕیتەوە، كە جیهان بۆ سەرۆكی كورد و كوردستانی رادەخات!
دە بۆ ساتێكیش بووە جوامێر بە و پێم بڵێ: ئەو تەنگژەیەتان لەپێناو چیدا خوڵقاندوو؟ بۆچی وەك دووپشك ئەوەی باسی كوردستان و سەربەخۆبوونی بكات، دەیچزێنن؟ ئەوە كوشتنی ئیرادەی گەل و سیاسەتێكی ڕواڵەتكاری هەڵخەلەتێنەرانەیە و دڵنیا بن ئیرادەی گەل، پاشەكشێى قورستان پێدەكا!!!

هەواڵی پەیوەندیدار