٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پاشەكشێ لە فەوزا

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژنامه‌نووسێك

ئەو تەنگوچەڵەمەیەی بە دیاریكراوی و بە سەركردایەتیی نەوشیروان مستەفا دروست كراوە، بە داخەوە لاباڵێك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامییش (تحت طلب) ئامادە بوون بۆ هەر شتێك لە دژی بەرژەوەندیی باڵای نیشتماندا بێت.
سێ مانگە میللەتتان سەرقاڵ كرد و ئازارێكی لە ڕادەبەدەرتان دان، ڕای گشتیتان شێواند، ئاستەنگتان لە بەردەم پرۆسەی پەرەپێدان و پێشكەوتنی سیاسیدا دروست كرد. لەگەڵ ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لە ناوچەكەدا هەیە، تا بۆتان كرا ناخی گەنجانتان كلۆر كرد و دژی نیشتیمان و بۆ جێهێشتنی وڵات هانتاندان. لە حاڵێكدا ئەو كۆچڕەوە فراوانەی لە ناوچەكەدا دەستی پێكردووە هەر لە وڵاتی ئێمەدا نییە و، بوعدێكی فراوانتری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەیە، چونكە كەمترین ڕێژەی خەڵكی کۆچبەر لە كوردستانەوە دەڕۆن، لە كاتێكدا ڕۆڵە قارەمانەكانی ئەو میللەتە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی دوژمندا گیانی خۆیان دەكەنە قوربانیی پاراستنی وڵات، ئێوەیش خەریكی خوڵقاندنی قەیران و شێواندنی هۆشیاریی كۆمەڵگەی كوردستان بوون و، باری خەڵكتان قورستر كرد.
ئێستا ئەگەر بخرێنە بەر حیساباتی وردی خەڵك و، لێتان بپرسن ئەو تەنگژەیەتان لە پێناو چیدا خوڵقاند؟ بێگومان هیچ وەڵامێكتان پێ نییە.
لە ڕاستیدا، وڵاتێك كە سەربەخۆیی نەبێت و، میللەتێك كە بیەوێت سەربەخۆ بێت، هیچ كەسێك داوایان لێ ناكات ئەو تاكە سەرۆكەیان كە دەتوانێ ڕێبەرایەتییان بكات، بگۆڕن! ئاخر ئەوە كوشتنی ئیرادەی گەل و سیاسەتێكی ڕواڵەتكاریی هەڵخەڵەتێنەرانەی عەوامە و بەس.
ئێستا، كە نەوشیروان و هاوپەیمانەكانی مەجبورن پاشەكشێ بكەن، ناچارن سەر بۆ ئیرادەی ڕاستگۆیانەی میللەتەكەمان نەوی بكەن، مەجبورن بكەونە نێو پرۆسەیەكی وه‌ها كە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵاتدا بێت. دەبێ واز لەو هاشوهوشە ئیعلامییە بێزاركەر و سەرقاڵكردنە بێتامەی خەڵك بێنن، تا هەموومان خەریكی بەرگری و ئیدارەدانێكی باشی وڵات بین و، لە پێناوی تەواوكردنی پرۆسەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، دەبێ پشتیوانی سەرۆك بارزانی بین. ئێستا، كە مەجبورن ئەوە بكەن، پێویستە هەر هاووڵاتییەكی كوردستان لێیان بپرسێ؟ بۆ واتان كرد؟ كێیە پێتان دەڵێ ئیدی بەربەستەكانتان لەسەر ڕێی پێشخستنی وڵات لابەرن؟ ئایە ئیرادەی نیشتمانیتانە؟ یان فەرمانتان پێكرابوو؟ كە پاشەكشێ لەو فەوزایە بكەن كە كردووتانە!؟ 

هەواڵی پەیوەندیدار