٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کۆچی گەنجان

سەرچاوە: KDP.info

*حوسێن کوردنەژاد

ئەسڵێکی گشتی هەیە و بریتییە لەوه‌ی، کە هەر گرفتێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤی ئەگەر لێی تێنەگەین، ناتوانین چارەیشی بکەین. ئەگەر ئەم ئەسڵەمان قبووڵ بێ، ئەودەم پرسیار دەکەین: کێ دەبێ لەم گرفتە کە ئێستا وا دیارە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە، تێبگات؟
یەکەم: کەسانی نۆخبەی وڵات کە لە سەر بیری گشتیی کۆمەڵگادا، كاریه‌گه‌رییان هه‌یه‌.
دووه‌م: سیاسەتی رەسمی و بەرپرسانی راستەوخۆی ئیدارەی وڵات.
سێیەم: گەنجانی وڵات.

نۆخبە دەبێ چ بزانێ و چ بە کۆمەڵگا بڵێت؟
1- دیاردەی کۆچ دیاردەیەکی جیهانی و مێژووییە و، لە زۆربەی وڵاتانی بە تایبەت رۆژئاوادا چەندین ناوەندی لێکۆڵینەوە، کار و پسپۆرییان بریتییە لە تێگەیشتن لە هۆکارەکان و جۆری جیاوازی کۆچ. کەوابوو ئەم دیاردەیە تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەت.
2- کۆچی گەنج بەرهەمی بارودۆخێکی ستراکچراڵ – بنەمایی – پێکهاتەیی گەشەی مێژوویی کۆمەڵگای کوردییە.
3- ئەم کۆچە ستراکچراڵە لە قۆناخی یەکەمدا لە گوند و لادێڕا بەرەو شارەکان بووە، بە تایبەت لە دوای سالی 2003ەوە، رەوتی -ئوربانیزاسیۆن- بە شاریبوونی کۆمەڵگه‌ی کوردی.
4- لە قۆناخی دووەمدا، ئەم کۆچە لەبەر ئەمە کە شارەکان ناتوانن کار و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو گەنجانە دابین بکەن، رووی ئەم کۆچە  لە دەرەوەی وڵاتە.
5- چارەسەریی ئەم پرسە کاتی پێویستە و، تەنیا و تەنیا بە هاوکاریی سیاسەت، گەنج، کەرتی تایبەت و گشتی و نۆخبە قابیلی چارەسەرە.
6- لە بەرپرس لە بەرانبەر ئەم دیاردەیە و چارەکردنی هەموو لایەنەکانن بە خودی گەنجانیشەوە و، هیچ لایەنێک نابێ خۆی لەم ئەرکە بێبەری بکات و، هیچ تاکە لایەنێکیش بە تەنیا بەرپرسی چارەسەریی ئەم گرفتە نییە.
7- بۆیە دیالۆگی رێکخراو و سازدرا و لە نێوان هەموو كاره‌كته‌ره‌كاندا، دەتوانێ رێخۆشکەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی کۆنکرێتی، نەک موناقه‌شاتی پۆپۆلیستی و خەڵک ورووژاندن.

بەرێوەبەرانی سیاسەت و ئیدارەی وڵات دەبێ چ بزانن؟
1- ئەم گرفتە ستراکچراڵ و مێژووییە و پرسێکە، کە سیاسەت ناتوانێ خۆی لێ لادات؛ دەبێ رووبەرووی ببێتەوە و هەوڵی چارەسەری بدات و هێز و توانای تەرخان بکات.
2- ئەم پرسە تەنیا بە حکوومەت چارەسەر نابێ و دەبێ هاوپەیمانیێکی فراوانی کۆمەڵایەتی و ئیداری بۆ ساز بدرێ و، حکوومەت لایەنێکی کاریگەر بێ لەم پرۆسەیەدا.
3- بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت دەبێ خۆی حازر بکات و رێخۆشکەر بێت بۆ دامەزراندنی بیروکراسیێکی تایبەت بەم پرسە و، بەڕێوەبردنی پرۆسەی دیالۆگ و هاوکاریی لایەنەکان.

گەنجان دەبێ چ بزانن و چ بکەن؟
1- گەنجان دەبێ ئاگاداری خاڵەکانی سەرەوە بن.
2- گەنجان دەبێ هەوڵ بدەن خاوەن ستراتێژی تاکەکەسیی خۆیان بن.
3- گەنجان دەبێ بزانن کە ئەم پرسە چارەسەریی هەرزانی نییە و، پشتکردن لە وڵات رێگەچارە نییە و، بە کار و ئه‌ركی تێکڕا و پێکڕای لایەنەکان، دەتوانین هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن.
بۆیە ئەگەر بێت و بیرۆکراسیێکی تایبەت بۆ رێکخستنی دیالۆگ لە نێوان گشت لایەن و سوودمەندانی ئەم پرسەدا، لە فۆرمی نەک ئیدارەیەکی پان و بەرینی حکوومی تر، بەڵکو لە فۆرمی تاسک فۆرسدا دابمەزرێ، دەتوانین هیوامان هەبێ کە هەنگاوی گەورەی مێژوویی بەرەوپێش هەڵبێنین. زۆر ولاتان توانیویانە ئەم پرسە لە پرۆسەی گەشەی خۆیاندا بە سەرکەوتوویی چارە بکەن، ئێمەش دەتوانین.

*بەرێوەبەری پرۆگرامی لێکۆڵینەوەی ئابووریی
ئەنیستیتۆی تۆێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار