٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ، بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولن

سەرچاوە: KDP.info

سەربەست لەزگین
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، شۆڕشێكی نەتەوەیی بوو، بۆ جاری یەكەم لە مێژووی نەتەوەی كورددا، پارتیی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی (بارزانی نەمر) كۆمەڵگەی كوردی بە هەموو پێكهاتەكانەوە هەر لە زاخۆوە تا خانەقین كۆ كردەوە، هەروەها بۆ یەكەم جار لە مێژوودا نەتەوەی كورد توانی ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا واژۆ بكات، ئەویش ڕێككەوتنی 11ـی ئازار بوو كە ددانی بە مافەكانی كورددا نا، كە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو، تا ئێستایش گەلی كورد شانازیی پێوە دەكات، هەر لەبەر ئەمەیش شۆڕشی ئەیلوول، قوتابخانەیەكی هزریی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو، كە هەموو ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست هاتوون، زادەی ئەو شۆڕشە مەزنەن.
شۆڕشی ئەیلوول، لە رووی دیپلۆماسییەوە سەركەوتوو بوو، چونكە لەو شۆڕشەدا دۆزی كورد چووە پێشەوە، هەروەها قوتابخانەیەكی نەتەوەییش بوو، هەر لەبەر ئەمەیش حكوومەتی داگیركەر لە بەغدا ناچار بوو دانوستان لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕشدا بكات و ددان بە مافەكانی كورددا بنێت، لەگەڵ ئەوەیشدا سەركردایەتیی شۆڕش پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەبوو، بە تایبەتی یەكێتیی سۆڤیێت، هەروەها نوێنەریشی لە چەند وڵاتێكی ئەورووپادا هەبوو، بۆ ئەوەی دەنگی میللەتی كورد بە جیهان بگەیێنێت، كە توانی وڵاتانی جیهان بێنێتە دەنگ و بووە بنەمایەك بۆ هەنگاوەكانی دیكەی ئاساییشی نەتەوەیی كە لە داهاتوودا كاری لەسەر كرا.
شۆڕشی ئەیلوول كە لە ژێر یەك ڕێباز و یەك ڕێبەر لە زاخۆوە تا خانەقین هەڵگیرسا، شۆڕشێكی سەرتاسەری بوو، نەك شۆڕێكی ناوچەیی، چونكە شۆڕشەكانی دیكە هەمووی ناوچەیی بوون و لە سنووری ناوچەكەی خۆیان تێپەڕیان نەكردووە، هەرچی شۆڕشی ئەیلوول بوو جیاواز بوو لە شۆڕشەكانی دیكە، شۆڕشی هەموو گەلی كوردستان بوو، هی یەك حزب و یەك لایەن نەبوو، بەڵام شەڕەفی سەركردایەتیی ئەو شۆڕشە بەر پارتی كەوت بە سەرۆكایەتیی (بارزانی نەمر)، خەڵكی زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەشدارییان لەو شۆڕشەدا كرد، كە وای لە تاكەكانی كورد كرد ئیرادەیان بەهێز بێت و لە هەوڵدا بن بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد و ڕزگاركردنی كوردستان، بۆیە ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست هاتوون، بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، بەڵكە بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكە هاتوونەتە كایەوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار