سۆران عومەر و رێزگرتن لە پێشەوا كوجا مەرحەبا!

هیوا كوردپوور
دڵبریندارانی دەستی داعشەكانی حوكمڕانیی سنووری هەورامان و هەڵەبجەی دوای راپەڕین لە باشووری كوردستان، ژمارەیان كەم نین. ردێن داعشییەكانی قامچیوەشێنی ناو گۆڕەپانەكانی هەڵەبجەی ئەوكات، پێشمەرگە و وڵاتپارێزی رۆژهەڵاتی كوردستانیان لە سەر خوانی میوانداری قۆڵبەست دەكرد و، دواتر لە ناو "فەردە" دوودەستی پێشكەشی جەلادەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دەكردن! ئەو بەناو شوێنكەوتووانەی مەزهەبی سوننە، لەژێر ناوی "ئەنسارولئیسلام"دا، بەردەوام سەریان بە ئاخوڕی بكوژانی كورد و نەیارانی كوردستاندا دەكرد و، شیعەی حوكمڕانی ئێرانیان بە مەرجەع و موفتی خۆیان دادەنا، هەر بە فیتی ئەو فهتوادەرانەش گەلێك سینگی هاووڵاتی كوردی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردە نیشانەی چەكەكانیان و، خۆیان كردبووە خواوەندی پەلەپیتكە و، حەدیسی ساختەیان بۆ كوردكوژی دادەتاشی.
"سۆران عومەر" دەستپەروەردەی ئەو ئایدیا چەپەڵەیە كە بە داخەوە بە بیانووی فرەڕەنگی و حكوومەتی بنكەفراوان، ئاسانكاری بۆ حزبەكەی كرا، تا "سۆران عومەر" لە باشووری كوردستانی بەخوێنگەوزاوی شەهیدانی رزگاریخوازدا بگاتە ناو پەرلەمان و، كوڵنگە رقاوییەكی لە بناغە و بونیادی دەسەڵاتی خۆماڵی بدات و قەشمەری بە ئاڵای كوردستان و سووكایەتی بە سرووی نەتەوەیی ئەی رەقیب بكا. ئەو تیرۆریستە پاشەڵشڕە هێندە رووقایمە، وێنەیەكی خۆی لە دیواری فەیسبووكەكەی داوە كە پێشەوای كوردان - قازی محەممەد – لە پشت سەریەتی!!
خەڵك بە گێل و كاڵفام زانین و یاریكردنی بە هەست و سۆزی نەتەوەییان لە پێناوی وەرگرتنی ئیمتیازات، تایبەتمەندیی كەسانی هەلپەرست و چەواشەكارە. بێگومان ئەو جۆرە دیماگوژی و فریوكارییانەش تا سەر نابێ و ئیرادەی گەل، ئەو دمامكەیان لە رووی زۆر كەسی گەورەتر لە "سۆران عومەر" داماڵیوە. ئەو بەناو نوێنەرەی خەڵك لە پەرلەمانی كوردستان، خۆی بە دەستی خۆی نیقابەكەی لاداوە و ئەوەی پێشەوا قازی محەممەد بڕوای پێی بووە، ژێر پێی ناوە و لە تەنیشت پێشەوای كوردانیشدا وێنە دەگرێ!!
سۆرانی كۆنەتیرۆریست و تازە گۆڕانخواز و روو قایم، پێویستە ئەوە بزانێ، لێبوردەیی گەل شموولی خائینەكانی پاشەڵپیس ناكا كە هەردەم هەوڵی تێكدانی یەكڕیزیی نیشتمانی دەدەن، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە دەستكەوتەكانی كورد لە بەردەم هەڕەشە و تەحەدییەكاندایە. دەبێت ئەوەش بزانێت كە كوردانی وڵاتپارێز هەرگیز ئەو كارنامە رەشەیان لە بیر ناچێ، كە سۆران عومهر و هاوتاكانی چاوساغی شوێنكەوتووانی زەرقاوی بوون بۆ ئەوەی مۆڵگەی سەربڕینی كوردان لە بیارە دابمەزرێنن. ئەو تاوانانەی داعشییەكانی ئەبوبەكر بەغدایی لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن، لە مۆڵگەكانی تاوانكاری و تاوانباریی سۆران و مامۆستاكانییەوە كۆپییان كردووە. ئەو دیمەنە قیزەونەی سەربڕینی پێشمەرگە -بە دەنگ و رەنگەوە- لە بەر دەستی هەموو كوردێكدایە، كە سۆران بە سەری بڕاوی پێشمەرگەیەك پێدەكەنی و گەشكە دایدەگرێ كاتێك كارەساتی سەربڕینی شەھیدانی خێڵی حەمە دەگێڕیتەوە! دەیان گرتە ڤیدیۆیی هەن كە تێیدا سۆران و هاوتاكانی بۆ گەردنی رۆڵەی كورد، چەقۆ لە هەسان دەسوون و سەری بێتاوانەكانی پێدەبڕن. سۆران و ئەنسارولئیسلامەكانی هاوتای مەزارە پیرۆزەكانی شێخانی بیارە و تەوێڵەیان ھەڵتەكاند. ئەو باروبنەیە لە پێناو گەیشتن بە پلە و پایە، بە جاران رۆڵەی كوردیان كردووەتە سووتەمەنی و بێگومان ئیرادەی گەل لەو تاوانبارانە خۆش نابێ و لێیان دەپێچێتەوە .
گەلی كورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی، سۆران و هاوتا تاوانبار و تاوانكارەكانی زۆر باش دەناسن، بۆیە نەك وێنەگرتن لە تەنیشت پێشەوای كوردان، بگرە كراسی پێغەمبەری موسڵمانانیش لەبەر بكەن، باوەڕیان پێناكەن.




