پاساوی پێناوێ، تۆ تیرۆریست و سەربڕی

پشوودرێژی و سەرفی نەزەر لەپێناو بەرژەوەندیی کوردستان، تیرۆریستێکی وەک سۆران عومەری گەیاندە ئەو ئاستە لە بێباکی، کە ئینکاری بەڵگە حاشاھەڵنەگرەکان و پاشخانە تیرۆریستییەکەی بکات و، ئەوەندە رووی قایم بێت، نەک ھەر پێی وابێت دەتوانێ شانی خۆی لەو پاشخانە قێزەونە بتەکێنێ، بەڵکو بێشەرمانە تۆمەتیش ببەشێتەوە.
پشوودرێژی و لێبوردەیی بۆ ئەوە بوو، یەکڕیزیی نیشتمانی لەبەردەم ھەڕەشە و تەحەدییەکاندا درزی تێنەکەوێت و، سۆران عومەر و ئەمسالی لەو پەیامە تێبگەن، نەک بۆ ئەوەی فێرە تەحەددی بن. بۆ ئەوە بوو کوردستان وەک ھەورامانی سەردەمی ئەنسارولئیسلام نەکەوێتە دەستی تیرۆریستان و، مامۆستا و مەرجەعەکانی سۆران نەبنە سەردار و بکوژ و ببڕی ماڵی کورد.
دەنا سۆران عومەر تۆ نەک ھەر تیرۆریستی، بەڵکە سەربڕیشی، تۆ شاگردی زەرقاویت؛ کاتێ زەرقاوی مۆڵگەی سەربڕینی لە بیارە دامەزراند، تۆ و مامۆستاکەت، خانەخوێ و میواندار و رێنیشاندەر و کۆڵوانەسوور و چاوساغی بوویت، ئەو زەرقاوییەی مامۆستای ئەبوبەکری بەغدایی و سەربڕەکانی داعشە، تۆ و ئەمسالی تۆ، رێی کوردستانتان نیشان دا.
کێ بێ، وێنەکانی تۆی نەدیبێ، کێ تۆماری دەنگیی وتەکانی تۆی نەبیستووە کاتێ خەمساردانە بە سەری بڕاوی پێشمەرگە پێدەکەنی و، بە لاقرتێوە کارەساتی سەربڕینی شەھیدانی خێڵی حەمە دەگێڕیتەوە!! یەکەمین سەری بڕا و تۆ و مامۆستاکەت و زەرقاوی داتانھێنا، ئەو داعشانەی ئێستا لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا چەقۆ بە ملی بێتاواناندا دێنن، لە ئێوە ئیلھامیان وەرگرت و، خەڵکی وەک تۆ رەچەشکێنیان بوون.
ئەوانەی لە مەھزەلەکەی بەردەرکی سەرادا کرانە قوربانی، خوێنیان لە ئەستۆی تۆ و ئەمسالی تۆیە، ئەوانە قوربانی و فریوخواردووی دەستی ئێوە و ئەو فەوزایە بوون، کە لەپێناو گەیشتن بە پلە و پایە، منداڵی خەڵکتان تێدا کردە سووتەمەنی، ئەو منداڵانەی ئێستا گەورە بوون و، بە دەنگی بەرز پێتان دەڵێن: ئەمجارە کراسی پێغەمبەریش لەبەر کەن باوەڕتان پێناکەین.
سۆران عومەر دەبێ لەوە تێبگات، ئەم وڵاتە بێ ساحێب نییە، بە سەد ساڵ خوێن و خەبات و قوربانی بە دەست ھاتووە، مەحاڵە رێگە بدرێت بکەوێتە دەستی خوێناوی سەربڕ و تیرۆریستانهوه. راستە گەلی ئێمە سەربڕ نییە و ھاوئەخلاقی ئێوە نییە، بەڵام بە یاسا و بە پشتی خەمخۆرانی وڵات، ئەو چاوانەت دەردێنێ کە بەم وڵاتە ھەڵنایە.
مەحاڵە چیتر رێگە بدرێت وەک چۆن مەزارە پیرۆزەکانی شیخانی بیارە و تەوێڵەتان ھەڵتەکاند، ئەوھا پایەکانی پەرلەمانی کوردستان ھەڵتەکێنن، ئەو پەرلەمانەی بە ناو خوێن و ئازاردا تا ئێرەمان گوازتەوە و، ئێستا تیرۆریستی وەک تۆ بیەوێت بیکاتە سەکۆی گاڵتەجاڕی و مەھزەلەکەی بەردەرکی سەرا.
پەرلەمان بە خوێنی ئەو شەھیدانە ھاتە دی، کە بە دەم گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیبەوە گیانیان فیدای کوردستان کرد، دەبێ تۆی تیرۆریست و دژەکورد و سەرۆکەکەت، باجی گرانی ئەو سوکایەتییە بدەن کە لە پەرلەمانی شەھیداندا بە ئەی رەقیبتان کرد. ئەوە سوکایەتی بوو بە کورد و کوردستان و سەد ساڵ خەبات و سەدانھەزار شەھید و قوربانی.
بەڵێ تۆ نەک ھەر تیرۆریست و سەربڕی، یەکەم تیرۆریست بووی کە بە سەری بڕاوی پێشمەرگە پێکەنیت، وجودی تۆ و ئەمسالی تۆ لە پەرلەمانی پێشمەرگەدا ھەڵەیەکی پڕ لە شەرمەزارییە، دەبێ بۆ ئاشتکردنەوەی دڵی رەنجاوی شەھیدانی سەربڕاوی خێڵی حەمە، ئەو ھەڵەیە راست بکرێتەوە.




