٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بگەڕێنەوە بۆ 18ـی 5

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا
ڕووداوێكی سیاسیی یەكجار گرینگ هەیە، كە وردەكارییەكانی بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون نەكراوەتە. ڕووداوەكە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان  لە 18ـی 5ـی 2015ـە. سەرۆكی پارلەمان و جێگری حكوومەت و وەزیری پێشمەرگە و سكرتێر و نوێنەرە باڵاكانی هەر پێنج حزبەكە و لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
لەم كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك ئەنجامەكانی سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات ئاشكرا كرد و، بە دوورودرێژی قسە لەبارەی هەلومەرجی بابەتیی سەربەخۆیی كرا. كۆبوونەوەكە زۆر مێژوویی بوو و، بەشداربووان بە حەماس و جۆش و خرۆشەوە لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن. گرینگترینیان پێكهێنانی ژووری عەملیاتی سەربەخۆیی بوو. بەپێی سەرچاوەكانی ناو كۆبوونەوەكە، ئەركی ژوورەكە گرانبەها و بێوێنە بوو. لە یەككاتدا بۆی هەبووە بڕیار لەسەر سیستەمی سیاسی و سەرگرتنی سەربەخۆیی بدات.
ژوورەكە چەند ئەركێكی پێسپێردرا كە بریتی بوون لە، كاركردن بۆ ئامادەكردنی ڕای گشتی بۆ سەربەخۆیی و یارمەتیدانی پارلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ڕێكخستنی ڕیفراندۆم. ئەركێكی دیكەی یەكخستنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی بوو لە شەڕی داعش و، دیاریكردن و جێگیركردنی سنووری كوردستان. هەروەها پێكهێنانی شاندی دانوساندكار بۆ ئەوەی بە شێوازێكی سەردەمیانە بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ جیهان و دەوروبەر لەسەر ویستی كوردستان بۆ سەربەخۆیی. ئەركێكی دیكەی ژوورەكە بریتی بوو لە، دابینكردنی موستەلزەماتی ئابووریی سەربەخۆیی و یارمەتیدانی حكوومەت بۆ دابینكردنی شاییستە داراییەكانی هەرێم و باشتركردنی باری ژیانی خەڵك. ژوورەكە ئەركێكی گرینگی دیكەیشی پێسپێردرا كە هەموو ئەو گرفتە سیاسیانەی ئێستا لە ئارادان، چارەسەر دەكرا. ژوورەكە كە لە نوێنەری باڵای ئەحزاب و دامەزراوەكانی هەرێم پێك دەهات، یارمەتیی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری دەدا بۆ ئەوەی لەسەر سیستەمی سیاسی و ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك، ڕێكبكەون.
بڕیار درا، لەماوەی یەك حەفتەدا ئەم ژوورە دەستبەكار بێت، بەڵام نەك هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ ئەم مەبەستە نەنراوە، بەڵكو ڕێك بیستوشەش ڕۆژ دوای كۆبوونەوەكە كارێكی وا كرا كە سەدوهەشتا پلە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بوو كە حزبەكان لە كۆبوونەوەكە دایان. لە ژووری عەملیاتی سەربەخۆییدا، قسە لەسەر كۆی كێشەكان دەكرا و بە كۆدەنگییەكی نیشتیمانی هەموو ئەو بابەتانەی ئێستا جێگەی نیقاشن، چارەسەر دەكرا. حزبەكان پشتیان لەو بەڵێنە نیشتیمانییە بەهادارە كرد و ڕێگەیەكی هەڵەیان گرتەبەر. ڕێگەیەك كە بەرەو لێكترازان و مەجهولمان دەبات و، هەرچی لە ماوەی سەد ساڵ بە خوێن و فرمێسك كۆ كراوەتەوە بەر با دەدات.
بە دڵنیاییەوە لە ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆییدا، لایەنەكان دەیانتوانی نیگەرانییەكانیان لەبارەی سیستەمی سیاسی بە شێوەیەكی زۆر گونجاو چارەسەر بكەن و، پارتییش تەنیا خاوەنی یەك دەنگ بوو و نەیدەتوانی گرفت بۆ داواكارییەكانیان دروست بكات و، ئەگەر سەربەخۆیی سەری گرتبا، ڕەنگە پارتی بە هەموو داواكارییەكانیان ڕازیبا. چونكە پارتی سەرۆكایەتی وەك وەسیلەیەك سەیر دەكات بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی.
حزبەكان بۆچی پشتیان لە ژوورەكە كرد؟ دۆزینەوەی وەڵامەكەی زۆر زەحمەت نییە. ڕەنگە ئەو قسەیە زۆر لەشوێن خۆی نەبێ كە حزبەكان بە كرێگیراوی دەرەوە و، دژ بە سەربەخۆیی بزانین. هۆكارەكە پتر لە ناپێگەییشتوویی سیاسی و حقد و ڕق بوو بەرانبەر بە پارتی. ئەوان وایان تەخمین كرد کە ئەگەر سەربەخۆیی سەر بگرێت، تەنانەت ئەگەر سیستەم ببێتە پارلەمانی و سەرۆكایەتییش نەمێنێت، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پارتی زۆرینەی دەنگەكان دەباتەوە، چونكە ئەجێنداكەی كە سەربەخۆییە، سەری گرتووە.
ئێستا ئەگەر حزبەكان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی 18ـی 5، ئەوا نە سەربەخۆیی دێتە دی و نە سیستەمی سیاسییش چارەسەر دەبێت. ڕەنگە پارتی هەست بكات لە 18ـی 5 بەهۆی تەسكبینیی حزبییەوە، ناپاكیی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە و مێژوو و پارتی كراوە، بۆیە ئەستەمە ئەمە لەبیر بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار