هه‌تا ئێوه نه‌هاتن كۆچ ده‌ستی پێ نه‌كرد!

هاودەنگ فارووق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به ڕووداوی گیانله‌ده‌ستدانی ئالان كوردی، ڕۆڵه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان له نووسینێكدا، ده‌یه‌وێت بازرگانی به مه‌رگی ئه‌و كۆرپه‌یه‌ی كۆبانێوە بكات و، مه‌رگی ئالان به (سیمبولی هه‌ڵاتن ناوزه‌د ده‌كات)، هه‌نگاوێكیش له‌وه زیاتر ده‌ڵێ: (هه‌ڵهاتنی ئێستای گه‌نجان و هاووڵاتیانی كورد، هه‌ڵهاتنه له شه‌ڕ و بێمووچه‌یی و نادادپه‌روه‌ری و كه‌میی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كار).
مایه‌ی سه‌رسوڕمانه سه‌رۆكی به‌رزترین ده‌زگای یاسادانانی كوردستان، ئه‌م ده‌سته‌واژه حزبیانە بۆ كۆچی خه‌ڵكی كورستان دابتاشێ و به هه‌ڵاتنی وه‌سف بكات! ئه‌و ده‌رده‌دڵه‌ی په‌رله‌مان، جۆرێكه له هاندانی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی خۆیان به جێ بهێڵن.
ئالان ڕۆڵه‌یه‌كی كوردی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا بووه، هه‌موو لایه‌كیش ئه‌و ڕاستییه‌یان لا ڕوونه كه به هۆی شه‌ڕی داعش و سیسته‌مێكی خۆسه‌پێنی كانتۆنگه‌ری، نه‌توانراوه ژیانێكی ئارام و باش بۆ منداڵێكیش ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی تا ئێستا یه‌ك ملیۆن كوردی ڕۆژئاوا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه، سه‌یر له‌وه‌دایه سه‌رۆكی په‌رله‌مان (نۆ) دێڕی نووسیوه، دوویان باسی (ئالان)ـه و ( حه‌وتیان) باسی هه‌رێمی كوردستانه، واتا له دێڕی دووه‌می په‌یامه‌كه‌یدا، خۆی له ڕۆژئاوا و مه‌رگی ئالان ده‌دزێته‌وه، ئه‌مه‌یه سیاسه‌تی چه‌واشه و خۆدزینه‌وه له ئه‌سڵی كێشه‌كان و ئه‌و ئاڵۆزییه سیاسییه‌ی كه هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانێ موسه‌بیبی ئه‌وه‌ل و ئه‌خیر ته‌نها بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه تا ئه‌وان به فێڵی، (چوار ساڵه ئارامه‌كه) نه‌هاتنه نێو ده‌سته‌ڵات، نه كێشه‌كانی خه‌ڵك هێنده كه‌ڵه‌كه بوون، نه بێئومێدییش باڵی به‌سه‌ر گه‌نجاندا كێشا!
له ڕاستیدا، ئه‌گه‌ر فرمێسكی تیمساحیانه، هه‌ڵقوڵاوی ناخ و فكری به‌ڕێز سەرۆکی پەرلەمان نه‌بوایه، ده‌بوو ئه‌و مه‌رگه‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه هێنده به سووكسه‌رنجدان ته‌ماشا نه‌كات و مه‌زنتر بیر بكاته‌وه و ڕاستگۆیانه‌یش ناخی بهه‌ژێ.
به ده‌گمه‌ن ڕوویداوه سه‌رۆك په‌رله‌مانێك له دنیادا هه‌بێ، وه‌ها بێبه‌زه‌ییانه نیشتمانی خۆی"به كه‌م" بگرێت و، گه‌نجان، كه گرینگ‌ترین سه‌رخان و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن، ڕه‌شبین و بێ‌ئومێد بكا، تا كوردستان چۆڵ بكه‌ن. له‌وه ده‌گمه‌نتریش ئه‌و چه‌واشه‌كارییە، له حاڵیكدا حزبه‌كه‌ی خۆی سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی ئه‌م هه‌موو فه‌وزا و قه‌یرانه‌یه، كه‌چی بۆ چه‌واشه‌كردنی عه‌وام ده‌یه‌وێت خۆڵ بكاته چاوی خه‌ڵكه‌وه.
ئه‌گه‌ر به ڕاستی ئه‌مانه كێشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن و بوونه‌ته باعیسی كۆچی خه‌ڵك، له كوێن پڕۆژه و پلانی حزبه‌كه‌ی به‌ڕێز یووسف، نێزیكه‌ی دووساڵه سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و گرینگ‌ترین جومگه‌ی ئه‌ساسیی حكوومه‌تی هه‌رێم له ده‌ست ئێوه‌دایه، كه‌چی هیچتان له ده‌ست نایه!؟ ئه‌گه‌ر گوفتارتان جۆڕێك ڕاستی و په‌رۆشیی تێدایه، ئیتر واز له دروستكردنی كێشه و قه‌یران له دوای قه‌یران بێنن و، هه‌موومان پێكه‌وه چاره‌یه‌كی ئه‌و دۆخه بكه‌ین، چاره‌سه‌ریش ته‌نها به‌وه ده‌كرێ، چیتر قه‌یران دروست نه‌كه‌ن، یارمه‌تیی پرۆسه‌ی سیاسی بده‌ن و، واز له گه‌رمكردنی بازاڕی دروشمبازی بێنن.! بۆیه هه‌تا ئێوه نه‌هاتبوونه نێو پرۆسه‌ی سیاسییەوە، ژیانی خه‌ڵك زۆر ئاسایی به‌ڕێوه ده‌چوو، به‌ڵام كه ئێوه هاتن هه‌موو شتێكتان تێكدا و به‌رده‌وامیشن له تێكدان! هه‌موو مه‌رامێكیشتان ماندووكردن و ناڕه‌حه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ی وڵات كه‌سی تیا نه‌مێنێت.
به‌داخه‌وه، ماوه‌یه‌كه په‌رله‌مانی كوردستان بووەته سه‌كۆیه‌ك بۆ نمایشی شانۆیه‌كی بێمه‌عنای سیاسی، كه جگه له دروستكردنی نائومێدی و هه‌نگاونان به‌ره‌و لێكترازان، هیچ ئومێدێكی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی لای خه‌ڵك نه‌هێشتووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌مانخاته به‌رده‌م چه‌ند پرسیارێك:
ئایا ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان، به سه‌رۆكایه‌تیی كاك یووسف موحه‌ممه‌د، كه هه‌ڵسووڕاوی گۆڕانه، توانیویه‌تی كام یه‌ك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مان، كه یاسادانان و، چاودێری و نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكه، جێبه‌جێ بكات؟
بۆیه به‌و حاڵه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به نه‌فه‌سی به‌حزبیكردنه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ها گرینگ، مه‌حاڵه په‌رله‌مان بتوانێ له ئه‌رکه ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی به‌رده‌وام بێت!؟




